سیرووس شه‌میسا
و.ئه‌حمه‌د چاک
فۆرمالیسم یه‌کێک له‌و ڕێبازه فیکری و ڕه‌خنه‌ییانه بوو که هه‌وڵی ده‌دا ئه‌ده‌بیات له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه تاوتوێ بکات. له ساڵی 1919 له شاری پێتریسبورگی ڕووسیا ئه‌نجوومه‌نێک به ناوی (ئه‌نجوومه‌نی تۆژینه‌وه له زمانی ئه‌ده‌بی‌دا)
(society for the study of literary language) دامه‌زرا یان (ئه‌نجوومه‌نی تۆژینه‌وه‌ی زمانی شێعری)(society for investigation of poetic) که کورتکراوه‌که‌ی ده‌بێته (opojaz). ئه‌ندامانی به‌ناوبانگی ئه‌و گرووپه که‌سانێکی وه‌کوو (بوریس‌ئاخێن‌باوم ـ شیکلۆ‌فسکی ـ یاکو‌بیسکی) بوون. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وانه گرووپێکی‌تر (1915) ئه‌نجوومه‌نی زمانه‌وانی مۆسکۆیان (Moscow lingustic circle) دامه‌زراندبوو. چالاکی ئه‌وانه زیاتر لایه‌نی زمانه‌وانی ده‌گرته‌خۆ. ئه‌و دوو ئه‌نجوومه‌نه به‌یه‌که‌وه هاوکاریان هه‌بوو و هه‌ردووکیان له‌ژێر سه‌ردێڕی فۆرمالیسم پێناسه کراون.
به‌بڕوای فۆرمالیسته‌کان ئه‌ده‌بیات ته‌نیا کێشه‌یه‌کی زمانییه. که‌وابوو ده‌توانین بڵێین که زمانی ئه‌ده‌بی یه‌کێکه له جۆره‌کانی زمان و ده‌بێ له‌ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه تۆژینه‌وه‌ی بۆ بکرێ. ئه‌وان پێیان وابوو به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ته‌نیا فۆرمه و له‌سه‌ر ئه‌وه جه‌ختیان ده‌کرده‌وه که ده‌بێ بۆ تاوتوێ‌کردنی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی فۆڕم گرینگ بێ نه‌ک ناوه‌رۆک. ..
ئه‌وان له بنه‌ڕه‌ت‌دا دژی دابه‌ش‌کردنی به‌رهه‌م به دوو ته‌وه‌ری فۆرم و ناوه‌رۆک بوون. ڕه‌نگه ناوه‌رۆک هه‌ڵگری هه‌ست و عاتیفه و بیرۆکه بێ به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه له‌راستیدا وه‌کوو به‌شێک له ماکه‌کانی زمانی دێنه ئه‌ژمار. ئه‌و شته‌ی یارمه‌تی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ده‌دا هه‌تا شکڵی ئه‌ده‌بی به‌خۆیه‌وه بگرێ له‌ڕاستیدا فۆڕمی به‌رهه‌می هونه‌ری و چۆنیه‌تی چنینی ماکه‌کانی زمانییه. ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ی (فۆتۆریسته‌کان) که به هیچ شێوه ئاوڕیان وه‌سه‌ر ناوه‌رۆک نه‌ده‌داوه، له هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندی نێوان فۆڕم و ناوه‌رۆک‌دا بوون که تێیدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون.
هاوسه‌نگی وشه‌ی فۆرمالیسم یا ده‌ستکه‌وتی فۆرمالیسم له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی رۆژئاوا‌دا قوتابخانه‌ی (ره‌خنه‌ی خۆیnew critics )ه و له زمان‌ناسی گشتی‌دا(synchronic) ه. به‌ڵام شه‌پۆلی هاوچه‌رخی ئه‌و زاراوه‌یه له ئه‌ورووپای ئه‌وکات‌دا قوتابخانه‌ی ڕوون‌کردنه‌وه و شرۆڤه‌ی ده‌ق (explication de texte) له فه‌ڕه‌نسه بوو.
ده‌مارگرژی ئیستالێیسته‌کان که له‌ڕاده‌به‌ده‌ر هه‌وڵیان ده‌دا هه‌موو دیارده‌یه‌ک و له‌وانه ئه‌ده‌بیات به‌پێوه‌ری ئابووری هه‌ڵسه‌نگێنن و هه‌روه‌ها که‌سانێکی وه‌کوو «لئۆن ترۆتێسکی» که بڕوای وابوو داهێنانی هونه‌رمه‌ندانه دونیای ڕاسته‌قینه چه‌واشه ده‌کات یا به جۆرێک داگۆڕان له‌ڕه‌سته‌قینه‌دا به‌دی‌دێنێ، بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێبازه هه‌ر له‌هه‌ڕه‌تی لاوی‌دا له‌ناو بچێ و له ده‌ورووبه‌ری ساڵه‌کانی 1930 دا به کۆتایی ژیانی بگات. ئه‌مه له کاتێک‌دایه که که‌سێکی وه‌کوو «سادقی هیدایه‌ت» له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه که ئه‌ده‌بیات چه‌شنێک (transpostion) یان داگۆڕانی راسته‌قینه‌یه‌ک به راسته‌قینه‌یه‌کی‌تره. «شیکلۆ‌فسکی» ده‌ڵێ: «به‌رده‌وام هونه‌ر له ڕاسته‌قینه دابڕاوه». به وته‌ی «تۆرترۆپ‌فڕای»: هیچ‌که‌س متمانه‌ی له‌سه‌تاسه‌دی به بابه‌تی کتێبه ئه‌ده‌بییه‌کان نییه.
شێوازی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی لادان له ڕێسای باوی زمانی ڕۆژانه و به‌رهه‌مه‌کانی‌تره. ئه‌و لادانه ده‌توانێ هه‌ڵسه‌نگێندرێ، شی بکرێته‌وه و شرۆڤه بکرێ. کاتێک له‌و دوو لایه‌نه‌ی خواره‌وه بدرێته به‌ر سرنج:
1. به‌دیهێنانی ئاڵ‌و‌گۆڕی له ڕواڵه‌تی زمانی ڕۆژانه‌دا(deformation)
2. جوانکارییه ئه‌ده‌بییه‌کان که ده‌بنه هۆی به‌دیهاتنی ئاشناییسڕینهوه له ده‌قێکی ئه‌ده‌بی.
که‌سایه‌تییه‌کانی فۆرمالیسم: figures of speech ڕۆمه‌ن‌یاکوبسێن:
ـ ڕۆمه‌ن‌یاکوبسێن سه‌ره‌تا ئه‌ندامی بازنه‌ی زمانه‌وانی مۆسکۆ بوو. دواتر دوای ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی فۆرمالیسم له‌ناو ده‌چێ کۆچ ده‌کا بۆ (پیراگی چێکووسلوواکیا). دواتر ئه‌زموونی فۆرمالیستی گوازته‌وه بۆ وڵاتی ئه‌مریکا. زاراوه گرینگه‌کانی یاکوبسێن بریتین له:
1. بیردۆزی پێوه‌ندی زمانی: (بنێر ـ وه‌رگر ـ په‌یام ـ کۆدـ پێوه‌ند ـ ته‌نراو(بافت))
2. جێنشینی و هاونشینی (مه‌جاز ـ خوازه)...
شاعیران به‌ئانقه‌ست له ته‌وه‌ری جێنشینی و هاونشینی ده‌س‌وه‌رده‌ده‌ن.
دێیوید‌لاج:
ـ دێیوید‌لاج:« کورتکراوه‌ی بیردۆزی یاکوبسێن ئه‌وه‌یه که له هه‌ر شێوه‌یه‌ک له وتار‌دا بابه‌تێک پێوه‌ندی ده‌درێ به بابه‌تێکی‌تره‌وه. ئه‌و دوو بابه‌ته یا له لایه‌نێکه‌وه وه‌کوو یه‌کتری ده‌چن یان له‌په‌نا یه‌کتری هاونشین ده‌کرێن. که‌وابوو به بڕوای یاکوبسێن
هه‌موو جۆره‌کانی زمان یان بۆ لایه‌نی خوازه‌یی ده‌گه‌ڕێنه‌وه یان بۆ لایه‌نی مه‌جازی. بۆ وێنه رئالیست و به گشتی په‌خشان و داستان بۆ قوتبی مه‌جازی و رۆمانیسم و به گشتی شێعر بۆ قوتبی خوازه‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه».
ڕینی‌وێڵک:
ـ له باشی شێعر‌دا زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر ئاهه‌نگ و موسیقی شێعر ده‌کات و چه‌مکی ئۆرکێسترێشن (orchestration) که کارتێکه‌ری گشتی شێعری له ئه‌ستۆیه له زاراوه‌کانی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ن.
ڤیکتۆر‌شیکلۆفسکی:
ـ (ڕاسانی وشه) به‌رهه‌می ئه‌و که‌سایه‌تییه. له بواری مێژووییه‌وه ئه‌و وتاره، (هونه‌ر وه‌کوو جوانکاری) وه‌کوو بنچینه‌ی فۆرمالیست دێته ئه‌ژمار. له ڕوانگه‌ی شیکلۆ‌فسکی‌یه‌وه ئه‌ده‌بیات کۆمه‌ڵه ئامرازێکی (device) شێوازییه که له‌و‌دا به‌کار دێت و که‌ڵکی لێوه رده‌گیرێ.
وه‌ده‌رخستن(laying bare): ڕۆمان ده‌بێ فه‌ن و تێکنیکه‌کانی بۆ خوێنه‌ر وه‌ده‌رخات. هه‌رچه‌ن ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه به پێچه‌وانه‌ی بیری سوننه‌ته که پێیان وابوو هونه‌ر ده‌بێ جوانی و سه‌ناعاتی خۆی بشارێته‌وه(ars celare artem) ئه‌و زاراوه‌یه وێڕای زاراوه‌ی ئاشناییسڕینهوه به وته‌ی «ڕامان‌سیلدێن» له به‌دیهاتنی چه‌مکی بێگانه‌سازی «بێرتۆڵت‌برێشت»دا کاریگه‌رییان بووه. به بڕوای شیکلۆ‌فسکی ناوه‌ندی کاری هونه‌ری به‌دیهێنانی ئاڵ‌و‌گۆڕ له ڕاسته‌قینه دایه (deformation ofreality) یان به وته‌ی خۆی (making strange) «ویلیا‌م ئێمپسۆن» شاگردی «ئی.ئی‌ڕیچاردز» به‌بێ ئه‌وه‌ی نێوی شیکلۆ‌فسکی بێنێ ده‌ڵێ:«هونه‌ر دوژوار ده‌کات» و تێگه‌یشتن له‌و دوژوارییه کێشه‌یه‌کی هونه‌رییه.
یه‌کێکی‌تر له باسه‌کانی، باسێکه له‌باره‌ی (plot) ناو‌کی چیرۆک‌دا که به‌بڕوای وی ده‌بێته هۆی ئاشناییسڕینهوه له چیرۆک‌دا (dfamilization) یانی تێگه‌یشتن له چیرۆک تووشی گرفتی کاتی ده‌کات.
میخاییل‌باختین به سرنج‌دان به باسه‌کانی شیکلۆ‌فسکی ده‌رباره‌ی (لیکۆژی وت‌و‌وێژ) چه‌مکی (نێوان‌ده‌قی) بنیات ده‌نێ.(intertextuality relationship)
ئه‌و ده‌قانه‌ی که بابه‌تی هاوبه‌شیان هه‌یه له هه‌موو کاتێک‌دا پێوه‌ندییان هه‌یه و وت‌و‌وێژ ده‌که‌ن. له وتاری (هونه‌ر به وێنه‌ی جوانکاری)دا شیکلۆ‌فسکی ده‌ڵێ: هه‌رچه‌نده ئاشنایی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتی رابردوو زیاتر بێ زیاتر متمانه ده‌که‌ین که هیچ بابه‌ت و وێنه‌یه‌ک بێ‌سابیقه و تازه نییه. به‌ڵکو شێوه‌ی ده‌ربڕینه‌که‌ی جیاوازه. که‌وابوو کێشه‌که له زمان دایه یانی به‌شێکی زۆری داهێنان له شێوه‌ی ده‌ربڕین و به‌کارهێنانی زمان دایه.
که‌سانێکی له چه‌شنی بوریس ئاخێن‌باوم، بوریس‌توماشێفکی که وتارێکی له‌مه‌ڕ عه‌رووزه‌وه هه‌یه، یوری‌تینیانۆف، اوزیب‌بریک، وینۆ گرادۆف، ژیرمونسکی و ... له
که‌سایه‌تییه‌کانی‌تری فۆرمالیستن.
«به‌رهه‌می پێکه‌وه لکانی (مارکسیست ـ فۆرمالیست) که‌سانێکی وه‌کوو ویلۆشینۆف، باختین و وینۆ‌گرادۆفه».
فۆڕم:
به‌و کۆمه‌ڵه ماکانه‌ی که به‌گشتی ته‌نراوی (بافت) به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی پێک‌دێنن فۆڕم ده‌وترێ. که‌وابوو (کێش، قافیه، نه‌بزۆک، بزۆک، بڕگه، شێوه‌کانی خه‌یاڵ، جوانکاری ئه‌ده‌بی، ڕوانگه‌ی دیتن، پلات و...) هه‌موویان به‌شێکی فۆڕمی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بین. به‌و مه‌رجه‌ی هه‌رکام له‌وانه له پێکهاته یا ته‌نراوی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی‌دا ڕۆڵی خۆیان هه‌بێ. هیچ ماکێکی به‌رهه‌م نابێ زیادی بێ یان به وته‌ی ڕه‌خنه‌گران بێکار بێ. ده‌بێ بۆ ڕۆڵی هه‌رکام له‌و ماکانه ئاماژه بکرێ و ئه‌رکی جوانی‌ناسی ئه‌وان ڕوون کرێته‌وه.
هه‌ر ماکێکی ئه‌ده‌بی له کۆی نیزامی (system) ئه‌رک و کرده‌وه‌یه‌کی له ئه‌ستۆیه، به‌شێکه له فۆڕم. فۆڕمی نوێ بۆ ده‌ربڕینی ناوه‌رۆکی نوێ به‌دی‌نایه به‌ڵکو فۆڕمی نوێ دێ هه‌تا جێنشینی فۆڕمی کۆن بکرێ که به‌شێکی زۆری له وزه و تایبه‌تمه‌ندی جوانی‌ناسی خۆی له‌ده‌ست‌داوه. تینیانۆف ده‌ڵێ: «ئاڵ‌و‌گۆڕی ئه‌ده‌بیات و کێشه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی له‌ڕاستیدا هه‌ر کێشه‌ی جێنشینی فۆڕمه‌کانه».
ته‌نیا ده‌ق:
به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی له ڕوانگه‌ی فۆرمالیسته‌کانه‌وه سه‌ربه‌خۆیه. به‌ته‌نیا ده‌ق ده‌توانێ کێشه‌کانی خۆی روون‌کاته‌وه. ده‌بێ بزانین به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی بۆ ئه‌ده‌بییه و چ تایبه‌تمه‌ندییه‌ک بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که نووسراوه‌یه‌ک ئه‌ده‌بی بێ. به‌رهه‌می ئه‌و بیردۆزییه به‌دیهاتنی قوتابخانه‌گه‌لێکی له چه‌شنی (ڕه‌خنه‌ی نوێ، قوتابخانه‌ی شیکاگۆ)یه که له‌وانیش‌دا جه‌خت هه‌ر له‌سه‌ر ده‌قی ئه‌ده‌بییه نه‌ک کێشه‌گه‌لی ده‌ره‌وه‌یی.
لادان له ڕێسا یان نۆڕم: (deviation from the norm)
زمانی ئه‌ده‌بی لادان له زمانی پێوه‌ره، که‌وابوو شێوازی ئه‌ده‌بی ده‌بێ له سۆنگه‌ی لادان و هاتنه‌ده‌رێ له‌و ڕێسایانه تاوتوێ بکرێ. ئه‌و لادانانه شیاوی وردبوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنن. ئه‌و بابه‌ته یه‌کێک له گرینگ‌ترین بابه‌ته‌کانی فۆرمالیسته که ئه‌وڕۆکه بنچینه‌ی سه‌ره‌کی باسه‌کانی شێوازناسی ده‌گرێته‌خۆ. ئه‌و بابه‌ته به جۆره‌کانی «ده‌نگی، وشه‌یی، سێتاکسی و واتایی و ...» پۆلێن‌به‌ندی کراوه.
نامۆ‌کردن، ئاشناییسڕینهوه:
ئه‌رکی سه‌ره‌کی هونه‌ر به‌دیهێنانی ئاڵ‌و‌گۆڕ له ڕاسته‌قینه‌دایه. ئه‌رکی زمانی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌یه که خووی ئێمه له‌مه‌ڕ تێگه‌یشتن و هه‌ست‌کردنی ئێمه به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له شێوه‌ی نامۆ و نائاسایی تێک‌بشکێنێ و هه‌ر له‌و تێکشکاندنه‌ش‌دایه که فۆڕمی (form) به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی زه‌ق ده‌کرێته‌وه و خۆ‌یا ده‌بێ. زۆربه‌ی دیارده جوانی‌ناسییه‌کان ئه‌ورۆکه بۆ ئێمه به هۆی به‌کارهێنانی زۆره‌وه ئاسایی بوونه‌وه و کاریگه‌ری خۆیان له‌ده‌ست داوه. به‌ڵام به نامۆ‌کردن ده‌توانین سه‌رله‌نوێ که‌ڵکیان لێوه‌رگرین. شیکلۆ‌فسکی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ :«ئه‌و که‌سانه‌ی له قه‌راغ ده‌ریا ده‌ژین گوێیان له ده‌نگی ده‌ریا نابێ ئه‌مه له‌کاتێک دایه که بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که تازه دێنه ئه‌وێ، ده‌نگی زه‌ریا ئاشکرایه». مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی ماکه کۆنه ئه‌ده‌بییه‌کان چ دیارده‌ی جوانی و چ عه‌رووزی و چ به‌یانی و... بۆی هه‌یه ئه‌وڕۆکه بۆ ئێمه ئاسایی بووبێته‌وه.
«ویلیام‌ئێمبسۆن» له کتێبی حه‌وت‌جۆر‌ئاڵۆزی (ئێبهام)دا ده‌ڵێ:«هونه‌ر دوژوار ده‌کاته‌وه، تێگه‌یشتن له‌و دوژوارییه و له‌نگه‌ر گرتن له‌سه‌ر ئه‌وه که سه‌رچاوه‌ی چێژ و ئه‌زموونی جوانی ناسییه».
ئه‌وڕۆکه له‌بری زاراوه‌ی نامۆ‌کردن (defamiliarization) زاراوه‌ی ئاشناییسڕینهوه بره‌وی په‌یدا کردووه. هونه‌ر خوویه‌کانی ده‌گۆڕێ و ئاشناکان نامۆ ده‌کاته‌وه.
شێوه‌کانی ئاشناییسڕینهوه:
1. مه‌جاز، خوازه، کینایه: لادانی وشه‌کان له واتای سه‌ره‌کی. شیکلۆ‌فسکی ده‌ڵێ: «یه‌کێک له شێوه‌کانی ئاشناییسڕینهوه ئه‌وه‌یه نێوی شته‌کان نه‌به‌ین به‌ڵکو ئه‌وان به جۆرێک پێناسه بکه‌ین که وه‌کوو ئه‌وه وابێ بۆ یه‌که‌م‌جار ده‌یانبینین.
2. جوانکاری ئه‌ده‌بی.
3. پێناسه‌ی سه‌رله‌نوێ: به گێڕانه‌وه‌یه‌کی نوێ یان ئاراسته‌کردنی وێنه‌ی نوێ.
4. ده‌ستێوه‌ردان له ته‌وه‌ری هاونشینی: هه‌ر جۆره ده‌ستکاری له پێوه‌ندی ئاسۆیی وشه‌کان پێکه‌وه.
مۆسیقا:
(ئوزیب‌بریک) جه‌خت له‌سه‌ر دووپاته‌کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان له شێعر‌دا ده‌کات.
.(sound repetition) دواتر (ڕینه‌وێڵک) وتی که کارتێکه‌ری سه‌ره‌کی شێعر له‌ئه‌ستۆی ئاهه‌نگه‌که‌یه‌تی یان (ئۆرکێسترێشێن)(orchestration) و به کورتی په‌یامی شێعر هه‌ر ئۆرکێسترێشێنه. مۆکاروفسکی له سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوو که له نێوان شێعر و په‌خشان‌دا جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ نییه، به‌ڵام شێعر سیستماتیک‌تر و سه‌قامگیرتر له په‌خشانه. به‌گشتی جیاوازی ئه‌و دوانه له کێش و ڕاده‌ی ئاهه‌نگی‌بوونی ئه‌وان دایه. ئه‌وان هه‌روه‌ها زاراوه‌ی (euply) یانی (ده‌نگ‌خۆش)یان گه‌ڵاڵه کرد.
زه‌ق کردنه‌وه: foregroanding
forefrounding به واتای ڕواڵه‌ت و پێشه‌وه به قیاسی background به واتای زه‌مینه و پشت و دواوه سازکراوه که لێره‌دا گه‌ڵاڵه‌ی زمانی ئاساییه. فۆرگراندینگ لادانی به‌رچاو له زمانی ئاسایی ڕۆژانه‌یه. (هاڵیدێی) زمان‌ناسی به‌ناوبانگ له پێناسه‌ی ئه‌و زاراوه‌یه‌دا ده‌ڵێ:«ئه‌و زه‌ق‌کردنه‌وه‌یه‌ی کاریگه‌ر بێ و خوێنه‌ر داچڵه‌کێنێ». هه‌ر به‌و شێوه زمان‌ناسێکی‌تر به ناوی (لیچ) زه‌ق‌کردنه‌وه ئاوا پێناسه ده‌کات.
(Artistically motivated deviation) یانی لادان و سه‌رپێچی هونه‌رمه‌ندانه، لادانێک که ئه‌نگیزه‌ی هونه‌ری تێدابێ.
له قوتابخانه‌ی (پێراگ)دا ڕۆڵی (function)ی هونه‌ری له گره‌وی فۆرگراندینگ دایه. چونکوو به بڕوای ئه‌وان زمان، ساکار و ڕه‌وان یان به ناو خودکاره و له بنه‌ڕه‌ت‌دا سرنجی که‌س بۆ خۆی ڕاناکێشێ. هه‌ر بۆیه له سه‌ری له‌نگه‌ر ناگرین. فۆرگراندینگ ده‌بێته هۆی ڕاوه‌ستانی ڕه‌وان‌بوون .de_automatizationیانی وشه و ده‌سته‌واژه‌ی له‌په‌ڕتاو و نامۆ و به‌رجه‌سته له ڕه‌وتی خوودکاری زمان‌دا مه‌ودا به‌دیدێنن و به وته‌ی یاکوبسین (parazit) که‌وابوو ده‌بێته هۆی سرنجی خوێنه‌ر. له لایه‌کی‌تریش ئه‌و ته‌مهیدانه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، ئه‌و وزه پێش‌بینییه‌ی که له خوێنه‌ر دایه و بێ‌تام بووه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له سستی بدات. فۆرگراندینگ گرینگ‌ترین جۆری لادان له زمانی ئاساییه و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی وتار له چنگ کلێشه‌بوون و دووپات‌بوونه‌وه نه‌جات بدات و سرنجی خوێنه‌ر له (what is said?) بۆ بابه‌ت یانی (what is it said?) یا تکنیک و شێوه‌ی ده‌ربڕین و خودی زمان که بابه‌تی ئه‌ده‌بیاته ڕاده‌کێشێ. هه‌ر بۆیه له ڕۆژکاری ئه‌وڕۆدا ئه‌و زانایانه‌ی له ڕوانگه‌ی زمانناسییه‌وه ده‌ڕواننه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی فۆرگراندینگ وه‌کوو بنه‌مای شێوازی ئه‌ده‌بی ده‌خه‌نه به‌ر سرنج. له‌ڕاستیدا فۆرگراندینگ یه‌کێک له گرینگ‌ترین ماکه‌کانی پێکهاته‌ی ئه‌ده‌بییه. چونکوو:
1. له هه‌موو وتارێکی ئه‌ده‌بی‌دا فۆراندینگ به‌رچاو ناکه‌وێ.
2. هه‌میشه لادان فۆرگراندینگ نییه.
3. باسی فۆرگراندینگ هه‌ر بۆ شێعر و به‌شی زمان نییه و جاری‌واش هه‌یه له چیرۆکیش‌دا له بواری بابه‌ت و که‌سایه‌تی و توکمی داستانییه‌وه ده‌کرێ به شوێن فۆرگراندینگ بگه‌ڕێین.
به وته‌ی لیچ فۆرگراندینگ به دوو شێوه دێته‌دی.
1. لادان له ڕێسا(deviation): له ئاستی ده‌نگ، وشه، سینتاکس، واتایی و... و زۆرجار له بواری به‌دیعی واتایی و شێعر‌دا.
2. زیاد‌کردنی ڕێسا (extra regularity):که زۆربه‌ی کات له بواری به‌دیعی له‌فزی دایه و نه‌زم (به واتا نه‌ریتییه‌که‌ی) ساز ده‌کات. له‌ڕاستیدا زۆرجار ڕێساگه‌لێک به‌سه‌ر زمانی ئاسایی ئاخافتنی دا زیاد ده‌کات. «زمان ڕێسا وه‌رده‌گرێ».
چه‌ن خاڵی جێی سرنج:
ئا. نیشان‌دانی فۆرگراندینگ له سه‌ر بنه‌مای زمانی ئاخافتنی ئه‌وڕۆیه و زمانی کۆن بۆ ئێمه به شێوه‌ی خودکار فۆرگراندینگه.
ب. زۆرجار به‌شێوه‌ی ئاگایانه و جاری‌واش هه‌یه شێوه‌ی نائاگایانه به‌کار دێت. بابه‌تی یه‌که‌م بۆ شاعیرانی به‌ئه‌زموونه و بابه‌تی دووهه‌م بۆ شاعیرانی ده‌ره‌جه دوو و بێ‌ئه‌زموونه.
ج. به‌شێوه‌ی سه‌ڵت و یه‌کجاری فۆرگراندینگ ناتوانێ وه‌کوو بنه‌مای شێوازی ئه‌ده‌بی بناسرێ. چونکو هێندێک له شاکاره ئه‌ده‌بییه‌کان ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یان نییه.
د. هه‌موو لادانێک فۆرگراندینگ نییه.
ه. فۆرگراندینگ له بواری واتا‌شه‌وه بوونی هه‌یه.
ئه‌ده‌بییه‌ت: literariness / poeticalness
کاتێک دوو ده‌قی ئه‌ده‌بی و نائه‌ده‌بی به‌یه‌که‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنین، جیاوازی ئه‌و دوانه ده‌توانرێ وه‌کوو (ئه‌ده‌بییه‌ت) پێناسه بکرێت. دیاری کردنی ئه‌ده‌بییه‌تی ده‌ق به‌سرنجدان به زانستی ئه‌ده‌بی مه‌یسه‌ر ده‌بێ. به‌بڕوای تینیانۆف ئه‌ده‌بیات کاتێک زانسته که بابه‌تی به‌رباسی ئه‌ده‌بییه‌تی که‌لام بێ. یاکوبسین ده‌ڵێ:«بابه‌تی ئه‌ده‌بیات باس له ئه‌ده‌بی‌بوونی ده‌قه‌که‌یه».
زانستی ئه‌ده‌بی:
بابه‌ته‌کانی زانستی ئه‌ده‌بیات جۆراوجۆر و به‌ستێنه‌که‌ی له به‌لاغه‌ته‌وه هه‌تا شێواز و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ه‌بی و جۆره‌کانی ئه‌ده‌بی ده‌گرێته‌خۆ.
چیرۆک و ناو‌کی چیرۆک:
ئا. چیرۆک تێگه‌یشتنی گشتییه، به نیسبه‌ت هه‌موو گێڕانه‌وه چ ئه‌و ڕووداوانه‌ی باسیان لێوه‌ده‌کرێ چ ئه‌وانه‌ی باسیان لێوه‌ناکرێ. به‌ڵام ناو‌کی چیرۆک ئه‌و به‌شه‌یه که نووسه‌ر هه‌ڵیبژاردووه و ده‌یگێڕێته‌وه. مه‌ودای کاتی زۆری هه‌یه که ده‌بێ به هۆی خوێنه‌ره‌وه پڕ بکرێته‌وه و ڕووداوه‌کان به‌یه‌که‌وه گرێ داته‌وه.
ب. خوێنه‌ر له ناو‌کی چیرۆکه‌وه ده‌چێ بۆ لای چیرۆک و لێی تێده‌گا.
داستان له زه‌ین دایه و له‌ناخدا هه‌ڵگره، به‌ڵام ناو‌کی چیرۆک عه‌ینییه و به کرده‌وه گێڕدراوه‌ته‌وه.
ج. ناو‌کی داستانی ماکێکه بۆ تۆژینه‌وه و بیچم‌گرتنی چیرۆک، که‌وابوو ده‌کرێ ناو‌کی چیرۆکه‌کان پۆلێن‌به‌ندی بکرێن چونکوو له‌ئارادان به‌ڵام خودی چیرۆکه‌کان پۆلێن‌به‌ندی ناکرێن چونکه به هه‌زاران شێوه بوونیان هه‌یه.
د. ناوک لێکدانه‌وه‌ی درێژه‌ی ڕووداوه‌کانه، داستان به‌سه‌رهاتی ئینتزاعییه.
ه. ناوک لایه‌نی ئه‌ده‌بییه و چیرۆک هه‌وێن و ماکی له‌کڵ‌ده‌رنه‌هاتوو.
و. له ڕوانگه‌ی فۆڕمالیسته‌کانه‌وه ناو‌کی چیرۆک ده‌بێ وێڕای ئاشناییسڕینهوه بێ. تۆماشێفسکی به چکۆله‌ترین به‌شی ناو‌کی داستانی ده‌ڵێ "موتیف" و به بڕوای ئه‌و دوو جۆره موتیف هه‌یه:
1. موتیفی ئازاد(free): بۆ داستان پێویست نییه. به‌ڵکوو لایه‌نی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری چیرۆک به‌ده‌سته‌وه ده‌دا.
2. موتیفی پێوه‌ندی‌دار(bound): بۆ چیرۆک پێویسته.
سه‌رچاوه:
کتێبی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی/سیرووس شه‌میسا/به‌شی فۆرمالیسم
سلاو کاریکی شیاو‌و بە پیزبوودە ستت خوش بی
پاسخحذف😕
پاسخحذف