۳.۹.۸۹

سێ شێعر


هێڵی ته‌ریب 

 ئه‌گه‌ر بڕژێمه‌ ناوت
زگت پڕ ده‌که‌م به‌ ئه‌ستێره‌یه‌ک
پێی هیچ خۆلیایه‌کی به‌ خۆوه‌ نه‌بینیبێ تا ئێستا

ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕی به‌ ناومدا
ئااای که‌ چیها کۆتایی ناگوورێته‌وه‌ له‌ سه‌رڕا

تۆ ره‌وتێکی شان به‌شانم
هێڵێکی ته‌ریبی هه‌تا قه‌ت.. قه‌ت


 سێــــــــــــــو

 هانێ بێخۆ..!
ئه‌مه‌ حیکمه‌تی مانه‌

گوێ مه‌ده‌ به‌ ئه‌فسانه‌کانی به‌رێ
ئه‌مه‌ ورووژمی تێپه‌ڕینه‌ تا ئه‌وپه‌ڕ
ئه‌مه‌ تخێڵی ئۆخژنه‌ هه‌تا کوفر



$ 1

تۆ ده‌ریامی و
من له‌ هه‌ناوی ته‌وژمتدا
ماڵێکم هه‌یه‌..

ماڵێکی ڕه‌نگاوڕه‌نگ !
  ماڵێکی کاغه‌زی !
20-12-88


* ره‌سووڵ سۆفی سوڵتانی

۲۶.۸.۸۹

چیرۆکێکی کارلۆس فۆئینتێس


 سڕینه‌وه‌ی په‌ڵه‌ی شه‌رم
  نووسینی:فۆئینێتس
  و:ره‌سووڵ سۆفی سوڵتانی
کرێکاره‌ قه‌دیمیه‌که‌ غیره‌تی هێنایه‌ به‌ر خۆی و کوتی:"هه‌ندێک دره‌نگ بووه‌ .گوێت لێ نیه‌ که‌ڵه‌بابی به‌یانی ده‌خوێنێ.ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ شه‌و دره‌نگ بوه‌. ناچیه‌وه‌ ماڵێ پشوویه‌ک بده‌ی؟کار نیه‌ جێبه‌جێ نه‌بێ.پیره‌ پیاوێکم دنیام دیوه‌،نسحه‌ته‌که‌م له‌ گوێ بگره‌.بۆ ناچیه‌وه‌ ماڵێ بابه‌که‌م.؟"
چه‌کداره‌که‌ له‌ کاتێکدا ‌ تیرباره‌که‌ی له‌ ده‌ستیدا‌ رێک ئه‌گوشی و له‌ سه‌ر کورسی قوتابخانه‌که‌ دانیشتبوو و هه‌شت خه‌شابی پڕی به‌ فانووسقه‌که‌یه‌وه‌ هه‌ڵواسیبوو،نه‌ڕاندی:"نه‌خێر ناڕۆم، هیچ کارێکیشم نیه‌!"
کورسیه‌که‌ی پاڵ وه‌دیواردابوو.ئاته‌گی کراسه‌ گنجاویه‌که‌ی له‌ شاڵواره‌که‌ی هاتبووه‌ ده‌رێ.له‌ سوێی خه‌و چاوی بۆ هه‌ڵنه‌ده‌هات.
کوتی:"کوتم هیچ ناکه‌ین .له‌و ماڵه‌دا خه‌و ناچێته‌ چاوی هیچ که‌سێکیشه‌وه‌ تا ئه‌و په‌ڵه‌ی شووره‌ییه‌ نه‌سڕدرێته‌وه‌. ده‌بێ جوان جوان بسڕدرێته‌وه‌.وه‌ها بسڕدرێته‌وه‌ ترووسکه‌ ترووسکی بێ‌."
پیره‌ پیاوه‌که‌ دیسان هه‌وڵی خۆی ده‌گه‌ڵ داوه‌ :"چۆنی خاوێن ده‌که‌یه‌وه‌ ئێستاکه‌ که‌ی وه‌ختی ئه‌وه‌یه‌،چاو لێکه‌ بزانه‌ چه‌ند دره‌نگه‌."
-"بێده‌نگ به‌ پیری هۆققه‌ باز!له‌و دنیایه‌دا خۆدا له‌ تۆ پیستری درووست نه‌کردوه‌!ده‌ڵه‌ی چۆنی خاوێن ده‌که‌مه‌وه‌!؟ئێستاکه‌ نازانم. هێشتا لێکم نه‌داوه‌ته‌وه‌.به‌ڵام پێت ده‌ڵێم چۆن!شتێک له‌ دڵم دایه‌ پێم ده‌ڵێ زۆر پێس تۆڵه‌ی ئه‌م کاره‌ی لێ بکه‌مه‌وه‌.زۆر به‌ توندی ،له‌ وه‌ زیاتر چاره‌یه‌کی ترم نیه‌.تۆ ئه‌ورۆ له‌و پادگانه‌ نه‌بووی بزانی چیم پێ کرا. تۆده‌ڵێی بۆ سبه‌ینێی هه‌ڵگرم،خۆ شه‌ڕه‌ف ته‌عتیل ناکرێ.!"
به‌ ده‌ستی سه‌ری رێک گوشی به‌ڵکوو شتێکی له‌ مێشکی بێته‌ ده‌رێ.کوتی:"ناکرێ،جگه‌ له‌ تۆڵه‌ و سزادان به‌ هیچ شتێکی تر رازی نابم."

۱۶.۸.۸۹

خەڵاتى نۆبێلى ئەدەبی


 کێ بوو بە براوەى خەڵاتى نۆبێلى ئەدەبیى ساڵى 2010؟

                                                                                          شه‌ریف فه‌لاح-هه‌ولێر 

 سەرەنجام ئاکادیمیاى نۆبێڵ لە بەیاننامەیەکدا دانى خەڵاتى نۆبێلى ئەدەبیى ساڵى2010ى بە ماریۆ بارگاس یۆسا، نووسەرى گەورە و ناوبەدەروەى پرۆیى راگەیاند و هەموو ئەگەر و گومانەکانى بە یەکجارى رەواندەوە، چونکە زۆرێک لە ناوەندە ئەدەبییەکان جیهان باسیان لە بەخت و شانسى "هارۆکى موراکامى "ى ژاپۆنى و " کورمک مەک کارتى" ى ئەمریکاییان بۆ وەرگرتنى ئەو خەڵاتە دەکرد، بەڵام ئاکادیمیاى نۆبێل جارێکى تر نیشانى دا کە پێش بینى کردنى براوەکانى خەڵاتى نۆبێڵ و بە تایبەت بوارى ئەدەب وەڕاست ناگەڕێ. یووسا کە ئێستا بۆتە براوەى ئەو خەڵاتە 5/1 میلیۆن دۆلارییە، لە وتوێژێکدا لە وەڵامى ئەوەى کە بۆچوونە لیبراڵەکانى کە زۆر جار وەک دەمارگرژى خۆ دەنوێنن، لە وەرگرتنى خەڵاتى نۆبێڵ بێبەرى دەکەن، رایگەیاندبوو: کە هیچکات لەبەر وەرگرتنى خەڵاتى نۆبێڵى ئەدەبیات، بیروباوەڕە سیاسییەکانى ناگۆڕى.
یووسا لەو باوەڕە دایە ئەو جۆرە ئەدەبەى کە ئافراندوویەتى لەو روانگانەوە هەڵێنجراون کە سەردەمى لاویەتى بە خوێندنەوەى بەرهەمەکانى ژان پۆل سارتر فێریان بووە و هەر

۹.۸.۸۹

په‌ڕاوێزێک بۆ باسی ده‌وڵه‌ت‎ئابادی و نۆبێل



یادداشـتێک له‌ په‌راوێزی نووسینێکی کورتی کاکه‌ سووری له‌ وێبلاگی تاریک و رووندا چه‌ند راگۆڕینه‌وه‌ی دژ به‌ یه‌ک و هاوته‌ریبی یه‌کی لێکه‌وته‌وه‌ .بۆ خۆ بواردن له‌ دووپات بوونه‌وه‌یان چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی باسه‌که‌ ده‌به‌مه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ که‌ی خۆی یانی وێبلاگی تاریک و روون.هه‌رئه‌وه‌نده‌ تێبینیه‌ به‌ پێویست ده‌زانم .وێبلاگی تاریک و روون براوانی خه‌ڵاتی نۆبێل به‌ سه‌ر دوو تاقمی "که‌ڵه‌ نووسه‌ر " و "جووجه‌ نووسه‌ر "دا دابه‌ش ده‌کا و دڵخۆشی خۆی ده‌رده‌بڕێ بۆ ئه‌وه‌ی نۆبێلی ئه‌مساڵ به‌ شێوه‌یه‌کی شیاو ئاوڕ له‌ که‌ڵه‌نووسه‌رێکی وه‌ک ماریۆ بارگاس یوسا ده‌داته‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی خودی " مه‌حموودی ده‌وڵه‌ت ئابادی" مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی باسه‌که‌ نه‌بوو به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کی نه‌خوازراو بوو به‌ هه‌وێنی هاتنه‌ گۆڕی کۆمه‌ڵێک ڕای جیاواز،ئه‌مه‌ش لێره‌وه‌ ده‌ستی پێکرد : بۆ ئه‌وه‌ی روون کردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ سه‌ر بۆچوونه‌که‌ی خۆم به‌ ده‌سته‌وه‌ بده‌م فاکتێکم له‌ وت و وێژێکی ده‌وڵه‌ت ئابادی هێناوه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی "ره‌نگه‌ هه‌مووی ئه‌وانه‌ی براوه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌ ن، سه‌رگوڵی نووسه‌رانی سه‌رده‌می خۆیان نه‌بووبن به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ده‌ربڕین  و خاوه‌ن کاریگه‌رییه‌تی ئه‌م نووسه‌رانه‌ ،له‌ دیاری کردنی چاره‌نووسی خه‌ڵاته‌که‌دا مه‌رجی یه‌که‌م بوون ئه‌گه‌ر چی به‌ پێی ماهیه‌تی کاری نۆبێلی ئه‌ده‌بی، کۆمه‌ڵێ هۆکاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی زێدی نووسه‌ره‌که‌ش ده‌وریان گێڕاوه"‌ .هه‌ر ئه‌م فاکته‌ له‌ وته‌ی ده‌وڵه‌ت ئابادی، وه‌ک ئاماژه‌ی پێکرا به‌ شێوه‌یه‌کی نائانقه‌ستانه‌ باسه‌که‌ی کرد به‌ کێشه‌ی ده‌وڵه‌ت ئابادی و خه‌ڵاتی نۆبێل. 
بۆ ئه‌وه‌ی بیر و بۆچوونه‌کان زیاتر بکه‌ونه‌ سه‌ر یه‌ک ئه‌م بابه‌ته‌ی سه‌ید قادر هیدایه‌تی"م( چیرۆک له‌ نێوان گه‌شه‌ کردن و دابڕاندا-له‌ گه‌ڵ –په‌راوێزێک بۆ باسی ده‌وڵه‌ت ئابادی و نۆبێل )  –له‌ وێبلاگی "خه‌ونباز" ه‌وه‌ گوازته‌وه‌ بۆ ئێره
                                                                                            ره‌سووڵ سۆفی سوڵتانی 
------------------------------------------------------------------------------------------ 

چیرۆک له‌ نێوان گه‌شه‌کردن و دابڕان‎دا

له‌گه‌ڵ 

په‌ڕاوێزێک بۆ باسی ده‌وڵه‌ت‎ئابادی و نۆبێل! 

سه‌یدقادرهیدایه‌تی 

 گووران (ته‌کامول) یه‌کێک له‌ تیۆری‎یه‌ بنه‌ڕه‌تی‎یه‌کانی سه‌رده‌می مۆدێرنه‌؛ عه‌قڵ‎باوه‌ڕه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ و پۆزێتڤیسته‌کان و به‌ گشتی زۆربه‌ی مۆدێرنیسته‌کان، پێشکه‌وتن و هه‌موو گۆڕان‎کاری‎یه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌ پێی گووران و گه‌شه‌کردن شی ده‌که‌نه‌وه‌.‌ به‌ گوێره‌ی تیۆریی ته‌کامول و گووران، هه‌موو گۆڕان‎کاری‎یه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و زانستی‎یه‌کان له‌ گه‌شه‌ و پێشکه‌وتن‎ دان. ته‌کامول‎باوه‌ڕه‌کان پێیان‎وایه‌ که‌ هه‌موو رووداوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی‎یه‌کان، پێشینه‌ و مێژووی خۆیان

۲۷.۷.۸۹

محمود دولت آبادي در گفت و گو با چلچراغ

محمود دولت‌آبادی ( ۱۳۱۹ ) نویسنده معاصر ایرانی است . او نویسنده رمان مشهور کلیدر است.

زندگینامه
محمود دولت‌آبادی ، ۱۰ مرداد ۱۳۱۹ در دولت‌آباد شهرستان سبزوار به دنیا آمد.
دولت‌آبادی ، از آغاز مشاغل مختلفی را تجربه کرد ، کار روی زمین , چوپانی , پادویی کفاشی , صاف کردن میخهای کج و بعد به عنوان وردست پدر و برادر به عنوان دنده پیچ کارگاه تخت گیوهکشی , دوچرخه سازی , سلمانی و .... بعدها تمام مشاغلی که او در دوران نوجوانی و جوانی خود تجربه کرد ، در آثارش نمود یافت.
دولت‌آبادی سپس راهی مشهد و آنگاه تهران شد و در این دوران باز هم مشاغل دیگری نظیر حروفچین چاپخانه , سلمانی کشتارگاه , رکلاماتور برنامه های تأتر , سوفلور کنترلچی سینما , ویزیتور روزنامه کیهان و ... را بر عهده گرفت.

۲۵.۷.۸۹

نۆبێل له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا

  
نۆبێل له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا
                                                           وه‌رگێڕان و پێکهێنانی : فه‌وزیه‌ سوڵتانبه‌گی

ئـالفرێد بێرنهارد نۆبێل(‌ سوئێد 1896-1843 ) ساڵێک به‌ر له‌ مردنی-واتا 1985 وه‌سیه‌تنامه‌ مێژووییه‌که‌ی خۆی تۆمار کرد.ئه‌و وه‌سیه‌تنامه‌یه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ک بارووت و مه‌عریفه‌ت به‌ یه‌که‌وه‌ گرێده‌دا.نۆبێل ده‌یزانی داهێنانه‌ کانی ئه‌گه‌رچی له‌ پێناو ئاسووده‌یی و پێشکه‌وتی کۆمه‌ڵگای ئینسانی دا داهێنراون به‌ڵام هه‌ستی زۆره‌ خوایی ده‌سه‌ڵات ئه‌یکات به‌ که‌رسه‌یه‌کی دژ به‌ ژیان و ئاسووده‌یی مرۆف ،بۆیه‌ش گه‌ڕاڵه‌ی پرۆژه‌یه‌کی مێژووی داڕشت ،که‌ ده‌کرێ وه‌ک دوایین داهێنانی نه‌مر و گه‌وره‌ی نۆبێل سه‌یری بکرێ.نۆبێل له‌ دوو توێی وه‌سیه‌تنامه‌یه‌کی فه‌رمیدا داوای کردبوو زیتر له‌ 31 میلیون کرۆنی سوئێدی که‌ سه‌رجه‌می سامانه‌کی ئه‌و بوو بکرێته‌ پاره‌ی وشک و وه‌ک سه‌رمایه‌ بخرێته‌ گه‌ڕ و هه‌مووساڵێ ‌ داهاته‌که‌ی له‌ نێوان ئه‌و که‌سانه‌دا دابه‌ش بکرێ له‌ پێناو پێشکه‌وت و ئاسووده‌ی ئینسانه‌کاندا باشترین و ئازایانه‌ترین هه‌وڵیان تۆمار کردوه‌ . نۆبێل خۆی ده‌ست ده‌با ت و له‌ ناو جۆره‌کانی زانست دا فیزیک،شیمی،فیزیۆلۆژی،پزیشکی ،ئه‌ده‌بیات و ئاشتی ده‌ست نیشان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌یان به‌سه‌ر دا دابه‌ش بکری.له‌ کۆتایی وه‌سیه‌تنامه‌که‌ی دا جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ کردبوو که گرنگ نیه‌ که‌سه‌کان خه‌ڵکی کوێ بن ‌ ئه‌م خه‌ڵاتانه‌ ده‌بێ بدرێن به‌ شیاوترین و لێهاتووترینیان.
کارو باری دابه‌ش کردنی خه‌ڵاته‌که‌ش ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆی سێ رێخراوه‌ی سوئێدی و لێژنه‌یه‌کی تایبه‌ت که‌ له‌ لایه‌ن پارلمانی نۆروێژه‌وه‌ دیاری ده‌کرێت.
نوێنه‌ری ئه‌یاله‌ته‌کانی سوئێد و نۆروێژ که‌ ئه‌و کات ولاتێکی یه‌کپارچه‌ بوو و راپه‌راندنی ئه‌و ئیش و کارانه‌یان له‌ ئه‌ستۆ بوو.

چۆنیه‌تی دابه‌ش کرانی خه‌ڵاتی نوبێل

ئه‌و تاقمانه‌ی به‌پێی پێره‌وی بنکه‌ی نوبێل کار ده‌که‌ن،له‌ چوار به‌ش پێک دێن:

۱۶.۷.۸۹

میــوانه‌ شێعر


هه‌رمان
                                       
                                          گو‌ڵه‌باخ به‌هرامی


من بە میراتگری باران ناسراوم

بە سووتویەكی زگماگ

پێش لە دایك بوونەوەی

ئاگر !

ئەڵێن : دۆزەخ كەمترین هەڵەیه

لە كاتی نەفرەتا و

ئەڵێن: مەیل بەرەو هەر كۆڵانێك كە بفڕێ

هەر باوەشتەو

ئەڵێم: چەن ئاتاج و موحتاجتم

بۆ تەنیا پیتێك لە پەروانەییت!

۱۷.۶.۸۹

خێوه‌ته‌که‌ی ره‌هبه‌ری مه‌حموود زاده‌ گه‌ییشته‌‌ هه‌وارگه‌ی وێبلاگی کوردی



  • خێوه‌ت وێبلاگێکی دوو ‌زمانه‌ی کوردی و فارسی‌ یه.‌ ئامانجه سه‌ره‌کییه‌که‌ی توێژینه‌وه‌ی‌ هزر و ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخه‌. ئه‌م خێوه‌ته‌ له‌ هۆبه‌ و هه‌واری سازگاری بیر و ئه‌ندێشه‌ی کوردی‌دا هه‌ڵدراوه‌.له‌م خێوه‌ته‌‌دا گرینگیی به‌ بابه‌تی پێوه‌ندی‌دار به‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زمانه‌وانی و فه‌لسه‌فه‌ ده‌درێ.‌ خێوه‌ت هێمایێکه‌ بۆ کۆچ کردن؛ کۆچ کردنی به‌رده‌وام له‌ هه‌رێمێکی تێفکرینه‌وه‌ بۆ هه‌رێمێکی تر.به‌رده‌نگی خێوه‌ت هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ له‌ جوغڕافیای هه‌راوی تێفکرین‌دا خۆیان به‌ هه‌وارچی ده‌زانن نه‌ک به‌ په‌یکه‌ره‌یێکی چه‌قیو..

               ره‌هبه‌ری مه‌حموود زاده‌ به‌م پێناسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ هه‌واری وێبلاگنووسیدا خێوه‌تی خۆی هه‌ڵدا. ره‌هبه‌ر وا دیاره‌ دوای وتاره‌که‌ی "جووت ستاندارد بوون بۆ زمانی پێوه‌ر‌، دۆخی تێپه‌ڕینه‌ نه‌ك مانه‌وه‌" ته‌مای گرتووه‌ مه‌کۆیه‌ک بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی لێدوان و نووسینه‌کانی خۆی ئاوه‌دان کاته‌وه‌.بێشک خێوه‌ت ده‌بێته‌ مه‌نزڵگای ئه‌ندێشه‌ و خولیای زۆر نووسینی کاریگه‌ر . که‌ ئێستای ره‌خنه‌ و توێژینه‌وه‌ ئه‌ده‌به‌که‌مان پێویستی پێیه‌تی .لێره‌وه‌ پیرۆزبایی به‌ ره‌هبه‌ر و هه‌موو خوێنه‌رانی وێبلاگی خێوه‌ت ده‌ڵێم.

هه‌واڵی ئه‌ده‌بی-(کتێبی نوێ)

دوێ شه‌و له‌ شه‌و گه‌ڕی ماڵپه‌ڕان ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌رم به‌ ماڵه‌ ئاڵۆزه‌که‌که‌ی حه‌مه‌ ساڵه‌ ی سووزه‌نیدا کرد(بۆ ئاگاداریت حه‌مه‌ ساڵه‌ دوو ماڵی هه‌یه‌ )چاوم به‌ هه‌واڵێکی مژده‌ به‌خش که‌وت . بۆیه‌ منیش لێره‌دا هه‌ر له‌ زمان حه‌مه‌ ساڵه‌وه‌ هه‌واڵه‌که‌م داناوه‌ته‌وه‌:

                          " و من عاشقانه‌ انبوه می شوم" ناوی کۆ شێعرێکی به‌ڕێز
یوونس ره‌زایی یه‌ که‌ "انتشاراتی افراز" به‌زمانی فارسی بلاوی کردۆته‌وه‌. ئه‌م کۆشێعره‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕیز "آرش سنجابی"یه‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فارسی و و به‌ڕێز "ایلیا تهمتنی" کاری وێنه‌ و گرافیکی بۆ کردوه‌  و به‌ڕیزان ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌ و موراد ئه‌عزه‌می به‌ دوو وتاری "زبان واله‌ و ساختهای متمایل به‌ استحاله‌ در شعرهای یونس رضایی" و " یک قطعه‌ شعر با طعم پست مدرن" پێشه‌کاندوویانه‌. ئه‌م کتێبه‌ له‌ 216لاپه‌ڕه‌ و 1100به‌رگدا بڵاو بۆته‌وه‌.


شێعری یونس شیاوی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ک ده‌نگێکی واقعی ئێستای شێعری کوردی پێشانی خوێنه‌ری بیانی بدرێ .خۆم وه‌رگێڕانه‌که‌م نه‌دیوه‌ به‌ڵام هیوام ئه‌وه‌یه‌ وه‌رگێڕ توانیبێتی ئه‌و ره‌گه‌زه‌ سرکانه‌ی شێعری یونسیان دیاری کردوه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو زمانێکی تر.
منیش ده‌ستخۆشی به‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌ڵێم و ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ قه‌ڵه‌میان به‌ بڕشت و‌ ئه‌ندێشه‌یان له‌ گه‌شه دا بێ.

۹.۶.۸۹

"ده‌ست " و پێوه‌ندی نێوان دال و مه‌دلوول


                                                                     *عه‌لی قاسمی

میشێل فۆکۆ وه‌ک بیرمه‌ندێکی پۆست مۆدێڕن؛ که‌ ڕخنه‌گرێکی به‌ توانای ده‌سه‌ڵاتیشه‌، له‌ سه‌ر زمان؛ گوتار و ده‌سه‌ڵات زۆر پرسیاری وردی ورووژاندووه‌ و ده‌روویه‌کی روونتر له‌ رابردووی به‌ رووی ئه‌م بابه‌ته‌ فیکرییانه‌دا کردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌م به‌ستێنه‌دا که‌ڵکه‌ڵه‌ی بیر و زه‌ینی فۆکۆ پێوه‌ندی نێوان زانست و ده‌سه‌ڵات، واته‌ (دانش و قدرت ) ه‌، فۆکۆ زانست به‌ ئیپیستمه‌ (Episteme) پێناسه‌ ده‌کا، ئیپیستمه‌ زیاتر ئه‌و ژێرخان و بنه‌ما مه‌عر‌یفییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا بوونیان هه‌یه‌، به‌ باوه‌ڕی ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ ناوداره‌ له‌ ده‌وران و چاخی پێش مۆدێڕندا ناو لێنانه‌کان به‌ پێی ئه‌سڵی زاتی شته‌کان بووه‌، به‌ڵام له‌ چاخی مۆدێڕندا بۆ ناولێنانه‌کان به‌ره‌ به‌ره‌ گرێبه‌ست هاتووه‌ته‌‌ ئاراوه‌، گرێبه‌ست به‌ مانای عورفێکی گشتی، عورفێک که‌ له‌ودا خاوه‌ن هزرو بیرمه‌ندان پێوه‌ندی نێوان دال و مه‌دلوول – یان دیاری ده‌کرد، دیاره‌ پێوه‌ندی نێوان دال و مدلوولیش زیاتر قه‌راردادییه‌ تا زاتی . لێره‌دا پرسیارێک دێته‌ ئاراوه‌، چ که‌سێ بۆی هه‌بوو، یان بۆی هه‌یه‌ ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ دا‌ڕێژێ ؟ به‌ باوه‌ڕی فۆکۆ ده‌سه‌ڵاتی زاڵ گوتار (Discourse) ی زاڵ به‌رهه‌م دێنێ، وه‌ک مارکس که‌ ده یوت : چینی ده‌سه‌ڵاتدار، ئایدیۆلۆژی زاڵ ساز ده‌کا، به‌ باوه‌ڕی فۆکۆ ده‌سه‌ڵات، (ده‌سه‌ڵات به‌ مانا فۆکۆیه‌که‌ی) گوتاری زاڵ به‌رهه‌م دێنێ و جێگه‌وپێگه‌ی دال و مه‌دلوول دیاری ده‌کا.

له‌ ڕاستیدا فۆکۆ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ جیاوازییه‌کانی ده‌ورانی پێش مۆدێڕن و ده‌ورانی مۆدێڕن. هه‌ر به‌ باوه‌ڕی ئه‌و له‌ ده‌ورانی پاش مۆدێڕندا شته‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ناساندن و به‌یانگه‌رییه‌تی و ده‌لاله‌ت وێستاون، مرۆڤ په‌یڕه‌وی جۆرێک یاری و کایه‌ی زمانییه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌ێک له‌ یاساکانی حاڵی نییه‌و سه‌ر ده‌ر ناهێنێ، به‌ باوه‌ڕی فۆکۆ له‌مه‌و به‌ولاوه‌ هیچ جۆره‌ پێوه‌ندییه‌ک له‌ نێوان " واژه‌ " و " شت‌ " ، یان به‌ واتایه‌کی تر له‌ نێوان دال و مه‌دلوول دا نابینرێ و ئیتر ئه‌ده‌بیات و زمان بایخی مه‌عریفییان نییه‌ و کارکردی په‌یام و ئیڕجاعی بوون تێداده‌چێ و ته‌نیا کارکردی ئه‌ده‌بی ده‌مێنێته‌وه‌‌‌، به‌م پێیه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌لاله‌تگه‌ریی زمان جێگه‌ی خۆی داوه‌‌ به‌ ده‌لاله‌تی ده‌روونیی زمان.

که‌وابوو :

1) له‌ ده‌ورانی پێش مۆدێڕندا ناو لێنان له‌ گه‌ڵ شته‌ کاندا هاتووه‌ ( تێڕوانینێکی ئاسمانی‌ ).

2) له‌ ده‌ورانی مۆدێڕندا ناو لێنان به‌ پێی قه‌رارداد بووه‌ ( تێڕوانینێکی زه‌مینی).

3) له‌ ده‌ورانی پاش مۆدێڕندا تووشی یاری زمانی ده‌بین و دال و مه‌دلوول پێوه‌ندییان به‌ یه‌که‌وه‌ نامێنێ ( عدم قطعیت معنا ).



ئێستا دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کورته‌ بۆچوونه‌، با به‌ یه‌که‌وه‌ ئه‌م شێعره‌ی ره‌سووڵ سۆفی سوڵتانی (رامان) بخوێنینه‌وه‌، تا بزانین له‌ ناو کامه‌ خانه‌دا جێ ده‌گرێ .







" ده‌ست

ره‌سووڵ سۆفی سوڵتانی


]رێبوارێ له‌وێ له‌ سه‌را سوێی ئه‌وکه‌وشه‌نه ‌وێستاوه‌ و هه‌ر دوو له‌پی ناوه‌ته‌ سه‌ر پێلووی[

- کاکه‌ ئاوا چۆن ده‌توانی هات و نه‌هاتی ئه‌و کۆچه‌ ببینی؟!
- هێڵه‌کانی رێگا
دێڕه‌کانی سروودێکی له‌ بیر کراون له‌ به‌رم کردوون.



…..]له‌ وێ وێستاوه‌ و هه‌ر دوو له‌پی خستۆته‌ سه‌ر گوێیه‌کانی[…

ــ ئاوا چۆن ده‌توانی وانه‌کانی ئه‌م ته‌نیاییه‌ ئالۆزه‌ ببیسی..؟!
ــ هانکه‌ هانکی ئه‌م ته‌نیاییه‌ چیه‌ له‌ کووچه‌کانی مێشکم دا ئه‌دی

]له‌ وێ نووشتاوه‌ته‌وه‌ و به‌ په‌نجه‌ لووتی گرتووه‌[

ــ چۆن ده‌توانی به‌ سه‌ر په‌لکه‌ وه‌ریوه‌کانی شۆڕشێکه‌وه‌ بنووشتیه‌وه‌ و
هه‌ناوت له‌ به‌رامه‌ی بدزیه‌وه‌ ؟!


ــ من خه‌ریکم له‌ له‌ره‌ی تنۆکێکی سووردا
به‌رامه‌ی سبه‌ینێیه‌کی بێ سره‌وت ده‌بیه‌م

]له‌ وێ وێستاوه‌ هه‌ر دوو له‌پی ناوه‌ته‌ سه‌ر ده‌م[…



ــ سه‌یر که‌ سه‌فه‌ر جوانوویه‌کی پشوو سواره‌
تۆ بڵێی له‌ کوێ بیهه‌وێ وچانێ بسره‌وێ.؟!

]کابراکه‌ ده‌می هه‌ڵناپچرێ . هه‌ر به‌ ئاماژه‌ی چاوه‌کانی ده‌یهه‌وێ شتێک بڵێ[.. "


سه‌رچاوه‌:

وێبلاگی کـــــــــــانی عه‌لی

۳۰.۵.۸۹

شێعرێک .........

          ده‌ست

 

[رێبوارێ له‌وێ له‌ سه‌را سوێی ئه‌وکه‌وشه‌نه ‌وێستاوه‌ و هه‌ر دوو له‌پی ناوه‌ته‌ سه‌ر پێلووی]

              - کاکه‌ ئاوا چۆن ده‌توانی هات و نه‌هاتی ئه‌و کۆچه‌ ببینی؟!
              - هێڵه‌کانی رێگا
                دێڕه‌کانی سروودێکی له‌ بیر کراون له‌ به‌رم کردوون.

[.....له‌ وێ وێستاوه‌ و هه‌ر دوو له‌پی خستۆته‌ سه‌ر گوێیه‌کانی...]

              ــ ئاوا چۆن ده‌توانی وانه‌کانی ئه‌م ته‌نیاییه‌ ئالۆزه‌ ببیسی..؟!
              ــ هانکه‌ هانکی ئه‌م ته‌نیاییه‌ چیه‌ له‌ کووچه‌کانی مێشکم دا ئه‌دی

[له‌ وێ نووشتاوه‌ته‌وه‌ و به‌ په‌نجه‌ لووتی گرتووه‌]

            ــ چۆن ده‌توانی به‌ سه‌ر په‌لکه‌ وه‌ریوه‌کانی شۆڕشێکه‌وه‌ بنووشتیه‌وه‌ و
              هه‌ناوت له‌ به‌رامه‌ی بدزیه‌وه‌ ؟!


           ــ من خه‌ریکم له‌ له‌ره‌ی تنۆکێکی سووردا
             به‌رامه‌ی سبه‌ینێیه‌کی بێ سره‌وت ده‌بیه‌م

[له‌ وێ وێستاوه‌ هه‌ر وو له‌پی ناوه‌ته‌ سه‌ر ده‌می...]

           ــ سه‌یر که‌ سه‌فه‌ر جوانوویه‌کی پشوو سواره‌
             تۆ بڵێی له‌ کوێ بیهه‌وێ وچانێ بسره‌وێ.؟!

[کابراکه‌ ده‌می هه‌ڵناپچرێ . هه‌ر به‌ ئاماژه‌ی چاوه‌کانی ده‌یهه‌وێ شتێک بڵێ..]


                                                                                  * رامان سۆفی سوڵتانی

۲۸.۵.۸۹

په‌نجه‌یه‌کی قووچاوی شوشه‌یی


زۆر جار به‌ چێژێکی تایبه‌ته‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌ناوی شێعری ئه‌و شاعیرانه‌دا ده‌گرم که‌ وه‌ک ره‌خنه‌گرێکی بواری شێعریش ناسراون
جاری وایه‌ گوناحن هه‌موو سێحر وسوڕی نووسینه‌کانیان له‌ رێگای وتاره‌کانیانه‌وه‌ ئاشکرا ده‌بێ و ده‌ستیان له‌ په‌نجه‌ه‌یه‌کی قوچاوی شووشه‌یی ده‌چێ که‌ هیچ مه‌راقێک له‌ لای تۆ ناهێڵنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بۆ ئاشکرا کردنی شتێکی شاراوه‌ بده‌ی.جاری واشه‌ جیهانی شێعر و جیهانی تئۆریان له‌ یه‌ک جیاوازن. ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌که‌وه‌ باشه‌ که‌ زۆر رازی نه‌درکاو هه‌یه‌ بتووانی خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆت بۆی هه‌بێ وئیعترافی شاعیره‌که‌ی وه‌ک لێکده‌ره‌وه‌ی ماناکان، خاڵی‌ کۆتایی نه‌خستێبێته‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌که‌ی. به‌ڵام ئه‌م دژوازیه‌ش جاری واهه‌یه‌ هه‌ستێکی ناخۆشت پێده‌دا و له‌ لای خۆت ده‌ڵێی واش ده‌نووسێ واش ده‌ڵێ.

دنیای شاعیرانی ره‌خنه‌ نووس یان ره‌خنه‌ نووسانی شاعیر دنیایه‌کی جیاوازتره‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازتریش ده‌وێ ....
من به‌ش به‌ حاڵی خۆم جاری وایه‌ پێم گوناحن ................

حه‌ز ده‌که‌م تۆش به‌ چاوی منه‌وه‌ جارێکی تر شێعری  ئه‌م شاعیرانه‌ (عه‌لی قاسمی و حه‌مه‌ ساڵه‌ سووزه‌نی) بخوێنیه‌وه‌
-----------------------------------------
شاعیری یه‌که‌م


حه‌وت ڕازی سه‌ر به‌ مۆری ژیان

                                                              عه‌لی قاسمی – نه‌غه‌ده‌

1) شه‌و دره‌نگانێکی خه‌واڵوو

کاتێ

چرکه‌کانی کاتژمێر

ده‌که‌ونه‌ به‌ر پاڵپه‌ستێی زمان و

مانگ ،سوار چاکی بێ هاوتایه‌ و

شار ده‌که‌وێته‌ به‌ر شاڵاوی باوێشک  و

مه‌لی عیشق له‌ سه‌ر ساباتی خۆشه‌ویستی لانه‌ ده‌کا

                                                            و...

۹.۴.۸۹

باسێک له‌ سه‌ر شێعر و ژیانی "سافۆ" ژنه‌ شاعیری که‌ونارا

ئه‌و شاعیره‌ی به‌ خراپه‌ی خۆیدا هه‌ڵده‌کوت


وه‌رگێڕ:
له‌یلا ساڵحی



"سافۆ" له‌ شاعیرانی یوونانی چاخی حه‌وته‌می به‌ر له‌ زایین بوو که‌ له‌ سه‌رده‌می که‌ونارا دا به‌ ناوی مه‌زنترین شاعیری شێعری ئه‌ویندارنه‌ له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌.ئه‌و هه‌وه‌ڵ ژنێک بوو که‌ له‌ په‌نا هه‌ستی تاکه‌که‌سی خۆیه‌وه‌،تایبه‌تی ترین هه‌سته‌کانی ژنانه‌ی له‌ شێعردا ده‌رده‌بڕی.شێعره‌کانی شوێنێکی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر هاوچاخه‌کانی دانا.هه‌ر به‌ زیندی سه‌ری نه‌ ته‌نیا له‌ شاری شوێنه‌زای خۆی،به‌ڵکوو له‌ شوێنه‌ دووره‌ده‌سته‌کانیش به‌رهه‌مه‌کانی ده‌خوێندرانه‌وه‌ و سه‌رنجی هۆگرانی شێعریان بۆ لای خۆیان راده‌کێشا.به‌ بڕوای "ئه‌فلاتوون"ئه‌و ده‌یه‌مین خاتووخوای هونه‌ره‌."کاتولووس"وه‌ک "سافۆی پیاو"ناوی دێنێ و شێخێکی ئاسووری به‌ ناوی"تاتیانووس"وه‌ک "سۆزانی،شێتی ئه‌وین و ئه‌و که‌سه‌ی به‌ خراپه‌ی خۆی دا هه‌ڵده‌ڵێ"ناوی ده‌با.زیاترین ده‌نگۆ له‌مه‌ڕ ئه‌ودا،باسی هۆگری ئه‌وه‌ به‌ هاوجسن خوازی،که‌ تاقمێک له‌ نووسه‌ران ئاماژه‌یان پێکردووه‌."سافۆ" له‌ شێعره‌کانی دا ستایشی ئه‌وینی نێوان ژنان ده‌کا.تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی نووسراوه‌کانی ،بوێری و ده‌ربڕینی رووتی هه‌ستی ژنانه‌یه‌،ئه‌ویش چه‌ندین سه‌ده‌ به‌ر له‌ ئێستا،به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ ئه‌مڕۆکه‌ش و ته‌نانه‌ت له‌ داهاتووش دا ئه‌و بابه‌تانه‌ نوێ و بوێرانه‌ ده‌نوێنن.

چه‌پکه‌شێعرێکی "سافۆ"


وه‌رگێڕانی:
له‌یلا ساڵحی

1
خۆشم ده‌وێ
هه‌ر شتێک منی خۆش بوێ.
من پێم وایه‌
ئه‌وین
به‌شێکی له‌ هه‌تاو پێ بڕاوه‌.
2
هۆ وشه‌کان
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش هێزوگوڕێکتان تێدابێ
زمانی من نه‌مرتان ده‌کا.
3
به‌یان
گوڵێکی تاوسی زێڕین بوو
به‌ ده‌م ئاسۆگ و ده‌ریاوه‌.

۱.۳.۸۹

کۆڕی ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ کتێبی "سه‌مای سه‌رسامی"

ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی بۆکان کۆڕی ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی "سه‌مای سه‌رسامی"کۆمه‌ڵه‌شێعری ئه‌رسه‌لان چه‌ڵه‌بی، به‌ڕێوه‌ برد.

ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی بۆکان رۆژی پێنچ‌شه‌ممۆ 30ی گوڵانی1389هه‌تاوی له‌ ساڵۆنی شانۆی کتێبخانه‌ی پارکی میلله‌ت کۆڕی ره‌خنه‌و و لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌شێعری"سه‌مای سه‌رسامی" به‌ به‌شداری شاعیران و نووسه‌ران و ره‌خنه‌گرانی شاره‌کانی بۆکان، مه‌هاباد، سه‌قز و نه‌غه‌ده‌ به‌ڕێوه‌ برد.

۲۲.۲.۸۹

ته‌رجه‌مه‌ی قه‌سیده‌یه‌کی " سه‌یفی فه‌رغانی "


* به‌ کوردی کردنی:
فه‌ره‌یدوون ئه‌ڕشه‌دی

وه‌رگێڕان هه‌میشه‌ راگواستن له‌ زمانێک و فه‌رهه‌نگێک بۆ زمان و فه‌رهه‌نگێکی تر نیه‌
وه‌رگێڕان خۆی داهێنانێکی تره‌ که‌ پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و زمانی که‌سی وه‌رگێڕ یان داهێنه‌ری دووهه‌مه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر فه‌ره‌یدوون نه‌بوایه‌،،،فه‌ره‌یدوون کورد نه‌بوایه‌....کورد ....و.....و...و...نه‌بوایه‌
وه‌رگێڕدراوه‌ی ئه‌م شێعره‌یسه‌یفی فه‌رغانی جۆرێکی تر ده‌بوو.
ئه‌م وه‌ڕگێڕانه‌ یان باشتر بڵێم به‌ کوردی کردنه‌ گه‌واهی ئه‌وه‌یه‌،وه‌رگێڕان خۆی داهێنانێکی تره‌ که‌ له‌ ده‌قی یه‌که‌مه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ.

قه‌ڵغانی سه‌بر



هه‌م مه‌رگ به‌سه‌ر جیهانی ئێوه‌ش دادێ
هه‌م واده‌ به‌ سه‌ر زه‌مانی ئێوه‌ش دادێ .


ئاوازی به‌سامی کونده‌بوو‌ی ئه‌م ده‌رده‌
به‌م کۆشکی سه‌ر و ته‌لانی ئێوه‌ش دادێ .


تاڵاوی ئه‌جه‌ل ، که‌ قورگی هه‌موان ده‌گرێ
به‌و قوڕگ و ده‌م و ددانی ئێوه‌ش دادێ .


ئه‌ی شیری سته‌متان ، وه‌کوو ڕم باڵا به‌رز
کول بوونی ده‌می ده‌بانی ئێوه‌ش دادێ .


چۆن دادی که‌سان نه‌ماوه ‌ هه‌رگیز تا سه‌ر
وا ده‌رفه‌تی زاڵمانی ئێوه‌ش دادێ .


گه‌ر نه‌عره‌ته‌که‌ی شێری وڵاتان خنکا
خنکانی حه‌په‌ی سه‌گانی ئێوه‌ش دادێ .


هه‌ر سوارێ گلا ، نه‌ماوه‌ تۆزی ئه‌سپی
فه‌وتانی هه‌رای که‌رانی ئێوه‌ش دادێ .


ئه‌و بایه‌ که‌ زۆر مۆمی مراند له‌م دونیا
بۆ سه‌رده‌می مۆم کوژانی ئێوه‌ش دادێ .


کاروانێ‌ نه‌ما له‌ئه‌م سه‌رایه‌ی نه‌ڕوا
واده‌ی به‌سه‌را گه‌ڕانی ئێوه‌ش دادێ .


گه‌ر غه‌ڕڕه‌ به‌وه‌ن که‌ چاره‌نووسمان تاره‌
خه‌تتێکه ‌ ، به ‌نێوچه‌وانی ئێوه‌ش دادێ .


ئه‌و ساته‌ که ‌پێی ، هه‌لی که‌سانت ئه‌ستاند
بۆ سه‌رده‌می ناکه‌سانی ئێوه‌ش دادێ .


رۆژێک و دوو رۆژن‌ ، هه‌ڕه‌تی پیاو چاکان
هه‌ر پاشی دوو ڕۆژ ، نه‌مانی ئێوه‌ش دادێ .


قه‌ڵغانه له ‌ بۆ تیری جه‌فاتان سه‌برم
تا هێزی ده‌س و که‌مانی ئێوه‌ش دادێ .


هه‌ر ماوه‌یه‌که‌ ، گوڵی گوڵستان بۆ که‌س
پاییزی گوڵ و گوڵانی ئێوه‌ش دادێ .


په‌نگاوه‌ته‌وه ‌ سه‌روه‌ت و ماڵتان هاکا
سێڵاوی به‌ سه‌ر سه‌رانی ئێوه‌ش دادێ .


ئه‌سپاردو به‌ ده‌س گورگی ته‌ماحت ، مێگه‌ل
هه‌ر گورگێ به‌ سه‌ر ‌ شوانی ئێوه‌ش دادێ .


گه‌ر فیلی "فه‌نا " ، شاهی "به‌قا " ی مۆڵ دابێ
کێو‌ماڵی پیاده‌کانی ئێوه‌ش دادێ


به‌م شیعره‌‌ "سه‌یف" ، نێوێکی وای بۆ ماوه‌
ئه‌وڕۆکه ‌ به‌سه‌ر زمانی ئێوه‌ش دادێ

روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ سه‌ر ئه‌م پۆسته‌:
دوو وه‌رگێڕانم له‌م شێعره‌ی "سه‌یفی فه‌رغانی" له‌ به‌ر ده‌ست دا بوو ،خه‌ریک بووم وه‌ک ره‌نگدانه‌وه‌ی یه‌ک به‌رهه‌م له‌ زێهنی دوو خوێنه‌ری کارا دا به‌راوردم ده‌کردن..بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌:
"وه‌رگێڕان هه‌میشه‌ راگواستن له‌ زمانێک و فه‌رهه‌نگێک بۆ زمان و فه‌رهه‌نگێکی تر نیه‌
وه‌رگێڕان خۆی داهێنانێکی تره‌ که‌ پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ فه‌رهه‌نگ و زمانی که‌سی وه‌رگێڕ یان داهێنه‌ری دووهه‌مه‌وه‌."

بنیاده‌م جاری وایه‌ زۆر قۆڕه‌ ،له‌ هیچی خۆڕایی هه‌ڵه‌ ده‌کا،منیش هه‌ر چه‌ند لینکی سه‌رچاوه‌که‌م دانابوو و هه‌م پرسه‌ گورگانه‌یه‌کیشم به‌ فه‌ره‌یدوون کردبوو..به‌ داخه‌وه‌ لێم تێک چوو  له‌ جیاتی شێعره‌که‌ی فره‌یدوون هی هاوڕێکه‌ی ترم دانابوو...که‌ ئاوا ده‌ست پێده‌کا:

رۆژێك مه‌رگ به‌ جیهانی ئێوه‌ش دا دێ
بێ ره‌ونه‌قی بۆ زه‌مانی ئێوه‌ش دادێ

هه‌ر بۆیه‌ش لێره‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ هه‌ر دوووه‌رگێڕ و خوێنه‌رانی وێبلاگی" شیکار" ده‌که‌م و هه‌ڵه‌که‌م راست کرده‌وه‌.  
بۆ بینینی وه‌رگێڕانی دووهه‌م له‌ سه‌ر ئێـــــــــــــــــــــــــــــره‌ کرته‌ بکه‌ 
                                                                                      رامان سۆفی سوڵتانی


* بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌ فارسیه‌که‌ی سه‌ردانی درێژه‌ی بابه‌ت بکه‌

۲۰.۲.۸۹

ئه‌مڕۆ نۆره‌ی "فه‌رزاد" بوو


هه‌رچیم کرد نه‌م وێرا له‌م شێعره‌ ی ناو دیوانی کۆچه‌ریانه ‌م زیاتر هیچی تر بنووسم

                                                     
(حه‌یرانی شه‌قامه‌که‌.....   

                  
  به‌ به‌ر چاوی شه‌قامی سام گه‌سته‌ و
                    مناڵانی بێ زماندا هێنایانن
باڵ به‌ستراو
چاو له‌ توێی ده‌سماڵێکدا گرێدراو


هێنایانن
نه‌یانزانی ئه‌گه‌ر شه‌قام
شوێن هه‌نگاوه‌کانیان ده‌داته‌ ده‌س با - و باران
مناڵه‌کان وێنه‌یان ده‌گرن
"وێنه‌" له‌ بیری مناڵدا چڕۆ ده‌کا
"وێنه‌"له‌بیری مناڵدا ده‌بێ به‌ حه‌یران
له‌ دوا رۆژدا ده‌یڵێنه‌وه‌
          بۆ دار به‌ دار و
                        کۆڵان به‌ کۆڵان.


*رامان سۆفی سوڵتانی

۱۵.۲.۸۹

میوانـــه‌ شێعر


چ بێوه‌فایه‌.....

                                                               * فه‌وزیه‌ سوڵتانبه‌گی

به‌سه‌ر جه‌سته‌ما پیاسه‌ ده‌کات نمه‌ی باران

بێ ئه‌وه‌ی بۆنی گوڵێکی غه‌مگین و

هه‌ناسه‌ی با ئاوێته‌ بن

بۆنی گوڵێکی هه‌ڵوه‌ریو ده‌ده‌م و

که‌س کۆم ناکاته‌وه‌

بۆنی دڵێكی شکاو ده‌ده‌م و

که‌س ئاشتم ناکاته‌وه‌

بۆنی یاخیبوون ده‌ده‌م له‌م هه‌موه‌ بۆنه‌ و
که‌س نامبیسێ

۱.۲.۸۹

ده‌ق و ره‌خنه‌

خوێندنه‌وه‌یه‌کی ته‌ئویلیانه‌ی چیرۆکی "گۆڕستان"ی ناسری وه‌حیدی


"ده‌نگ سه‌ر چاوه‌که‌ی خۆی بزر ده‌کا،
نووسه‌ر ئاوقای مه‌رگی خۆی ده‌بێ و
 نووسین ده‌ست پێ ده‌کا"
رۆڵان بارت



                                                                                  *رامان سۆفی سوڵتانی

نووسه‌ر له‌‌م کورته‌ چیرۆکه‌ دا هه‌ڵوێستێکی ئینسانی خۆی تێکه‌ڵ به‌ هونه‌ر و وشه‌ ده‌کاته‌ دژ به‌ نه‌ریتێکی دێرینی کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆی.ده‌یهه‌وێ سه‌ر له‌ ژانێکی نه‌دیاری خه‌ڵکه‌که‌ی هه‌ڵداته‌وه‌، که‌ په‌تاو یاوه‌که‌ی له‌ کۆنه‌وه‌ هه‌ر به‌ ناو پێشه‌ و ده‌ماریاندا دێ و ده‌چێ. له‌م چیرۆکه‌دا به‌ ده‌ور گێڕانی دوو که‌سی سه‌ره‌کی چیرۆک ،یه‌که‌م ئه‌سمه‌ر – وه‌ک کارگێڕی چیرۆک – دووهه‌م " که‌ژاڵ "-پاڵه‌وانی یه‌که‌می چیرۆک-ده‌گه‌ینه‌ ئامانجێک بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵ.
به‌ سه‌رنج دان به‌و خاڵانه‌: چیرۆک هه‌مووی له‌ شوێنێکی نه‌گۆڕدا به‌رێوه‌ چووه‌
هه‌موو باسه‌کان بۆ گێڕانه‌وه‌ی یه‌ک رووداوی سه‌ره‌کی ته‌رخان کراون .
گۆڕانی کاته‌کانیش به‌ شێوه‌یه‌کی رێک و پێک و ئه‌ستوونین و نابنه‌ هه‌گه‌ری لێک هه‌ڵپچڕان و درێژ دادڕی رووداوه‌کان،ده‌کرێ بڵێین گۆڕستان شانۆنامه‌یه‌که‌ له‌ پێنج په‌رده‌دا:

۲۹.۱.۸۹

ده‌ق و ره‌خنه‌

گۆڕستان

ناسر وه‌حیدی


پێی گوتم :ئه‌سمه‌ر!ئه‌وه‌ یان هیچ که‌س!
گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ لای گۆڕه‌که‌ی باوکم.له‌ ته‌نیشت گۆڕه‌که‌ که‌ژاڵم دیت.کراسێکی ڕه‌شی ساده‌ی له‌ به‌ر دابوو،خۆی دابوو به‌ سه‌ر گۆڕێکدا و بالۆره‌ی ده‌گووت و خۆی ده‌لاوانه‌وه‌.ده‌نک ده‌نک فرمێسک به‌ چاوه‌ کاڵه‌که‌یدا ده‌هاته‌ خوار.خه‌م و په‌ژاره‌ له‌ دیمه‌نی ده‌چۆڕاوه‌.به‌ ئه‌سپایی ده‌ستم نا سه‌ر شانی و له‌ گۆڕه‌که‌ دوورم خسته‌وه‌. به‌ره‌و ماڵ که‌وتینه‌ ڕێ.له‌و ماوه‌یه‌دا دڵخۆشیم ده‌داوه‌.پێم گوت:تۆ هه‌وه‌ڵی ته‌مه‌نته‌ جوان و جه‌حێڵی زۆر که‌ست پێ ڕازی ده‌بێ.ئێستا ده‌سته‌ خوشکه‌کانمان مێردیان نه‌کردوه‌.کاکم دوای ئه‌و ماوه‌ دوور و درێژه‌ که‌ له‌ هه‌نده‌ران گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا ئافره‌تێک که‌ لێی پرسیوه‌ تۆ بووی.که‌ژاڵ ده‌زانم ئاخره‌که‌ی شوو ده‌که‌یه‌وه‌.خۆ شوکور منداڵیشت نیه‌.

۲۶.۱.۸۹

ناساندنی کتێبی تازه‌

سه‌مای سه‌رسامی"
کۆمه‌ڵه‌ شێعری شاعیری لا و" ئه‌رسه‌لان چه‌ڵه‌بی"ه‌ ،له‌ هه‌شتاو هه‌شت لاپه‌ڕه‌ دا به‌ هه‌ژماری
 1000دانه‌ له‌ سلێمانی له‌ ژێر چاپ هاتۆته‌ ده‌ر.
ئه‌م کۆ شێعره‌ 56 کورته‌ شێعر ده‌گرێته‌ خۆی که‌ به‌ دوو پێشه‌کی یه‌که‌میان هی شاعیر "یونس ره‌زایی"ه‌ و دووهه‌میان شاعیری سه‌مای سه‌رسامی خۆی بۆی نووسیوه‌.شاعیر ده‌ڵێ ئه‌م شێعرانه‌ی به‌رهه‌می ساڵه‌کانی 1384 تا 1388 ی هه‌تاوی ئه‌ون.دهنووسێ که‌ به‌رهه‌م هێنانی ئه‌م شێعرانه‌ هه‌وڵێکه‌ بۆ خستنه‌ ڕووی ئه‌زموونێکی جیاواز چ له‌ رووی زمانی و چ له‌ رووی ماناییه‌وه‌ هه‌ر وه‌ها هه‌وڵدانه‌ بۆ پێکهێنانی ده‌ربڕینێکی جیاواز له‌ ڕووی مانا و فۆڕمه‌وه‌ .

۲۱.۱.۸۹

شێعرێکی "سیلویا پلات"

 سیلویا پلات
وێچوونه‌کان

من رازێکم
له‌ نۆ بڕگه‌دا
فیلێک
گه‌وره‌ ماڵێک
شووتیه‌کی وێڵ له‌نێوان دوو باداک دا
میوه‌یه‌کی سوور
تۆپێک
یان کۆته‌ره‌ دارێکی شێدار
نۆردوو نانێکی له‌ ژێڵڵا هاتوو
باخه‌ڵێک پڕ له‌ پووڵی تازه‌
له‌ کۆمه‌ڵێک شت ومه‌ک ده‌چم
قوڵه‌ گۆچانێک به‌ مانگا و گوێلکه‌که‌یه‌وه‌
جانتایه‌ک پڕ له‌ سێوی کاڵ
له‌ ناو شه‌مه‌نده‌فه‌رێک دا
که‌ ناکرێ دابه‌زی لێی


Metaphors

I'm a riddle in nine syllables.
An elephant, a ponderous house,
A melon strolling on two tendrils.
O red fruit, ivory, fine timbers!
This loaf's big with its yeasty rising.
Money's -minted in this fat purse.
I'm a means, a stage, a cow in calf.
I've eaten a bag of green apples,
Boarded the train there's no getting off.

فۆرمالیسمی ڕووسی

سیرووس شه‌میسا
و.ئه‌حمه‌د چاک



فۆرمالیسم یه‌کێک له‌و ڕێبازه فیکری و ڕه‌خنه‌ییانه بوو که هه‌وڵی ده‌دا ئه‌ده‌بیات له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه تاوتوێ بکات. له ساڵی 1919 له شاری پێتریسبورگی ڕووسیا ئه‌نجوومه‌نێک به ناوی (ئه‌نجوومه‌نی تۆژینه‌وه له زمانی ئه‌ده‌بی‌دا)
(society for the study of literary language) دامه‌زرا یان (ئه‌نجوومه‌نی تۆژینه‌وه‌ی زمانی شێعری)(society for investigation of poetic) که کورتکراوه‌که‌ی ده‌بێته (opojaz). ئه‌ندامانی به‌ناوبانگی ئه‌و گرووپه که‌سانێکی وه‌کوو (بوریس‌ئاخێن‌باوم ـ شیکلۆفسکی ـ یاکو‌بیسکی) بوون. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وانه گرووپێکی‌تر (1915) ئه‌نجوومه‌نی زمانه‌وانی مۆسکۆیان (Moscow lingustic circle) دامه‌زراندبوو. چالاکی ئه‌وانه زیاتر لایه‌نی زمانه‌وانی ده‌گرته‌خۆ. ئه‌و دوو ئه‌نجوومه‌نه به‌یه‌که‌وه هاوکاریان هه‌بوو و هه‌ردووکیان له‌ژێر سه‌ردێڕی فۆرمالیسم پێناسه کراون.
به‌بڕوای فۆرمالیسته‌کان ئه‌ده‌بیات ته‌نیا کێشه‌یه‌کی زمانییه. که‌وابوو ده‌توانین بڵێین که زمانی ئه‌ده‌بی یه‌کێکه له جۆره‌کانی زمان و ده‌بێ له‌ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه تۆژینه‌وه‌ی بۆ بکرێ. ئه‌وان پێیان وابوو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ته‌نیا فۆرمه و له‌سه‌ر ئه‌وه جه‌ختیان ده‌کرده‌وه که ده‌بێ بۆ تاوتوێ‌کردنی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی فۆڕم گرینگ بێ نه‌ک ناوه‌رۆک. ..

۱۵.۱.۸۹

رۆڵان بارت و "مه‌رگی نووسه‌ر" له‌ به‌ستێنی ره‌خنه‌ی مۆدێڕندا


"ئه‌ده‌بیات نووسینه‌وه‌ی تێکته‌نراوی نیشانه‌کانه‌ .جۆرێکه‌ له‌ مه‌شق و ته‌جرووبه‌ کردن.ته‌جرووبه‌ کردنی نووسین." رۆڵان بارت

جۆری هاونشینی ئه‌م چه‌ند پیته‌ ساده‌یه‌ ی سه‌ره‌وه‌ بوون به‌ بنه‌مای لێکترازانێکی فیکری و به‌ خۆداچوونه‌وه‌یه‌کی بوێرانه‌ی تێگه‌ییشتنه‌کانی هاوچه‌رخ.
هه‌واڵی مه‌رگی خودای نیچه‌ چه‌نده‌ کاریگه‌ری هه‌بوو له‌ سه‌ر لێکترازانی پێوه‌ندیه‌ ئیدۆلۆژی و شیکاریه ‌فه‌لسه‌فیه‌کانی سه‌رده‌م،گوتاری مه‌رگی نووسه‌ری "رۆڵان بارت"یش هێنده‌ کاریگه‌ری هه‌بوو له‌ سه‌ر شێواندن و له‌ رێچکه‌ ده‌رکردنی ره‌وتی ره‌خنه‌و لێدوانه‌ ئه‌ده‌بی وبنه‌ما تئوریه‌کان.
نیچه‌ پێی وایه‌ ئیتر شه‌و به‌ سه‌ر رۆژی روونی بته‌کان داهاتووه‌ .له‌ بانگه‌وازێکدا هه‌یبه‌تی پڕسامیان داده‌ڕووخێنێ .به‌ له‌ قاو دانی واده‌ی مه‌رگیان به‌رد ده‌گرێته‌ ناو چاوانی ئه‌و ئه‌ندێشه‌ خۆبه‌زل‌زانه‌ی له‌ لایه‌که‌وه‌ هه‌موو تواناکانی خوێندنه‌وه‌ی له‌ پێناو شه‌رح کردنێکی داخراو له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌زه‌لیه‌کانیان ته‌رخان کردبوو،له‌ لایه‌کی تره‌وه‌‌ نکۆڵی ده‌کرد له‌ شوناسی کاراو چاره‌ نووس سازی مرۆڤ .
له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌دا رۆڵان بارتیش به‌ره‌نگاری ئه‌و هزره‌ به‌ ساڵاچوویه‌ ده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌ پێی نه‌ریت هه‌ڵس‌و‌که‌وتی له گه‌ڵ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌دا ده‌کرد و بڕوای به‌ ژیان و واتای ده‌ق ،به‌ده‌ر له‌ ژیان و روانینی نووسه‌ره‌که‌ی نه‌بوو.
بارت به‌ کۆمه‌ڵێک وتاری ره‌خنه‌یی،له‌ ناوه‌ندی هه‌موانیشدا "وتاری مه‌رگی نووسه‌ر"چ وه‌ک وتار و چ وه‌ک گوتار ،هه‌وڵی دا ره‌هه‌نده‌کانی چوونه‌ ناو ده‌قێکه‌وه‌ زیاتر و به‌رفره‌وانتر بکات ،بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌ هه‌ر زه‌مه‌نێکدا و به‌رده‌وام له‌ هه‌رخوێندنه‌وه‌یه‌کدا ‌واتای نوێتر و جیاواز تر بژی.ئه‌م چه‌مکه‌ جیهانگیره‌ بوو به‌ سه‌ره‌تایه‌کی پڕ ده‌سکه‌وت که‌ ته‌نیا له‌ خانه‌ی گێڕانه‌وه‌دا (وه‌ک ئه‌ده‌بیات)نه‌وه‌ستاوه‌ .به‌ڵکوو له‌وێوه‌ وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ ڕاڤه‌ کردن،دزه‌ی کرده‌ ناو باقی جمکه‌ مه‌عریفیه‌کانی تری سه‌رده‌م .هه‌میشه‌ش بۆته‌ هه‌گه‌ری ده‌مه‌ته‌قێو و لێدوانێکی زۆری درووست و نادرووستی ئێروئه‌وێ.
له‌ گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌مانه‌دا بۆ تێگه‌ییشتنی "مه‌رگی نووسه‌ر" هیچ نه‌بێ له‌ لای خۆمان- پێویستی زۆری به‌ پێدا چوونه‌وه‌ هه‌یه‌ .عه‌لی قاسمی له‌م وتاره‌وه‌ی ژێره‌وه‌دا زۆر به‌ چاکی قامک ده‌خاته‌ سه‌ر هۆیه‌کانی گوورانی ئه‌م تێزه‌ له‌ لای "بارت"ه‌وه‌ .خوێندنه‌وه‌یه‌کی شیاو و پێویسته‌ و تا ڕاده‌یکی زۆر رازخانه‌ی ئه‌م بیرۆکه‌ مه‌زنه‌ ده‌پشکنێ و ده‌ستی خوێنه‌ر واڵا ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر به‌ وتاره‌که‌ی مه‌رگی نووسه‌ری ڕۆڵان با‌رت دا بچێته‌وه‌ .
ده‌قی وتاره‌ که‌ی "مه‌رگی نووسه‌ر" ی"ڕۆڵان بارت" به‌ زمانی کوردی هه‌ر له‌م ماڵۆچکه‌یه‌ی شیکاردا هه‌یه‌.لێره‌وه‌ ده‌توانی یه‌کسه‌ر بچیه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌که‌.    رامان سۆفی سوڵتانی

...............................................................................................................................................................


رولان بارت و مرگ نویسنده‌ درحوضه‌ ی نقد مدرن
                                                               
                                                                                     علی قاسمی
رولان بارت ۱۹۸۰-۱۹۱5، Roland, Barthesبراي آنها ئیكه دل و دستي در نقد و نظريه ادبي معاصر دارند، نامي آشناست. وي يك «نظريه پرداز» در كمال معناي آن و نيز «نقاد» به معناي اخص كلمه است. بارت از جمله ناقداني است كه در دهه هاي اخير «نقد» را به نقد نشسته و با شكستن مدلول، فرهنگ و تاريخچه اين واژه در عرصه ادبيات و زبانشناسي، «نقد نو» را بنيان نهاده است.
ازاو مقالات مهمي در نشريات ادبي - هنري و نيز كتاب هايي چند به فارسي ترجمه شده است كه از آن جمله مي توان به درجه صفر نوشتار، نقد و حقيقت، اسطوره - امروز عناصر نشانه شناسي و نقد تفسيري اشاره کرد.
حوزه هايي كه بارت در آنها كار كرده، متعدد و بسيار گسترده است. وي علاوه بر اين كه در حوزه نظري خود به مؤلفه هايي چون اسطوره، نقد، نشانه شناسي و ادبيات و زبان توجه داشته است، در هريك از آنها نيز تأويل هايي تازه ارائه داده و ذهنيت مخاطب را با بنيان هاي تازه اي درگير و آشنا مي نمايد.

۱۳.۱.۸۹

فیلمنامه‌ی : نۆره‌ی ئه‌شقێنی


نووسینی :مۆحسێن مه‌خمه‌لباف
وه‌رگێرانی: فه‌وزیه‌ سوڵتانبه‌گی
-به‌هاری 1378

ئیستامبووڵ
 شه‌مه‌نده‌فه‌ر،رۆژ
گوێزه‌ل له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ داده‌به‌زێ.چڵێک گوڵی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌.له‌ وێستگه‌که‌ ده‌چێته‌ ده‌رێ
 باخی گشتی،درێژه‌...
پیره‌ پیاو دێته نێوباخه‌‌ گشتیه‌که‌.قه‌فه‌زه‌ به‌تاڵه‌که‌ی له‌ شوێنێک داده‌نێ وله‌ نێو داره‌کاندا به‌ شوێن ئه‌و باڵنده‌یه‌ی،ئاوازه‌ دڵگره‌که‌ی، باخه‌ گشتێکه‌ی داگرتووه‌ ده‌گه‌ڕێ.بۆساتێک سه‌معه‌که‌که‌ی له‌ گوێ ده‌ردێنێ.(ده‌نگ له‌ دیمه‌نی فیلمه‌که‌ ده‌بڕدرێ)ئه‌و سیم و دوو شاخه‌یه‌ی به‌ سه‌معه‌که‌که‌وه‌یه‌تی به‌ زه‌بته‌که‌یه‌وه‌ ده‌نێ و ده‌نگی باڵنده‌یه‌ک له‌ زه‌بته‌که‌یه‌وه‌ ده‌بیستێ. پاشان ده‌نگی زۆر ده‌کات .پاش تاوێک بێده‌نگی باڵنده‌یه‌ک وڵامی ده‌نگه‌که‌ ده‌داته‌وه‌.پیره‌ پیاو که‌یفی سازه‌ .قه‌فه‌زه‌که‌ له‌ سه‌رکورسییه‌ک داده‌نێ و لۆچێک دان به‌ شێوه‌ی هێڵێک ،تا ناو قه‌فه‌زه‌که‌ رۆده‌کات ئه‌وسا به‌ ده‌ست لاسایی باڵنده‌یه‌ک ده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌ شوێن دانه‌کاندا خۆ به‌ قه‌فه‌زه‌که‌ دا ده‌کات

۱۰.۱.۸۹

تامی گێلاس

                                                                                                 مه‌هدی زریان-2002
له‌و دیوی ته‌لبه‌ندی زیندانه‌کانه‌وه‌
گریانێک ده‌بیستم..
شینتر له‌ ئاسمان و
شێدارتر له‌ هه‌ور.
له‌ نێو له‌پی له‌رزۆکی ئه‌م شه‌وه‌ پێره‌دا
تیشکی مۆمێک ده‌بینم..
دڵی با ناشکێنێت و
چه‌شنی کوبڕا سه‌ما ده‌کا.
گوێم لێیه‌...
باڵنده‌ی گۆرانیه‌کی خه‌ماوی
لێوی که‌سێکی نه‌ناسراو جی ده‌هێڵێ
ئارام ...ئارام
به‌ ئاسمانی ئه‌م شاره‌دا
هه‌ڵده‌فڕێ
بارانێش ده‌بیته‌ نۆته‌ی مۆسیقا
به‌سه‌ر باڵای ره‌شی شه‌و دا
داده‌بارێ!


2
من هه‌ممیشه‌
له‌م دیوی په‌نجه‌ره‌ هه‌ڵماویه‌کانه‌وه‌
گوێ له‌ دڵی باران و شه‌و ده‌گرم!
من له‌ فه‌رهه‌نگی هه‌ڵه‌دا..
مێژووی له‌ دایک بوونی ده‌ریا ده‌خوێنمه‌وه‌
له‌ حیکمه‌تی توانه‌وه‌ی
ئه‌و ره‌نگانه‌ راده‌مێنم
که‌ له‌ سه‌رابدا ده‌خنکین.
3
رۆژانه‌ تیشکه‌ ورد و خاش بووه‌کانی رووناکی
له‌ شوێن کلیلی ده‌رگاوه‌ دێنه‌ ژوورێ و
له‌ سه‌ر شانی سڕی ته‌نیاییم ده‌نیشنه‌وه‌.

که‌سێک له‌و دیوی سیمای شکاوی ئێواره‌کانه‌وه‌..
چیرۆکی یاخی بوون و
ئه‌و په‌ریه‌ لێو هه‌نگوونیانه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌
که‌ له‌ باخچه‌کانی خۆیان ده‌ریان کردین و
به‌ ئیبلیسه‌کانی رۆژگاریان ئاشنا کردین!!
که‌سێک..
چاوه‌کانی پڕ ده‌بن له‌ ورده‌ شووشه‌ی ئه‌سرین و
به‌ هه‌نیسکه‌وه‌ ده‌ڵێ :
من تا ئێستا
باخێکم نه‌بینیوه‌ به‌رائه‌تی لێ بڕژێته‌وه‌
په‌رییه‌ک ناناسم له‌ نه‌ژادی ته‌م" .
4
پیره‌ پیاوێکی گه‌ڕیده‌ و
مناڵێکی بنێشت فرۆش ..
هه‌موو رۆژێ
له‌ ناوه‌ راستی شه‌قامه‌ یه‌کتر بڕه‌کانی
ئه‌م شاره‌ داخراوه‌دا به‌یه‌ک ده‌گه‌ن
پیاوه‌که‌ به‌ گومانه‌وه‌ ده‌پرسێ ..
ئه‌رێ مناڵ...تۆ نازانی ماڵی خودا
ده‌که‌وێته‌ کوێی ئه‌م شاره‌ جه‌نجاڵه‌وه‌؟!
ئه‌ویش بۆ سێبه‌ره‌که‌ی خۆی ده‌ڕوانێ
لێوه‌کانی ده‌له‌رزێت و هیچیش ناڵێ.
تۆ که‌سێکت پێ شک نایه‌ت
له‌ خه‌ونیدا فریشته‌یه‌ک ره‌نگی خودای نیشان دابێ
ئه‌ویش ته‌نیا سه‌ر باده ‌دا و جێی ده‌هێڵێ!!
5
ئه‌ی مه‌رگ!
تۆ هه‌میشه‌ له‌ درزی برینه‌کانمه‌ دێیه‌ ژووری و
به‌ سه‌ر پرده‌ به‌ردینه‌کانی چاره‌نووسدا
ده‌مپه‌ڕینیته‌وه‌ ئه‌و به‌ری لێواره‌کانی بوون!
ئارامت بی..
من تا ئێستا..
بۆنی خوێنی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ ونانه‌
ده‌متاسێنێ
که‌ له‌ کاتی نووسینی نامه‌یه‌کدا بۆ یار
نامه‌ردانه‌ له‌ پشته‌وه‌ ده‌یان پێکن.
ئارامت بێ !
من تا ئێستا..
چێژی ته‌واوم له‌ گێلاس وه‌رنه‌گرتووه‌
"توو"ی شیرینم به‌ دوو مناڵی قوتابی نه‌به‌خشیوه‌
.
لێم گه‌ڕێ با گوڵی گه‌نم له‌ نێو خوێنم ره‌گ داکوتی
من دڵنیام له‌ گه‌ڵ نان و گوڵه‌کاندا
حه‌شر ده‌کرێم
لێم گه‌ڕێ با شه‌ڕابی "سێو" مه‌ستم بکات
من دلنیام به‌ن ته‌مه‌نه‌ لاوازه‌وه‌..
له‌ زمانی ئه‌م هه‌مووه‌ شه‌پۆله‌ ناگه‌م!

۸.۱.۸۹

به‌یاننامه‌ی لێژنه‌ی داوه‌رانی فستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی کوردی(پیرانشار)

به‌شداربووانی هێژا! نووسه‌ران و ئه‌دیبانی به‌ڕێز!

له‌و کات و ساته‌وه‌ که‌ شێعر له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری‌دا هه‌م وه‌ک هونه‌ر و هه‌م وه‌ک میدیا، له‌ لایه‌که‌وه‌ ده‌وری داهێنان و له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌وری راگه‌یاندنی گێڕاوه‌، هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی چاوه‌ڕوانیی شاعیران ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ باری زیادیی سه‌ر شانی شێعر، واته‌ ئه‌و به‌شه‌ی که‌ پێوه‌ندیی به‌ لایه‌نی هونه‌ریی شێعره‌وه‌ نیه‌، داماڵدرێت، شێعر توندوتۆڵترین پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆز و ئه‌ندیشه‌ و تێفکرینی مرۆڤی کورد‌ هه‌بووه‌.

به‌شداربووانی هێژا! نووسه‌ران و ئه‌دیبانی به‌ڕێز!...

درێژه‌ی هه‌واڵ..

فستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی كوردی له‌ پیرانشار به‌ڕێوه‌ چوو

دوای دوو رۆژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی شێعر و لێكۆڵینه‌وه‌ و گفتوگۆی ئه‌ده‌بی، دوانیوه‌ڕۆی رۆژی هه‌ینی 21ی ره‌شه‌مه‌ی 1388ی هه‌تاوی مه‌راسیمی كۆتایی پێهێنان و به‌خشینی خه‌ڵات به‌ براوه‌كانی فستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی كوردی له‌ پیرانشار به‌ڕێوه‌ چوو.

ناوی براوه‌كانی فیستیواڵه‌كه‌ راگه‌یه‌نرا
*شه‌ش كه‌س بوونه‌ براوه‌ی خه‌ڵاتی به‌شی ئازادی فستیواڵی شیعری هاوچه‌رخی كوردی و كه‌سێكیش هه‌ر له‌و به‌شه‌دا خه‌ڵاتی به‌رده‌نگانی وه‌رگرت
*خه‌ڵاتی به‌شی تایبه‌ت به‌ شه‌هیدانی سڤیلی 17ی ره‌شه‌مه‌ به‌خشرایه‌ سێ كه‌س

درێأه‌ی بابه‌ت...

گه‌ڕان له‌م ماڵۆچکه‌دا