۲۲.۹.۸۴

منم، شاعیری ژنانی چاوه‌ڕوان

که‌ڵکه‌ڵه‌ی له‌ چاپدانی کتێبی دووهه‌میه‌تی و بێقه‌راریه‌که‌ی له‌و ساتانه‌ ده‌چێ که‌ هوروژمی وشه‌ دایئه‌گرێ
.ره‌نگه‌ له‌ پڕ کارترینی شاعیرانیکوردستانی رۆژهه‌ڵات بێ که‌ زۆر شێلگیرانه‌ ده‌یهه‌وێ جوغرافیایه‌کی سه‌ربه‌خۆ
بۆ واتا سه‌رچڵه‌کانی ئه‌ندێشه‌ی ده‌سته‌به‌ر بکات
یوونس ره‌زایی شاعیری "شینترین به‌تاڵ" و "منم شاعیری ژنانی چاوه‌ڕوان"ئه‌م سێ شێعره‌ییم له‌ دیوانه‌که‌ی
. به‌رده‌ستی " منم شاعیری ژنانی چاوه‌ڕوان"هه‌ڵبژارد
منم شاعیری ژنانی چاوه‌ڕوان


پیاوتر له دار… به ریشاژۆی په‌نجه‌ره‌ت دا… رووناك
راكشاوتر له شه‌قام… به ئاژاوه‌ی چاوت دا … تاریك
عاشق‌تر له هه‌ور… به ته‌نیاییت دا .

منم پیاوی عاشقی راكشاو … له‌و دێڕه‌‌دا كه شێعره‌
منم په‌نجه‌ره‌ی ئاژاوه … له‌و عیشقه‌دا كه ته‌نیا
منم شاعیری ته‌نیایی هه‌ور …
له‌و ئاژاوه‌ی شه‌قامه‌دا… كه رووناك

بخوێنه‌وه سێ شێعری من كه پێكه‌وه هه‌ورانه به سه‌رتانا…
بنووسنه‌وه سێ دێڕی دوایی ئه‌وین …كه سپی سپی چاوه‌ڕوان
ئێوه‌ن پیاوانی راكشاو له سێ شێعری ناته‌واوی عاشقێك‌دا…
1
شین‌تر له‌جوامێری باران
به‌هارانه له ئامێزم‌دا دارستان
ئه‌ی شێعری سه‌ره‌تای ئاژاوه
بنووسرێوه به رووحمدا
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌روایه‌ك
بۆ ته‌نیاییم
دێڕێك بۆ سه‌ره‌تام.
بارانی جوامێری ئامێزم
سه‌روایه‌ك بۆ سه‌ره‌تات
دێڕێك بۆ هه‌مووت
ئه‌ی ناته‌واوتر شێعر
ماڵئاوا
2
سپی‌تر له جه‌ساره‌تی ئاو
كه هه‌ور
چیها گه‌ڵا ئه‌چرێ بۆچركه‌یه‌ك ته‌مه‌ن
تا ناته‌واوی جوامێری سه‌روایه‌ك
كه ته‌مه‌نی جه‌ساره‌تی شه‌قام…
منم شاعیری ژنانی چاوه‌ڕوان.
3
سوورتر له مێهره‌بانی ئاژاوه
چۆڕانه‌وه‌ی ته‌نیایی وشه‌ی تاریكیم
وه‌ك سه‌روای بولێڵی ترس .
ریشاژۆی پیاوێك به ته‌نیایی دا
بچڕه
راكشاوتر له وشه…
تا ئاژاوه..
….
------------------------------------------------

كتێبه‌كان ـ جوانیت بله‌وه‌ڕن یا رووناك
سه‌گه‌كان پاكیت بوه‌ڕن یا به‌هار
پاسه‌وانه‌كان ـ بوه‌ستنه‌وه به چرا راهنومای چاوی ره‌شته‌وه…
به له‌شته‌وه
شوشه‌كان ساتێ ناسكتر
به چاوته‌وه
جیهان زه‌مانی له چكۆله بوونه‌وه‌دا.

پاسه‌وانه‌كان ده‌وه‌ڕن به شوشه‌كانی ـ پاك
كه هه‌ر ئه‌و دیوی جوانییان
له هه‌ناودا خه‌زانه

سه‌گه‌كان جوانیت ده‌له‌وه‌ڕن به ته‌نیا
كه تێر نابێ زه‌مانێ له خودایه‌ك
كه به‌رده‌وام
به موعجیزه‌ی جوانی‌یه‌وه
یه‌زدان و
سه‌ما…

كتێبه‌كان به له‌شته‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ن و
نووسراو
كه خوێندنه‌وه‌ی كتێبێك له هه‌میشه
هه‌میشه هه‌ر تینوێتیم دنه ده‌دا و
سووتان

سه‌گه‌كانم به كتێبی پاسه‌وانێكه‌وه ده‌مرێنم
كه شوشه‌كانی چاوت ترساوه
له ـ وه‌ڕینی
دژواریم.






«گاڵته‌یه‌ك نازڵ بوو له ئاگر»


بارانێك له ناخی ئه‌ویندا هه‌میشه داگیرسا و
پرسه‌یه‌ك بۆ ئارامشی جوانی له ده‌سته‌كانی
كانی‌دا
چۆڕه
چۆڕ…
كیژی من! به رازی ده‌نگت دا زمانم ده‌دره‌وشێ
به رازی مه‌مكت دا
كه خودا
تنۆكێك خیلقه‌تی پیرۆزه.
… كه ئایه‌ت ده‌بارێ
تا هێمای كچێنیت نازڵ بێ.

تنۆكێك كچێنیت ده‌بارێ و
به رازی ئه‌ویندا زمانم داگیرساو
به زاری كانی‌دا
ئارامش به ناخی خیلقه‌ت دا
نازڵ بوو…

كچی من! له ده‌ستی خوداوه پیرۆزه ئه‌وینت
كه هێمای پرسه‌یه‌ك له له‌شما
كه مه‌رگی ته‌نیاییم
هه‌تا تۆ…

ئامێزت هه‌میشه هێمایه‌ك له جوانی و له ئاگر
من به كاتی پیرۆز
نازڵ بووم به ده‌قی كراوه‌ی گاڵته‌یه‌ك له ناختا
من شاعیر
به ره‌مزی مانه‌وه و ئایه‌تێك له شێتی بڵێسه…

۷.۹.۸۴

خاتوونی ته‌ته‌هوو

به‌ لێواری ته‌ته‌هوو دا
تیژ تێده‌په‌ڕی
شانه‌کانی بۆنی گرتبوو
بۆنی ئه‌و باخچه‌یه‌ی...
ــ ئه‌مشه‌و هه‌موو شتێک بۆنی گوڵی منداری گرتووه‌
هه‌موو شتێک بۆنی که‌لاکی حه‌سره‌تی لێوه‌ دێ"
من نازانم ئه‌و ده‌ڵێ...


گوتم به‌ خێر هاتی
ئێره‌ خه‌ڵوه‌تی باده‌ و بێزاری منه‌
گوتت: ئه‌م ره‌هه‌نده‌ ژه‌نگی دڕدۆنگیه‌کی بزری لێ نیشتووه‌
گوتم:به‌ڵام ماڵه‌که‌م کونجێکی...
گوتت: خه‌ڵوه‌تت بۆنی باخچه‌یه‌کی تۆپیوی لێوه‌ دێ
که‌ سێروویه‌کی شه‌که‌ت رۆژێ ده‌سته‌کانی خۆی تیا ناشت
بۆ ئه‌وه‌ی سه‌وز ببێ


وای گوت و به‌ لێواری ته‌ته‌هوو دا تێپه‌ڕی
وه‌ک تێپه‌ڕینی بریقه‌یه‌ک به‌ سه‌ر لێوی شمشێرێکی ناو دیوانی شاعیرێکی قه‌دیمی...
رامان سۆفی سوڵتانی

۲۸.۸.۸۴

سواره‌ ئیلخانیزاده‌ له‌ که‌ناره‌‌ گۆماناویه‌کانی تۆ ده‌ریامیدا-به‌شی 1

رامان سۆفی سۆڵتانی*
پۆلێک هاو‌ڕێی گیانی گیانی بوون،له‌ سه‌فه‌ری پڕ کاره‌ساتی یه‌ک باوه‌ڕی سه‌وز و نوێوه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌،له‌ چایخانه‌ و په‌ناو په‌سێره‌کان ده‌گه‌یشتن به‌ یه‌ک و به‌ چاو له‌ یه‌کیان ده‌گه‌یاند:"هاوڕێ شتی تازه‌ چیت نووسیوه‌؟"هه‌رکامه‌یان که‌ زاری ده‌کرده‌وه‌ پۆلێ سۆز و چریکه‌ی تازه‌ له‌ قورگیه‌وه‌ هه‌ڵده‌ڕژا.باڵیان به‌ سه‌ر یه‌کتر دا ده‌گرت و تا شه‌که‌ت ده‌بوون شێعره‌ خه‌ماویه‌کانیان به‌ گوێی یه‌کتردا ده‌چرپاند.ئایه‌ته‌کانی په‌راوی دڵیان هه‌ر له‌وێوه‌ په‌ره‌وازه‌ ده‌بوون و به‌ شه‌قه‌ی باڵ و گمه‌ و جریوه‌یه‌کی به‌یده‌ست،بێده‌نگی ئه‌ندێشه‌و هزری چاو ترسێن کراویان ده‌شکاند.ک
له‌ گۆرانیه‌کانیان داهه‌میشه‌ ئاسمانێکی تازه‌ وچیا و شارو ...ی ده‌سته‌مۆ نه‌کراو هه‌ڵپه‌یان بوو; ؛
"عه‌لی حه‌سه‌نیانی"،"سواره‌ ئیلخانی زاده‌"و "فاتح شێخولئیسلامی- چاوه‌-" ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌گمه‌نانه‌ بوون باڵیان کێشا و زیاتر به‌رز بوونه‌وه‌.؛
به‌ڵام دیسان هومێدی فێره‌ سه‌رڕه‌وی سواره‌ شێت تر له‌وه‌ بوو به‌م ساکاریه‌ داکه‌وێ.ک
با – لاوژه‌ی به‌ شێعری پاراوی ئه‌و ده‌گێڕا.شێعری ئه‌و که‌" عه‌تری زاری کچ و خه‌می خاکی پێوه‌ بوو"،له‌ هه‌ر دڵێکدا چرایه‌کی دا ده‌گیرساند و یادگارێکی به‌ جێ‌ده‌هێشت. که‌شکۆڵه‌که‌ی به‌ شان داده‌دا و هاواری ده‌کرد:دزێوییه‌کان هه‌نگاوتان پێ شل نه‌کات "هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌وری جوانیه‌"؛

هه‌میشه‌ وا بوو، له‌ کن ئه‌و تێپه‌ڕینی کاته‌کان،باوه‌شێک مزگێنی سه‌وز و سووری له‌ دوای خۆی به‌ جێ ده‌هێشت و له‌' حه‌نجه‌ره‌ی تۆز لێ نیشتووی زه‌مانه‌وه‌ گوێی له‌ زه‌مزه‌مه‌ی خیزه‌ وده‌کانی کانی ده‌گرت."؛

باوه‌شی پڕ بوو له‌و سۆزه‌ سێحراویانه‌وبه به‌ر چاوه‌ چنۆکه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌یهێنان،‌به‌شکه‌ بیگه‌یه‌نێته‌ هه‌رێ‌می مانه‌وه‌.به‌ڵام مخابن ده‌ستی نگریسی ئه‌جه‌ل به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م "شه‌نگه‌سوار"ه‌ گه‌روو پر له‌ چریکه‌ و نه‌غمه‌یه‌ بگاته‌ هه‌واری پێگه‌ییشتنێک که‌ خۆیی دوارۆژ له‌ به‌ر چاویان بوو،سه‌ری پێنایه‌وه‌.سواره‌ ده‌نگێکی سه‌ربه‌خۆو تازه‌ بوو.له‌ ده‌وری دووهه‌می تازه‌بوونه‌وه‌ی شێعری کوردیدا(دوای مسته‌فا شه‌وقی، سه‌یفولقوزات،خاڵه‌مین،هێمن وهه‌ژار،ئاڵای پێشه‌نگایه‌تی نوێ کردنه‌وه‌ی شێعری کوردی هه‌ڵگرت و شه‌کاندیه‌وه‌. حاشا له‌وه‌ ناکرێ شاعیرانێکی تر له‌م به‌ستێنه‌دا کارتێکردنیان له‌ سه‌ر سواره‌ هه‌بووه‌،دیاره‌ هیچ ده‌قێک به‌ بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌کانی به‌ر له‌ خۆی نایاته‌ به‌رهه‌م.به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌مه‌دا ده‌نگی سواره‌ هه‌ر هی سواره‌ بوو. ته‌نیا که‌سێک بوو له‌ ناو ده‌سته‌ هاواڵانی خۆی دا پشکووت و هه‌وڵی ئازایانه‌ی دا بۆ گه‌شتن به‌ لووتکه‌.ناوی سواره‌ ده‌گه‌ڵ "شار"،"کچیبه‌یان"،"خه‌وه‌به‌ردینه‌"،"شه‌نگه‌سوار"،"هه‌ڵۆ"و"سروه‌ی به‌یان"داواتایه‌کی گه‌ش و دڵبزوێنی کردبوه‌ به‌ر خۆی و په‌رژینی دڵه‌کانی ده‌به‌زاند و هێلانه‌ی تیا ده‌کردن.ده‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش دا شێعری سواره‌ پڕش و بڵاو وچاپ نه‌کراو له‌ ناو جه‌ماوه‌ر دا ده‌هات و ده‌چوو.دوور نیه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوای مه‌رگی سواره‌دا زۆر شوێنی شێعره‌کانی ده‌ستیان تێوه‌ر درابێ.یان که‌م و زیاد کرابن.دیاره‌ جیاوازی نێوان نوسخه‌ جیاجیاکانی شێعری ئه‌و، به‌ڵگه‌یه‌که‌ بۆ ئه‌م وته‌یه‌م.؛

"تۆ ده‌ریامی" یه‌کێک له‌و شێعره‌ به‌رزانه‌یه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی جوانی ناسانه‌ی شێعردا سه‌رنجی کابرای خوێنه‌ر بۆ ئه‌م گۆمانه‌ راده‌کێشێ" ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش یه‌کێک بێ له‌و شێعرانه‌ی سواره‌ که‌ ده‌ستی تێوه‌ردرابێ و وه‌ک خۆی نه‌گه‌ییشتبێته‌ ده‌ستی ئێمه‌." [- دیاره‌ من بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌ پشتم به‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی مێژووی نه‌به‌ستووه‌.ته‌نیا له‌ رۆچنه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ستاتیکایی شێعره‌وه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌و مابه‌سته‌ ده‌که‌م و به‌س.]؛

له‌ بابه‌ت پێکهاته‌ و زمانه‌وه‌ چاوازتری ده‌نواند له‌ شێعره‌ سه‌رکه‌وتوه‌کانی تری،هه‌رچه‌ند شانبه‌شانی شێعره‌ به‌رزه‌کانی به‌ سه‌ر زارانه‌وه‌ بوون و ده‌مه‌ته‌قێی له‌ سه‌ر بووه‌.؛

"تۆ ده‌ریامی" وتووێژێکی شێعریه‌ له‌نێوان کوڕو کچێکی هه‌ستیاردا،هه‌رله‌ روانینی یه‌که‌مه‌وه‌ دیاره‌ له‌ دوو هه‌نگاو دا داڕێژراوه‌.ک

ئـ - رازونیازی کوڕه‌ دڵداربۆده‌زگیرانه‌که‌ی

بـ - وڵامی ده‌زگیرانی کوڕه‌که‌

له‌ هه‌نگاوی یه‌که‌مدا-رازونیازی کوڕه‌ دڵداره‌که‌

که‌ ئه‌ویش له‌ ناو خۆی دا ده‌بێته‌ دوو به‌ش

1.ده‌ربڕینێکی تاریفیه‌ له‌ شه‌نگی دڵداره‌که‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واو رۆمانسیانه‌.ک

2.له‌ نه‌کاو ده‌چێته‌ سه‌ر رئالیستێکی شۆڕشگێڕانه‌ روانێکی پیرۆز وماته‌ماویه‌ له‌ ئێستاوه‌ بۆ دوا ڕۆژ.ک

شاعیر خیاڵاوی روو ده‌کاته‌ دڵداره‌که‌ی،ده‌مێک له‌ گۆمی روانینیدا نوقم ده‌بێ و ساتێ له‌ ده‌شتی ئه‌په‌ڕ نادیاری خۆشویستنی دا بێ وچان هه‌نگاو ده‌نێ.هه‌رچی ده‌کا بۆی که‌وی نابێت و بۆی ناچێته‌ نێو دوو توێی شێعره‌کانی.ک

تۆده‌ریامی به‌ روانینی دوو چاوی شینی بێ بنت

به‌خاوێنیت به‌ ئارامیت

تۆده‌ریامی

به‌ شه‌پۆلی له‌نجه‌و لارت

به‌ شه‌نگه‌ ژنیت

به‌ سامیت تۆ ده‌شتی ئه‌و په‌ڕ نادیاری

بۆ چۆڵ بڕێ له‌ پێ که‌وتوو

تاپۆی شاری

تۆ روح سووکی وه‌ک خه‌ونی خۆش

وه‌ک هه‌ناسه‌

جێناگری

له‌ توێی شێعرا چه‌شنی تاسه‌

هیوای تینوێتی رێبواری

تۆ شۆڕه‌بی ناو شۆره‌کاتێکی گه‌رمی

له‌ به‌ر نیگای تاسه‌باری ئه‌ویندارا

خۆ داپۆشیو به‌ لک و پۆو که‌زیه‌ی شه‌رمی
درێژه‌ی هه‌یه‌****

سواره‌ ئیلخانیزاده‌ له‌ دورگه‌ گۆماناویه‌کانی تۆ ده‌ریامی دا-به‌شی2


رامان سۆفی سوڵتانی*
به‌ڵام ئه‌ی کیژ ئه‌ی چاو نه‌رم...؛
‌به‌ وشه‌ی"به‌ڵام"به‌شی دووهه‌می شێعره‌که‌ ده‌ست پێده‌کات.ئه‌م به‌شه‌ش هه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی خه‌می پیرۆزی دڵداره‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌.ئه‌مجار له‌ خه‌سته‌خانه‌ی خه‌مه‌که‌یدا خه‌می بریندار بوونی گه‌نجێک گینگڵی پێده‌دا که‌ له‌شه‌ ناسکه‌که‌ی کردۆته‌ شووره‌و قه‌ڵغان بۆ به‌ر گری کردن له‌ هاتنی داگیرکه‌رانی خاکه‌که‌ی.؛

خه‌می ئه‌و هه‌ر به‌وه‌نده‌ نابڕێته‌وه‌.به‌ڵکوو کڵپه‌ی خه‌مێکی دیش خه‌ریکه‌ ده‌یسووتێنێ،ئه‌ویش توانج و سه‌رکۆنه‌ی ئازیزه‌که‌یه‌تی،گڕی سووتێنه‌ری روانینی مه‌زلوومانه‌ی خۆشه‌ویسته‌که‌یه‌تی که‌ نوێنگه‌ی ژان وهاواری ئازیز کوژراوانه‌.؛

به‌ڵام ئه‌ی کیژ،ئه‌ی چاو نه‌رم/ئه‌ی خه‌نجه‌ری تۆڵه‌ی رق تیژ/ئه‌مڕۆ من له‌ خه‌سته‌خانه‌م/نه‌ وشیارم نه‌ له‌ سه‌ر خۆ/لایه‌کی بیرم لای ئه‌و گه‌نجه‌یه‌/به‌ ده‌می برین پێکه‌نی/به‌ شووره‌ی وه‌ک پۆڵای له‌شی/رێگای چه‌کمه‌ی سووری خوێن و/ده‌ستی ره‌شی به‌عسی ته‌نی/لایه‌کی بیریشم لای تۆ/

نا ئه‌ی هه‌نیه‌ت وه‌ک مانگه‌ شه‌و/نا ده‌ریای مه‌ندی چاو به‌خه‌و/گڕی ئاخ به‌رمه‌ده‌ گیانم/به‌ نیگای ئاشنای لێ کوژراوان مه‌متاسێنه‌/خۆم زامارم به‌ خوێی توانج مامکولێنه‌وه‌،مه‌مسووتێنه‌/مه‌ڵێ خۆزگه‌ ده‌زگیرانم/پاڵپشتی ژیانم بمردایه‌....؛

سه‌ره‌ڕای ئه‌م نیشتمانپه‌روه‌ریه‌ و ئه‌م هه‌سته‌ پڕ له‌ خۆشه‌ویستیه‌ دیسان کچی "تۆ ده‌ریامی"ده‌نگی سکاڵای هه‌ڵده‌بڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێ:هه‌ر چه‌نده‌ سکاڵای ئه‌وینداری خۆشه‌،به‌ڵام له‌ وه‌ها بارودۆخێکی ئه‌سته‌مدا که‌ سات به‌ سات خه‌ریکه‌ گڕو کڵپه‌ی سته‌م له‌ خاکه‌که‌ماندا ته‌شه‌نه‌ ده‌کات و دڵی دایکان هه‌ڵده‌قرچێنێ،خه‌ریکه‌ داروبه‌ردی وڵات له‌ ژێر بۆمبه‌ سووتێنه‌ره‌کاندا ده‌بنه‌ خه‌ڵووز،کوفره‌ بۆ تۆ بڵێی من بیرم له‌لای تۆی دڵدار و خۆشه‌ویستمه‌.کچی ئازا رازی نابێ بڵێ له‌ دوای ئه‌و ده‌زگیرانه‌که‌ی ره‌نجه‌ڕۆ ده‌بێ.چونکه‌ ئه‌وئیتر نووێنه‌ری کچێکی ئازا و زانا و رووناکبیره‌،که‌ به‌ ته‌نیاش ده‌توانێ هه‌وڵ بدات.ئه‌و کوژران له‌و خه‌باته‌دا نه‌ک به‌ ره‌نجه‌ڕۆیی نازانێ،به‌ڵکوو به‌ شانازیه‌وه‌ حه‌ز ده‌کات خۆی و ده‌زگیرانه‌که‌ی گیان و له‌شیان به‌ختی ئه‌م رێگایه‌ که‌ن.کچێک که‌ ده‌توانێ له‌ دیاری کردنی چاره‌نووسی خۆی و...به‌شدار بێت ئیتر حه‌ز ناکا ئه‌رکی هه‌ر چاوه‌ڕوانی و گریان بێت.؛

"به‌ڵام ئه‌مڕۆ که‌ هه‌ر ساتێ دڵی دایکێ/له‌ کوردستان هه‌ڵده‌قرچێ/به‌ هه‌ر بۆمبای سووتێنه‌رێک/داری چاکێک دائه‌قرچێ/نه‌تگوتبا لایه‌کی بیرم لای تۆیه‌/مه‌گری ومه‌ڵێ ده‌زگیرانت ره‌نجه‌ڕۆیه‌/به‌و زاره‌ی له‌ زه‌رده‌ زیزه‌/به‌ ئارامی که‌ شێوه‌ی دڵمه‌ندی تۆیه‌/مه‌ڵێ به‌س ئه‌م گفت و گۆیه‌..؛

شاعیر به‌ بیری رووناک و ئاواڵه‌وه‌ وه‌بیر دێنێته‌وه‌ له‌ چاخی نوێدا کچانی ئێمه‌ش گه‌یشتوون به‌و راستیه‌ که‌ ده‌توانن هه‌موو ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵ بگرنه‌ ئه‌ستۆی خۆیان.نه‌ک هه‌ر له‌ راپه‌ڕاندنی کاری ماڵداری و هه‌ندێ ورده‌ کاری دیکه‌ی ژیاندا،به‌ڵکووله‌ جه‌رگه‌ی هه‌موو ئاڵ وگۆڕه‌کاندا هه‌ن و شان به‌ شانی پیاوان هه‌نگاو ده‌نێن.؛

کچی تۆ ده‌ریامی نه‌ کچی سه‌ره‌تای ده‌سپێکردنی شێعره‌که‌یه‌ نه‌ کچی باڵاخانه‌ی غه‌زه‌ل و گۆرانی.ئه‌و هه‌ست پێده‌کات،بیر ده‌کاته‌وه‌و قۆڵ هه‌ڵده‌ماڵێ و ره‌خنه‌ ده‌گرێ.پێی وایه‌ له‌ هه‌وارێکی مه‌ند و ئارامدا نه‌بێ رێگای هیچ ماسی په‌نجه‌یه‌ک نابێ بدا له‌ ده‌ریای به‌رۆک و سینگیدا مه‌له‌ بکات.؛

تۆلات وایه‌ من نازانم/سکاڵای دڵداری خۆشه‌/به‌ڵآم ئه‌مڕۆ من به‌شێکی کوردستانم/کیژی سه‌د برا کوژراوی نیشتمانم/تازه‌ ماسی تاسه‌باری ده‌ستی تینووت/رێی نیه‌ بۆ ده‌ریای سینه‌م/هێنده‌ی خوا خۆشه‌ویستی/به‌ڵام من کیژی کوردم /جه‌هه‌ننه‌مه‌ گڕی کینه‌م.؛

ئه‌مه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی بیری شاعیر بوو له‌ پانتای شێعری تۆ ده‌ریامی دا.ئه‌گه‌ر چی خۆم زۆر ده‌گه‌ڵ ئه‌مجۆره‌ لێکدانه‌وانه‌دا نیم،به‌ڵام حه‌زم کرد پیاسه‌که‌مان له‌ ناخی شێعره‌که‌وه‌ ده‌ست پێبکا به‌ره‌و لێواره‌ گۆماناویه‌کانی ده‌ریاکه‌ی سواره‌.‌ ئاکامی ئه‌م سرنجه‌ گوماناویه‌ ره‌نگه‌ بمانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌،ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شێعری" تۆ ده‌ریامی" وه‌ک به‌رهه‌مێکی کاریگه‌ر هه‌میشه‌ له‌ ناو هۆگرانی ئه‌ده‌بدا رێزێکی تایبه‌تی هه‌بوه‌،به‌ریش نیه‌ له‌ هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی به‌رچاو و تێبینی گرنگ له‌ دارشتن و پێکهاته‌ی شێعره‌که‌دا.؛

"تۆ ده‌ریامی"یان دوو شێعره‌ و له‌ دوو کاتی چیاوازدا نوسراون و به‌ هه‌ڵه‌ به‌یه‌که‌وه‌ لکێنراون. یان ئه‌م دوو به‌شی دواییه‌ -له‌ دێڕی به‌ڵام ئه‌ی کیژ/ئه‌ی چاو نه‌رم..."ه‌وه‌ تا کۆتایی –شێعری سواره‌ نیه‌ .هه‌ر چه‌ند خۆم سوور نیم له‌ سه‌ر ئه‌و بۆ چوونه‌ ،چوونکه‌ وه‌ک گوتم بێجگه‌ له‌ ده‌قی شێعره‌که‌، به‌ڵگه‌یه‌کی پته‌وی دیکه‌م له‌ ده‌ستا نیه‌.هه‌موو شێعره‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی سواره‌ هاوڕێن ده‌گه‌ڵ پۆلێک که‌ره‌سته‌ و شتی تازه‌،که‌ زیاتر هه‌ر هی سواره‌ن . ئه‌گه‌ر چی ده‌ربڕینێکی هاو به‌ش هه‌بوو له‌ ناو ده‌سته‌ هاواڵانی سواره‌-هاوار و چاوه‌-دا به‌ڵام روانین و ئاخافتنی سواره‌ دیسان تایبه‌تتره‌.هه‌ندێک هێما و خوازه‌ی ده‌گمه‌ن و دانسقه‌ له‌ جیهانی سواره‌ دا هه‌یه‌ -وه‌ک پێکه‌نینت زایه‌ڵه‌ی سه‌وزی شه‌تاوه‌/ چاوی شینت گۆمی مه‌ندی پڕ له‌ ماسی زه‌رد و سووری به‌ر هه‌تاوه‌/ده‌شتی ئه‌و په‌ڕ نادیار/په‌نچه‌ره‌ی نیوه‌ تاکی بوومه‌ ڵێڵ/زه‌مزه‌مه‌ی زوڵالی خیزه‌ ورده‌کانی کانی/هه‌رێمی زۆنگ و زه‌ل /خاکینه‌ خه‌ون و خه‌وه‌ به‌ردینه‌.... .که‌ هه‌موو شێعره‌ کوردیه‌کانی به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. له‌ شێعره‌کانیدا هه‌میشه‌ بێجگه‌ له‌ داهێنانی لێکدراوه‌ی ئینتزاعی ،هێماو خوازه‌ی نا ئاشنا و وێچوونی نوێ و پاراستنی کێشی ده‌ره‌وه‌ی شێعره‌که‌ - که‌ عه‌رووزی و بڕگه‌یین،هارمۆنیه‌کی ده‌روونیش له‌ ناوه‌وه‌ هاوکاری وشه‌کان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی واتاکان دڵگیرتر و جوانتر بێنه‌ هه‌رێمی گوتار .به‌ڵام له‌و دوو به‌شه‌ی دواییدا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌ زمانیه‌ی شێعری سواره‌ له‌ چه‌ند شوێن دا نه‌بێ نه‌پارێزراوه.چه‌ند دێڕێکی وه‌ک ئه‌مانه‌:؛

نا ئه‌ی هه‌نیه‌ت وه‌ک مانگه‌شه‌و/نا ده‌ریای مه‌ندی چاو به‌ خه‌و/به‌و زاره‌ له‌ زه‌رده‌ زیزه‌/ماسی تاسه‌ باری ده‌ستی تینووت..؛

شێعره‌که‌ به‌ سه‌ره‌تایه‌کی زۆر رۆمانتیکانه‌ ده‌ست پێ ده‌کات،به‌ نۆ وێنه‌ی شێعریه‌وه‌ خۆی ساز ده‌کا ده‌گه‌ڵ دڵداره‌که‌ی- که‌ ئه‌نجامی هه‌موو تێرامانێکی پێ نه‌گه‌شتنێتی- به‌ره‌و روو بێته‌وه‌.دێ‌ڕ به‌ دوای دێڕدا پڕه‌ له‌ وشه‌ی په‌پووله‌یی،سه‌وز بۆن خۆش، نیانیه‌کی ئۆخژن ده‌ری هه‌ناو،به‌ره‌و شاعیر باڵ ده‌بزێوێت و ....؛

له‌ پێشدا ئاماژه‌ به‌وه‌ کرا هارمۆنی ناو هه‌ناوی وشه‌کان،هه‌میشه‌ رازێنه‌ره‌وه‌ی مانا و وێنه‌ی شێعری سواره‌ن. هاوسازیه‌کی پته‌و له‌ نێوان واتای وشه‌ و ده‌نگی وشه‌دا هه‌یه‌. ئه‌م پێوه‌ندیه‌ چڕه‌ روحێکی پاراو و ده‌گمه‌ن ده‌نێته‌ به‌ر سۆز و شێعره‌کانی.؛

له‌ شی کردنه‌وه‌ی به‌شی یه‌که‌می شێعره‌که‌دا ئه‌م مه‌به‌سته‌ باشتر ده‌ر ده‌که‌وێ.له‌ وێنه‌ی یه‌که‌می ئه‌م به‌شه‌دا شاعیر دڵداره‌که‌ی به‌ ده‌ریایه‌کی ئارام و جار و بار یاخی ده‌شوبهێنێ :؛

تۆ ده‌ریامی /به‌ ڕوانینی دوو چاوی شینی بێ بنت /به‌خاوێنیت به‌ئارامیت که‌ شێوه‌ی...؛

ده‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ی به‌ هێنانه‌ به‌ر چاوی وێنه‌یه‌ک ،ئارامی ده‌ریاکه‌ی خۆییمان بۆ ده‌نوێنێ، به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ هارمۆنی ده‌روونی وشه‌کانیش بانگ هێشتنمان ده‌کات تا له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئارامی و بێ خه‌وشی ده‌ریاکه‌ بکه‌ین .ئه‌ویش له‌ سۆنگه‌ی پیته‌کانی ر-ن- ب-ی-ش-ا-که‌ به‌رده‌وام به‌ چه‌شنێکی رێک و پێک دووپات ده‌بنه‌وه‌ و له‌ هاونشینی یه‌کتردا نه‌وایه‌کی ئارام له‌ چه‌شنی ئارامی ده‌ریاکه‌ی ئه‌و ده‌به‌خشن.ئه‌م پیتانه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌، وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی تایبه‌ت رۆحێکی گه‌وره‌ تر و واتایه‌کی هه‌راو تر ده‌به‌خشن به‌ سه‌ر جه‌می شێعره‌که‌.؛

له‌ وێنه‌ی دووهه‌میشدا:؛

"تۆده‌ریامی/به‌شه‌پۆلی له‌نجه‌ و لارت/به‌ تووڕه‌یی جاربه‌جارت"؛

ده‌ریایه‌کمان بۆ وێنا ده‌کات،که‌ ئه‌م ئارامی و نیانیه‌ی پێشووی نیه‌.له‌ وێنه‌ی ئاکاری گراویه‌که‌ی وشه‌گه‌لی"تووڕه‌"،"شه‌پۆل"و دووپات بوونه‌وه‌ی ده‌نگی "ج"و"ر"له‌هاونشینی یه‌کتردا ،له‌ وشه‌کانی –له‌نجه‌ ولارت-جاربه‌جارت-داوا ده‌کات تۆ قووڵ تر هه‌ست به‌ تووڕه‌ بوونی ده‌ریایه‌کی ئارامی چه‌ن سات له‌وه‌ پێش بکه‌یت.؛

له‌ وێنا کردنی "تۆ ده‌شتی ئه‌و په‌ڕ نادیاری"ش دا "ئه‌و په‌ڕ"به‌ زه‌ربێکی توند و درێژ که‌ به‌ هۆی ده‌ربڕینی به‌ گوشاری ده‌نگی –پ- و له‌رینه‌وه‌ی زمان له‌ سه‌ر ده‌نگی"ڕ"به‌ درێژی هه‌یه‌تی،دووری و به‌رینی ده‌شته‌که‌مان روونتر بۆ ده‌نوێنێ،یانی هه‌وڵێتی ئه‌و جۆره‌ی وێنه‌که‌ له‌ مێشکی شاعیر دا گووراوه‌ ،ئاواش له‌ سه‌ر کاغه‌ز بنه‌خشێته‌وه‌.؛

تا کۆتایی ئه‌م به‌شه‌ ئه‌م ڕه‌وته‌ ناسکه‌ پارێزراوه‌.جوانکاری هونه‌ری شێعری چ له‌ باری فیزیکی و چ له‌باری زاتی شێعریه‌وه تا راده‌یه‌کی به‌ر چاو له‌م به‌شه‌ دا ده‌وری خۆیان گێڕاوه‌ وه‌ک وشه‌ ،وێنه‌ ،ره‌مز، مۆسیقای ده‌ره‌کی و ناوه‌کی و...؛

خوێنه‌ر که‌ ده‌گاته‌ کۆتایی ئه‌م به‌شه‌ ،ئۆخژنی خوێندنه‌وه‌ی شێعرێکی ته‌واو ی به‌ به‌ردا ده‌کرێ وچێژی شێعرێکی سه‌ر به‌ خۆی لێ وه‌ر ده‌گرێ.به‌ڵام کاتێ وشه‌ی "به‌ڵام ئه‌ی کێژ ئه‌ی چاو نه‌رم/...به‌ دوای ئه‌م به‌شه‌ دا قوت ده‌بێته‌وه‌،ئه‌مه‌ ده‌رده‌خا شاحیر ده‌یه‌وێ شی کردنه‌وه‌یه‌کی مانتقی بخاته‌ روو.ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دوا وشه‌ی ئه‌م به‌شه‌ واتا "به‌ڵام" ده‌بێته‌ ته‌نیا پردی پێوه‌ندی نێوان به‌شی-1-و -2- ی ئه‌م شێعره‌.هیچ خالێک یا ن که‌ره‌سته‌یه‌کی ده‌روونی تیا به‌دی ناکرێ پرۆسه‌ی به‌ ئه‌نجام گه‌ییشتنی شێعره‌که‌ بباته‌وه‌ سه‌ر به‌شی -1- و لێکیان گرێ بدا.که‌ ده‌چیته‌ به‌شی دووهه‌مه‌وه‌ خێرا هه‌ست به‌ پانتایه‌کی جیاوازتر ده‌که‌ی که‌ باڵی به‌ سه‌ر هه‌موو پێکهاته‌ ره‌گه‌زیه‌کانی شێعره‌که‌دا کێشاوه‌.له‌ هه‌وه‌ڵ دیارده‌کانی ئه‌م پانتا جیاوازه‌ ،وشه‌ی ره‌ق و تووڕه‌ و گرانن که‌ سه‌ر تا به‌ خواری نیوه‌ی دووهه‌می گرتۆته‌ به‌ر.ده‌سته‌ واژه‌یه‌کی وه‌ک "ئه‌ی جه‌نجه‌ری تۆڵه‌ی رق تیژ" ده‌م وده‌ست جێگای "رووح سووکی وه‌ک خه‌ونی خۆش وه‌ک هه‌ناسه‌"ده‌گرێته‌وه‌ و شێعڕه‌که‌ به‌ره‌و رئالیستێکی شۆڕشگێڕانه‌ هه‌ڵداوێ و له‌ ةێوان دوو دێڕ دا رووداوێکی زه‌قی زمانی روو ده‌دا و رسته‌ی خه‌نجه‌ری "خه‌نجه‌ری تۆڵه‌ی رق تیژ"به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ند ده‌نگی وشک و گرانی وه‌ک"خ"،"ج"،"ڵه‌"."رق تیژ"،هه‌روه‌ها جۆری ده‌ربڕینی سه‌کته‌ داری "رق، تیژ"به‌ دوای یه‌کتر دا، رێتمێکی توند و حه‌ماسی ده‌دا به‌ شێعره‌که‌ و له‌ که‌شا رۆمانتیکانه‌یه‌ی هه‌وه‌ڵی هه‌ڵداوێرێ و هتد..؛

ئه‌گه‌ر به‌شی یه‌که‌م پێکهاتبوو له‌ ره‌وه‌ وشه‌یه‌کی وه‌ک" ده‌ریا،ئارامی، روانین، شه‌پۆلی له‌نجه‌و لار ،رۆح سووک، خه‌ونی خۆش ،شین و...که‌ هه‌مووی دارێژه‌ری پانتایه‌کی نیان و هێدی بوون و تژی بوو له‌ داسه‌کنانێکی ده‌روونی و تێرامانێکی ورد و ته‌واو ئه‌ویندارانه‌ ، له‌ به‌ شی دووهه‌م دا وشه‌کان به‌رجه‌سته‌ و تووڕه‌ترن .وه‌ک " رق، خه‌نجه‌ر ،تۆڵه‌،برین ،پۆڵا، تیژ،خوێن،چه‌کمه‌،ره‌ش،سوور...که‌ له‌ باری ئه‌ستوونیه‌وه‌ ده‌نگی خۆدی وشه‌کان و له‌ باری ئاسۆییه‌وه‌ جۆری هاونشینبوونی ده‌نگه‌کان پێکه‌وه‌ ، هه‌ڵچوونێکی حه‌ماسی درووست پێچه‌وانه‌ی ره‌وته‌که‌ی پێشوو به‌ سه‌ر بابه‌ت و شێوه‌که‌ دا زاڵ کردووه‌ .ئه‌م گۆڕانه‌ زه‌ق و له‌ نه‌کاوه‌ ،‌ پێکهاته‌و یه‌کپارچه‌یی شێعره‌که‌ی تووشی ئاڵۆزیه‌کی نامۆ و قه‌یرانێکی ناخۆش کردووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی دوایی شێعری سواره‌ خۆی بێت و به‌ ده‌م یه‌که‌وه‌ نووسیبێتی،خۆشی هه‌ستی به‌و که‌م و کووڕی و لێکترازانه‌ کردووه‌،به‌ جۆرێک که‌ له‌ به‌شی دووهه‌م دا بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێویستیه‌ک هه‌ست پێ بکرێ، به‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌م دوو دێڕه‌ " نا ئه‌ی هه‌نیه‌ت وه‌ک مانگه‌ شه‌و /نا ئه‌ی ده‌ریای مه‌ندی چاو به‌خه‌و/به‌و زاره‌ی که‌ له‌ زه‌رده‌ زیزه‌" هه‌وڵ ده‌دا ئه‌م –با ئه‌گه‌ر که‌م و کووڕیش نه‌ڵێین-جیاوازیه‌ قه‌ره‌بوو کاته‌وه‌.؛

دیاره‌ هه‌ندێک کزی کێش و واتا و رێزمانی تریش له‌م به‌شه‌ دا هه‌ست پێ ده‌کرێ که‌ ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا دووره‌ له‌ سه‌رنجی سواره‌ی "کچی به‌یان" و "خه‌وه‌ به‌ردینه‌" به‌ڵام باس کردنیانم زۆر به‌ پێویست نه‌زانی .؛

(نه‌تگوتبا لایه‌کی بیرم لای تۆیه‌

مه‌گری مه‌ڵێ ده‌زگیرانم ره‌نجه‌ڕۆیه‌

به‌ ئارامی که‌ شێوه‌ی دڵمه‌ندی تۆیه‌

مه‌ڵێ به‌س ئه‌م گفت و گۆیه‌ )

به‌ کورتی و به‌ کوردی

شێعری سواره‌ وه‌ک چه‌پکێک ئاوازی ره‌سه‌ن و سۆزی پیرۆزی ده‌روونێکی کوردانه‌یه‌ ،که‌ له‌ کێشه‌و خرۆشی ئه‌و چرکانه‌ دا گووراون سه‌ر له‌ به‌ری مرۆڤێکی کوردی ساز کردووه‌، بۆیه‌ش هه‌میشه‌ وه‌ک راستیه‌ک به‌ سه‌ر زارانه‌وه‌ بوون و به‌ره‌ و هه‌واری حه‌ز وتاسه‌کان شه‌پۆلانیه‌تی .شێعری سواره‌ هه‌ر گه‌ش و زیندوو ده‌مێنێته‌وه‌ .وه‌ک که‌له‌پوورێکی پرۆسه‌ی ئه‌ده‌بی و به‌ڵگه‌یه‌کی مێژووی له‌ سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵگاکه‌مان.؛

به‌و پێوانه‌ و تێڕوانینه‌ ،ده‌بی بڵێم تۆ ده‌ریامی"له‌ پێکهاته‌ دا شێعرێکی لاوازه‌ و هیچ وێناچێ سه‌ر له‌ به‌ری ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌نجه‌ سێحراوی و تایبه‌ته‌کانی سواره‌ی مامۆستا و یه‌کێک له‌ لووتکه‌ یاخیه‌کانی داهێنانی شێعری ئه‌مڕۆی کوردیمان بێت. ئه‌م شێعره‌ یان دوو شێعره‌ له‌ دوو که‌سی لێک جیا و به‌ هه‌ڵه‌ یاخۆ به‌ ئانقه‌ست و به‌ پێی نیازێکی کاتی پێکه‌وه‌ لکێندراون .یان ئه‌وه‌ له‌ دوو کاتی لێک جیا دا سواره‌ نووسیوێتی و به‌ هه‌ڵه‌ یاخۆ دیسان...؛

سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌شی یه‌که‌م واته‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا "به‌ڵام ئه‌ی کیژ.../له‌ به‌شی دووهه‌م واته‌ له‌ وێوه‌ تا کۆتایی هه‌ڵاوێرین،وه‌ک دوو شێعری سه‌ر به‌ خۆ ،دیسان شوێنی تایبه‌ت و کارکردی خۆ ده‌پارێزێ و دیوه‌خانی شێعری کوردی خاوه‌نی دوو شێعری شیاو تر و به‌ پێز تر ده‌بێ.؛

_____________________

ژێده‌ر:؛
.ئیلخانیزاده‌.خه‌وه‌ به‌ردینه‌.ورمێ.ن.ب.سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبی-چاپی یه‌که‌م-1372
2.ئه‌رفه‌ع.حه‌سه‌ن.کردها؛
3.گۆڤاری سروه‌ ژ 62،مسته‌فا شه‌وقی.ئه‌حمه‌د شه‌ریفی
4.شێعره‌کانی "هاوار"
5.چه‌پکه‌ شێعرێکی ئاواره‌ی "چاوه‌"
_________
چاوێک به‌ سه‌ر ئه‌م سه‌ر چاوانه‌ش‌دا بخشێنی زه‌ره‌ر ناکه‌ی

۲۵.۸.۸۴

یادداشت

دیمانه‌ی هه‌فته‌نامه‌ی سیروان و فه‌وزیه‌ سوڵتان به‌گی

بڕوا به گۆڕان له ناخ و روحی نه سره وتووی شیعردایه
ئاماژه: فه وزيَ سولتانبه گي له و ده نگ و قه لَه مه جيدديانه ي گوَرِه پاني شيَعر به تايبه ت شيَعري ژنانه يه كه چاوه رِواني به رهه م و ئه نديَشه ي گه ليَ چروپري ليَده كريَ. فه وزيه سولتانبه گي له دايكبووي 1351ي »بوكان«ه چالاكيَكي ماندوويي نه ناسي خزمه ت به ئه ده ب و فه رهه نگي كورده وارييه. ئه و خاتوونه شاعيره له 1371ه وه به چه شني جيددي ده ستي داوه ته قه لَه مي خزمه تی فه‌رهه نگي گه له كه ي. »ئيَواره ئاشقه كاني ته مه ن« به رهه مي...؛درێژه‌ی بابه‌ت

کۆڕی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی نوێ/کۆڕی دووهه‌م

بێ گومان وێبلاگ وه‌ک دیارده‌یه‌کی نوێ،ئه‌گه‌ر له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ کاریگه‌ر و له‌باره‌ بۆ خستنه‌ رووی مه‌به‌ست و کێشه‌کان،له‌ زۆر
رووشه‌وه‌ ده‌ره‌قه‌تی هه‌ندێ کاری چڕی رۆژنامه‌گه‌ری نایات.به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ یه‌کێک له‌ حه‌زیاکانی ئه‌م گۆشه‌یه‌ به‌ پیره‌وه‌ چوونی هه‌ندێک پێنووسی به‌ بڕشت و ئازای (زیاتر)شێعری ئه‌مڕۆکه‌مانه‌، تا له‌ کۆڕێکی ساده‌ی زۆر خۆمانه‌دا بیانخوێنینه‌وه‌ و به‌ چرپه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ یاخۆ ده‌ست خۆشی پێگوتن رێزی کاره‌کانیانمان له‌ به‌ر چاو گرتبێ.هه‌ر به‌و پێیه‌ و له‌ سه‌ر به‌ڵێنی خۆم،بۆهه‌نگاوی دووهه‌م کۆمه‌ڵه‌ شێعرێکی ترم دانا.پێکه‌وه‌ چاوێکی پێدا ده‌خشێنین و ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کیشمان بێ له‌ سه‌ری ده‌نووسین.دیاره‌ پێویست ناکا هه‌رچی ئه‌یڵێین زۆر زانستیانه‌و تئۆریک بێ،مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ سووک به‌ ته‌نیشت شنینه‌وه‌ی
چوانیه‌کاندا تێنه‌په‌ڕین.؛

"ئێواره‌ ئاشقه‌کانی ته‌مه‌ن"ناوی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ شێعره‌یه‌ که‌ له‌م دواییانه‌دا له‌ لایان خاتوو فه‌وزیه‌ سوڵتانبه‌یگی"ه‌وه‌ بڵاو بۆته‌وه‌ و پێکهاتووه‌ له‌ 18 شێعری کورت و بڵیند که‌ له‌ نێوان ساڵه‌کانی 1375 تا 1380 وه‌ نووسراون.ئه‌مه‌ش یه‌کێکی تر له‌و ده‌نگانه‌یه‌ که‌ دڵنیام حه‌ز به‌ بیستنی ئاوازه‌کانی ده‌که‌ن.بۆێه‌ به‌ر له‌ هه‌ر قسه‌یه‌ک چه‌ند شێعرێک له‌م دیوانه‌،له‌ خه‌ڵوه‌تخانه‌ی بچووکی شێعری"شیکار"دا ده‌نووسمه‌وه‌،تا به یه‌که‌وه‌ بیخوێنینه‌وه‌.؛

ئێواره‌ ئاشقه‌کانی ته‌مه‌ن



ترس

هیچ کاتێ ناوێرم

ده‌لاقه‌ی چاوه‌کانم

به‌ره‌و ئاسمانی ژیان ئاواڵاکه‌م

ئه‌ترسم نه‌کا ڕه‌شه‌با

تارای سه‌ر ڕازه‌کانم لادا و

له‌م جیهانه‌ مه‌سخ کراوه‌دا

بیاندرکێنێ

ئه‌وسا کوڕه‌ قه‌ره‌جێک

بێت و بمبات

بۆ پارووه‌ نانێک

شاربه‌شارو دێ به‌دێ

ده‌ستم بگرێ و هه‌ڵمپه‌ڕێنێ.؛




گومان



گومان ژنه‌ قه‌ره‌جێکه‌ فاڵگر

هه‌موو ڕۆژێ

له‌ ئاستانه‌ی چاره‌نووسمدا

چۆک دائه‌دا و ده‌ڵێ:ده‌ی ده‌سته‌کانت بێنه‌ با.....؛

زۆر ده‌ترسم ئه‌م گومانه‌ نه‌فره‌تاویه‌

سه‌ری دوا رۆژمان بخوات و

له‌ جواناوی هه‌ناسه‌کاندا بمانخنکێنێ!!؛




یه‌که‌م که‌س



یه‌که‌م که‌س بووم

رازی ئاسمان ونهێنی بارانم

بۆ په‌نجه‌ره‌داخراوه‌کان درکاند

یه‌که‌م که‌س بووم له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌کی پڕخوادا

کڕنۆشم بۆ زاتی خۆم برد و

کۆتره‌کانی ناخم

بوون به‌ ژێر هه‌ره‌سی تاوانه‌وه‌

تاوانم کرد!؛

تاسه‌ی دار‌ستانێکی بێ به‌هار-م

له‌ سه‌وزایی خوێنی گوناهه‌کانم دا شوت

له‌ دۆزه‌خی ئه‌م تاوانه‌ داده‌سووتێم

بێ گوناهتر له‌ فرمێسکی گوڵه‌ به‌فر

تینووتر له‌ سه‌رایی عه‌شق.؛

ده‌سووتێم

شه‌یداتر له‌ وشه‌ی نامه‌ بێ ئادره‌سه‌کان

له‌ سه‌فه‌ری جاده‌ ته‌نگه‌کانی رووناکیدا

یه‌که‌م که‌س بووم

نائومێدی باڵی له‌ رۆحم وه‌رداو

په‌نجه‌ بۆشه‌کانی مه‌رگم زیاره‌ت کرد.؛



*******************


تکا





له‌و ئاسمانه‌ی

هه‌زاران جار باڵنده‌ی بێ سه‌ر تێیدا ده‌فڕن

په‌ڵه‌ هه‌ورێکی سه‌رگه‌ردانم

رۆژێ هه‌زاران جار

له‌گه‌ڵ مه‌رگی خۆم دا

دا

ده‌

با

رم


خۆ مه‌ده‌نه‌ به‌ر بارانی ئه‌م مه‌رگه‌ غه‌ریبه‌م

نه‌کا چه‌تری نهێنیه‌کانتان بسووتێ

نه‌کا له‌ دۆزه‌خی گوناهه‌کانتاندا

ببنه‌ دووکه‌ڵ و نه‌تان بینمه‌وه‌ ئیتر .؛

********************


ماڵاوایی



هه‌رچی رۆژه‌ شێعرێک

هه‌رچی رۆژه‌ عه‌شقێک ده‌مرێت

له‌ وڵاتی بێ نه‌خشه‌ی رۆحمدا



لافاوێک

له‌ گه‌ڵ شه‌هیده‌کانی گۆرستانی گینم ده‌مڕفێنێ و

نازانم

لرفه‌ی کام شه‌پۆلی لێڵ رامده‌پێچێ؟


نامبیننه‌وه‌ ئیتر

نه‌ له‌ وێستگه کوتوپڕه‌کانی ئاشناییدا و

نه‌ له‌ شه‌قامی ئه‌رخه‌وانی شێعر و

نه‌ له‌ حه‌ره‌می باڵه‌ پیرۆزه‌کانی ئه‌وین دا


ره‌نگه‌ ده‌رفه‌ت نه‌بێت

ئاوڕێکی بڕیاره‌ تاساوه‌کان بده‌مه‌وه‌ و بڵێم:؛

ماڵاوا!؛

ئه‌ی ئه‌وگوڵدانه‌ پێکه‌نینانه‌ی

له‌ تاریکستانی وه‌هم دا ون بوون

ماڵئاوا!؛

ماڵئاوا ئه‌ی ئه‌و کۆتره‌ به‌هه‌شتیه‌ی

له‌ جۆگه‌له‌ی خوێن و

بۆ کڕووزی قژ و

ته‌رمی په‌نجه‌کانمدا باڵت گرت و

بۆ جارێکیش سه‌رت نه‌کرد

به‌ ژووره‌ بێ به‌هاره‌که‌ی دایکمدا

ماڵئاوا

خودا خه‌والوه‌کانی حکوومه‌تی جه‌سته‌م

ره‌نگه‌ ده‌رفه‌ت نه‌بێ جارێکی تر

به‌ په‌یژه‌ی گوناهه‌ نه‌کردووه‌کانی حه‌وادا

بمبه‌نه‌وه‌ زیاره‌تی

یه‌که‌م پیتی ده‌رسه‌کانی گومڕابوون!

*********‌

سه‌فه‌ر



ئێواره‌یه‌ک له‌ گه‌ڵ

که‌ژاوه‌ی په‌پووله‌ سه‌ر هه‌ڵگرتووه‌کانی شاره‌که‌م ده‌که‌ومه‌ ڕێ

هه‌موو ئه‌و ئاوێنه‌ ته‌ماویانه‌ی

لێڵم ده‌که‌ن و

ئه‌و دارستانه‌ رووته‌ی له‌ سێبه‌ری دا خنکام

به‌ جێ دێڵم.؛

به‌شی خه‌زانی خۆزگه‌م ناکا

کۆشی نارنجی ئه‌م پاییزه‌

ده‌بێ به‌ وه‌رزێکی دی و

به‌ڕه‌نگی ئه‌به‌دی بسپێرم

دوایین گه‌ڵای وه‌ریوی ئه‌م عه‌شقه‌م.؛


ئێواره‌یه‌ک یه‌خه‌م

له‌ بێ هووده‌یی چرکه‌ زه‌لیله‌کانی زه‌مان

داده‌ ته‌کێنم

حاشا له‌و پێکه‌نینه‌ ژه‌هراویه‌ی

ته‌مه‌ن مه‌سمووم ده‌کات

حاشا له‌و به‌هاره‌ی ته‌نیایی گوڵدان و

برینی باخچه‌ی ساڕێژ نه‌کرد


حاشا...؛

حاشا له‌و به‌هه‌شته‌ی بیری مردووی لێ سوڵتانه‌!؛

روحم له‌ ژێر ته‌رمی

رۆژه‌ کوژراوه‌کاندا بۆنی گرت

په‌نجه‌ له‌رزۆکه‌کانی مه‌رگیش

ناتوانن رزگارم که‌ن

ئاخ!؛

کچه‌ تاقانه‌که‌ی دایکم!؛

چه‌نده‌ له‌ په‌ره‌ستگه‌کاندا نوێژمان کرد و

بارانێک ته‌ڕی نه‌کردین


چه‌نده‌ ته‌رمی وشه‌ ترۆرکراوه‌کانمان

له‌ گۆڕستانی گیانمان دا هه‌ڵگرت و

شێعرێک نه‌ته‌قیه‌وه‌

به‌ رووی تاریکیدا،؛

چه‌نده‌ له‌ ته‌وافی په‌لکه‌ زێڕینه‌دا مردین.؛


ده‌چمه‌ خه‌ڵوه‌تی ئه‌و باڵندانه‌ی

له‌ فیراقی ئاسمان دا

زیکر ده‌که‌ن

ده‌چمه‌ سڵاوی ئه‌و رێچکانه‌ی

په‌رینه‌وه‌ له‌ سنووری زام و برین


سڵاوتان لێ بێت

ئه‌ی ئه‌و شێعرانه‌ی

له‌ جه‌ژنی

سووتانمدا له‌ داییک ده‌بن

سڵاوتان لێ بێت

باڵه‌ سه‌بووره‌کانی عه‌شق

که‌ی باڵای پیری ئه‌م زستانه‌ هه‌ره‌س دێنێ و

ده‌مگه‌یه‌ننه‌وه‌ برایمۆکی خه‌ونه‌کانم؟

نوقمی به‌سته‌ڵه‌کی سه‌فه‌رم و

وێستگه‌ ئاواره‌کانی غوربه‌ت چاوه‌ڕوانمن



تا چاو هه‌ته‌ر ده‌کات

ره‌هێڵه‌ی تاریکی

تا گوێ بڕ ده‌کات

لووره‌ی شه‌قام

تا ئاسمان هه‌ڵده‌گرێ

ته‌رزه‌ی تانه‌


منم و

ویزای حه‌سره‌ت و جانتایه‌ک پڕ له‌ ژان!؛

************

وێران



بای دێ

کۆتره‌کانی سینگم

به‌ سه‌ر شانی گریانه‌وه‌ په‌ره‌وازه‌ی

جوانه‌مه‌رگی ده‌بن

هێلانه‌ی ده‌سته‌کانی تۆش

وێران ده‌بن وێران

وه‌ک وێرانی دڵه‌ با- بردووه‌که‌ی خۆم

چ ئاژاوه‌یه‌ک هه‌ڵی گرتووه‌ زه‌مان

مینێک له‌ سینگما ده‌ته‌قێته‌وه‌ و

ته‌نیا بۆنی باڕووت و هه‌ناسه‌کانی"رێبین"؛

جێده‌مێنێ له‌ وێرانی چاوه‌کانمدا


بمزانیبا له‌ پشت ده‌رگای ته‌مه‌نم

که‌مینی گرتووه‌

زستان

بمزانیبا هێند بێ ره‌حمانه‌ جێم ده‌هێڵێ

به‌هار

بێ ئه‌وه‌ی ئیزنم بدا

شه‌ڵاڵی به‌ژنی بریسکه‌یه‌کی وێڵ بم

ماچه‌کانم هه‌ر به‌و باڵنده‌ ئه‌به‌دیه‌دا بۆ ده‌ناردی

نه‌ خه‌می برسێتی ده‌زانی و

نه‌ ترسی راوچی مه‌رگ.؛
**************
دوور



له‌ پاییزی ئه‌م شه‌وه‌ تاریکه‌دا

په‌ڕیوه‌ی وڵاتی سه‌ر گه‌ردانیه‌

خاتوونی رۆحم

لێل و ته‌نیا

ئه‌ڕۆم و

به‌ ده‌م وێڵی ئه‌م رێگه‌وه‌

گه‌ڵا... گه‌ڵا حه‌سره‌ت

ده‌بارێته‌ داوێنی ژینم

-بۆ کوێم ده‌بات ئه‌م شه‌قامه‌ نامۆیه‌؟


من قه‌ره‌چم!؛

له‌ وڵاتی به‌خشه‌نده‌ی ئه‌وین دا نه‌بێ

به‌ر ناگرێ باخی دڵم

له‌ پێناو ئێواره‌ سڵاوی رێبواره‌ به‌فراویه‌کاندا ونم کرد

هه‌موو ئه‌و شه‌وانه‌ی

یاده‌‌ کانی دایکمیان تێدا نووسرابوو


تاوانی من

داگیرساندنی گڵۆپێک بوو

به‌داوێنی ره‌شی ئاسمانه‌وه‌


ئیتر باری.....باری

لافاوی ئه‌ستێره‌ هات!؛

چووزانم ئاوا باڵداری حه‌زم ده‌تاسێنێ

پرچی شۆڕی ئه‌م بارانه‌


له‌ پێناوی ره‌هایی وشه‌ دیله‌کاندا

چاو- م به‌خشی به‌ شه‌قامه‌ بێ کۆتاییه‌کانی ئینتیزار

دڵیشم به‌ بێ دڵ ترین ئاوێنه‌ی ژووره‌که‌م


ئه‌ی شه‌پۆله‌ مێهره‌بانه‌که‌ی

گه‌رده‌لوولی ژینم

بمبه‌ بۆ دوور

بمنێژه‌ له‌ ژێر

سێبه‌ری سووری مێلاقه‌یه‌ک....!؛


۱۹.۸.۸۴

...بارت و که‌ڵکه‌ڵه‌کانی نه‌مری


ئه‌ده‌بیات زیاتر له‌ هه‌موو جمکه‌ مه‌عریفیه‌کانی تر به‌ ناو رۆحی مرۆڤدا ره‌گاژۆی کردووه‌. ته‌نیایی و دڵه‌ڕاوکیه‌کانی مرۆڤ پڕپڕه‌ له‌ زه‌مزه‌مه‌ی ئه‌و چرپه‌ شیرینانه‌ی له‌ به‌سته‌ره‌ جۆراو جۆره‌کانی ئه‌ده‌به‌وه‌ سه‌ر چاوه‌ ده‌گرن. ده‌سه‌ڵاتێکی بێ پێوانه‌ی وای هه‌یه‌ که‌ هیچ یه‌ک له‌ زانسته‌ مرۆییه‌کانی تر نه‌یتوانیوه‌ جێگا به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ملهوڕانه‌یه‌ی لێژ بکا. بۆیه‌ مرۆڤ هه‌قی خۆیه‌تی جار و بار له‌ خۆی بپرسێ ئه‌و چه‌مکه‌ سێحراویه‌ چیه‌ وا هه‌ موو مێژووی منی داگیر کردووه؟‌، ئه‌گه‌ر له‌ روو په‌ری ژیانمی ده‌رهاوێژم به‌تاڵاییه‌که‌ی چ خه‌سارێکم پێ ده‌گه‌یه‌نێ؟. به‌ ڕاستی نازانم ئه‌گه‌ر له‌مه‌و لا ئه‌ده‌بیات به‌ هه‌موو ژێر شاخه‌کانیه‌وه‌ ژیانی ئێمه‌ به‌جێ بێڵێ ئیتر چ ده‌قه‌ومێ. به‌ڵام راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ هێچ شتێک به‌ قه‌د ئه‌ده‌بیات له‌ ناو ئه‌م هه‌مووه‌ بێهووده‌ییه‌دا مانای بۆ ژیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌.ئه‌ده‌ب یانی فۆڕمدان به‌ ئه‌ندێشه‌ و فۆڕمدان به‌کرداره‌ ئینسانیه‌کان .مرۆف بۆ هه‌ڵاتن له‌ ده‌ست مه‌رگ له‌ گۆزه‌ری ئه‌ده‌بیاته‌وه‌ چووه‌ خانه‌ی هه‌موو زانسته‌کانی تره‌وه. بۆیه‌ هه‌میشه‌ لایه‌کی بیری لای ئه‌وه‌ بووه‌ بزانێ چۆن درووست بووه‌، کاریگه‌رێه‌تیه‌کانی بناسێ. قفڵی رازه‌کانی بشکێنێ و
.ئه‌م په‌رتووکه‌ش به‌رده‌وام هه‌ر دێت و زه‌به‌لاح تر ده‌بێ و له‌بڕانه‌وه‌ نایه‌

بارت،یه‌کێک له‌و مڕۆڤه‌ بزۆزانه‌یه‌ سه‌ر به‌ ژووری زۆر پرسیاری تازه‌ داده‌کا و چڵێ رازی زۆر شتی نه‌درکاو راده‌وه‌شێنێ. بۆیه‌ش به‌رده‌وام خه‌ریکه‌ به‌ بنچ و بناوانی ئه‌م کێشوه‌ره‌ بێ که‌وشه‌نه‌دا سه‌فه‌ر ده‌کا و هه‌وڵێتی له‌ نێوان جمکه‌ جۆراو جۆره‌کانی دا نێزامێکی یه‌کپارچه‌ی وه‌ها پته‌و بدۆزێته‌وه‌ که‌ هه‌ڵگری زۆربه‌ی واتا نوێیه‌کانی سه‌رده‌می خۆی بێت. بارت به‌رده‌وام له‌ پشکنینی بنچ وبناوانی "بوون" دا بوو. هه‌ر بۆیه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێک له‌ خه‌می ئه‌وه‌دا بوو گه‌وره‌ییه‌کی شایانی خۆی ببه‌خشێ به‌و که‌ره‌سه‌ی پشکنینه‌-ئه‌ده‌بیات.؛

"مه‌رگی نووسه‌ر " له‌و یه‌که‌م پڕشه‌نگه‌ زێڕینانه‌ بوو،که‌ له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بوو به خاڵی‌ ده‌ستپێکردنی زۆر یه‌ک له‌ ئاڵوگۆڕه‌ زه‌ینیه‌کان. تئوریه‌کانی بارت،سۆسۆر، سارتر،برێشت و...ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا ته‌واوکه‌ری یه‌کتر بوون،گه‌رای شۆڕشێکی گه‌وره‌شیان نایه‌وه‌ له‌ پێناو به‌ بلووغ گه‌یاندنی هزری مرۆڤی سه‌رده‌مدا. ئه‌گه‌ر به‌ یه‌که‌وه‌ سه‌رێک به‌ ماڵه‌ پڕ له‌ ئاژاوه‌که‌ی ئه‌م وتاره‌ی" بارت"دا بکێشین ڕه‌نگه‌ باشتر ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌رکه‌وێ.؛‌

مه‌رگی نووسه‌ر/ڕۆڵان بارت-به‌شی یه‌که‌م


رۆڵان بارت

باڵزاک له‌ داستانی "سارازین1"دا،له‌ باسی ئه‌و خواجه‌یه‌داکه‌ جل و به‌رگی ژنانه‌ی پۆشیبوو،ده‌نووسێ: ئه‌و له‌ راستیدا هه‌ر ژن بوو،به‌ فرمێسکه‌کانیداکه‌ هه‌ر له‌ رێوه‌ ده‌هاتنه‌ خوار،ئه‌و خه‌ون وخه‌یاڵاته‌ی هیچ ئه‌قڵ وئاوه‌زێکی تێدا به‌دی نه‌ده‌کرا،دڵه‌کوتێ غه‌ریزیه‌کانی،ئازایه‌تی ناوه‌ختی ودڵه‌راوکێ و سڵۆکی ژنانه‌ی..."؛

کێیه‌ ئاوا ده‌دوێ؟ تۆ بڵێی ئه‌مه‌ پاڵه‌وانی داستانه‌که‌ بێ که‌ ده‌یهه‌وێ چاو بنووقێنێ له‌و ڕاستیه‌ی که‌ ئه‌وه‌ خواجه‌یه‌که‌و‌ له‌ جل و به‌رگی ژنانه‌دا‌ خۆی گۆڕیوه‌؟بڵێی ئه‌مه‌ باڵزاک بێ به‌ ئه‌زموونه‌کانی خۆیه‌وه‌ له‌ مه‌ڕ ژن؟یانی ئه‌مه‌ باڵزاکی نووسه‌ره‌ بیر و ڕای خۆی له‌ سه‌ر ژن ده‌رده‌بڕێ؟ئاخۆ بڵێی ئه‌مه‌ درکاندنی حیکمه‌تێکی جیهانی نه‌بێ؟یا ئه‌وه‌ له‌ ده‌روونناسیه‌کی رۆمانتیکانه‌ ده‌دوێ‌.؛

وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌مان قه‌ت بۆ ده‌رناکه‌ون.له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نووسین یانی داڕمانی یه‌ک به‌ یه‌کی ده‌نگه‌کان وکانگه‌ی سه‌ر هه‌ڵدانی نووسینه‌که‌ش به‌گشتی.؛

نووسین،ئه‌و پانتا ره‌ها و تێکچنراوه‌یه2‌ که‌‌ بابه‌ته‌که‌ی به‌ر سه‌رنجمان3 له‌وێدا بزر ده‌بێ. پانتایه‌کی داگیرکه‌رو قووتده‌ر،که‌ هه‌موو جۆره‌ پێناسه‌یه‌‌ک له‌وێدا بزر ده‌بێ وسه‌ر هه‌ڵدانیشی هاوکاته‌ ده‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی پێناسه‌ ودیارده‌کانی خودی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ شته‌ی بریاره‌ بنووسرێ.بێشک هه‌روا هاتووه‌ وهه‌رواش ده‌بێ. ‌ ئه‌وجیاوازیه ئه‌و کاته ده‌رده‌که‌وێ که‌ راسته‌قینه‌ بێ ده‌ست تێوه‌ردان،یانی به‌ دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ کارکردێکی ده‌ره‌کی ،ته‌نیا به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ڕه‌مزکان و هێماکان دێته‌ گێڕانه‌وه‌.(یانی نه‌ک به‌ کار له‌ سه‌ر کردنێکی راسته‌و خۆ له‌ سه‌ر جیهانی ده‌ره‌وه‌ی).؛

ده‌نگ سه‌ر چاوه‌که‌ی خۆی بزر ده‌کا،نووسه‌ر ئاوقای مه‌رگی خۆی ده‌بێ و نووسین ده‌ست پێده‌کا.ده‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا واتای ئه‌م داهێنانه‌ش‌ ئاڵ و گۆری به‌ سه‌ر داهاتووه.له‌ کۆمه‌ڵگا قه‌ومیه‌کاندا به‌ر پرسیایه‌تی کاری گێڕانه‌وه‌ وه‌ک ئه‌رکی تاکه‌ که‌س چاوی لێناکرێ.گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان کاری فریاڕه‌سێک،جادووبازێک یان نوێنه‌ریکه‌.ئه‌ویش نه‌ک له‌ سۆنگه‌ی "نبووغ"ه‌که‌یه‌‌وه‌،به‌ڵکوو چۆنیه‌تی ڕاپه‌ڕاندنی4 ئه‌م ئه‌رکه‌(واتا پسپۆڕی و لێزانی ئه‌و به‌ سه‌ر تکنیکه‌کانی گێڕانه‌وه‌ دا) یه‌ ڕێزی لێ ده‌گیرێ و به‌ سه‌رنجه‌وه‌ لێ‌یڕاده‌مێنن.؛؛

نووسه‌ر که‌سایه‌تیه‌که‌ ئه‌مڕۆیی .به‌ر‌هه‌می کۆمه‌ڵگای خۆمانه.‌ هه‌ر بۆیه‌ش له‌ پرۆسه‌ی هه‌ستانیدا له‌ دڵی سه‌ده‌کانی ناوه‌ندیڕا‌،به‌ ڕێبازی ئه‌زموونخوازی ئینگلیزی5 وهزرخوازی فه‌ رانسه‌وی6 وباوه‌رهێنان به‌ بزووتنه‌وه‌ی چاکسازی ئایینی7 –واته‌ داشکانه‌وه‌ی ئایین بۆ باوه‌ڕی تاکه‌که‌سی له‌ کۆمه‌ڵگادا-توانی بایه‌خی تاکه‌که‌س ،به‌ واتایه‌کی گه‌وره‌تر،"‌ خودی مرۆڤ" بدۆزێته‌وه‌.؛

جێی‌ خۆشیه‌تی ئه‌گه‌ر،‌ هه‌ر ئه‌م پۆزیتیویسمه‌* که‌ پاڵاوته‌ ولووتکه‌ی جیهانبینی سه‌رمایه‌داریه‌،زۆرترین بایه‌خ ده‌دات به‌ خودی نووسه‌ر.؛

نووسه‌ر به‌رده‌وام به‌ سه‌ر کتێبه‌ مێژوویی ئه‌ده‌بیه‌کاندا،به‌ سه‌ر ژینامه‌ی نووسه‌ران ودیمانه‌ی گۆواره‌کانداحکوومه‌ت ده‌کا.

نووسه‌ر ئێستاش به‌ سه‌ر خۆدی هه‌ست،به‌ واتای" ئاگایی8"و زانیاری قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ستان دا-که‌ حه‌ز ده‌که‌ن خۆیان و به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ رێگه‌ی له‌ خۆ دوان و گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانیانه‌وه‌ له‌ یه‌ک شه‌ته‌ک بده‌ن-،ده‌سه‌ڵات داری ده‌کا.

سیمایه‌کی که‌ له‌ ناو فه‌رهه‌نگی جه‌ماوه‌ردا، له‌ ئه‌ده‌بیات خۆ ده‌خاته‌‌ به‌ر چاو،دیمه‌نێکه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی چڕ و ملهوڕانه ‌به‌ سه‌ر جه‌غزی نووسه‌ر دا ،واته‌خودی خۆی، ژیانی،حه‌ز و سه‌لیقه‌ و سۆز و خرۆشه‌کانی دا ده‌خولێته‌وه‌.ئێستاش زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌کان هه‌ر ئه‌و واتایه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌:ئاکام و به‌رهه‌می کاری بۆدلێر،یانی نامرادی و جوانه مه‌رگی خودی بۆدلێر.کاری وانگۆک یانی شێتیه‌که‌ی وکاری چایکۆفسکی به‌رامبه‌ره‌ ده‌گه‌ڵ ره‌زیلی و خوێڕیه‌تی چایکۆڤسکی.

لێکدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مێک،هه‌میشه‌ له‌ ناو پیاوێک یان ژنێك دا که‌ خوڵقێنه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه‌،مسۆگه‌ر ده‌بێ. هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ -له‌ ڕێگه‌ی ته‌مسیله‌ تاریک و روونه‌کانی نووسراوه‌ی ته‌خه‌یولیه‌وه‌-ئاکامی ده‌نگی که‌سێکی تاقانه‌یه‌.ده‌نگی نووسه‌ر که‌ ئێمه‌ به‌"مه‌حڕه‌می ڕازی خۆی" ده‌زانێ.

‌ هه‌ر چه‌نده‌ زاڵیه‌تی نووسه‌ر به‌رده‌وام به‌ته‌واوی هێزیه‌وه‌ خۆی ده‌رده‌خا.(ره‌خنه‌ی نوێ جگه‌ له‌ داسه‌پاندنی ئه‌و ئه‌م زاڵیه‌تیه‌ هیچی تری له‌ ده‌ست نه‌هاتووه‌.)به‌لام حاشای لێناکرێ زۆرنووسه‌ریش بوون زۆرله‌مه‌و به‌ره‌وه‌ بێ‌وچان هه‌وڵیان بۆ کاڵ کردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌نگه‌ زاڵه‌ داوه‌.

له‌ فه‌رانسا ، بێ شک مالارمه‌ بوو بۆ یه‌که‌م جار به‌ چاکی هه‌ستی به‌و پێویستیه‌‌ کرد،که‌ ده‌بێ خودی زمان له‌ جێگای ئه‌و که‌سه‌ دابندرێ ،که‌ تا دوێینێ به‌ خاوه‌نی زمانه‌که‌ داده‌ندرا. ئه‌و له‌ زووتره‌وه ‌ئه‌و نیازه‌ی هه‌ست پێکردبوو.بۆ مالارمه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئێمه‌ش ئه‌وه‌ زمانه‌ که‌ ده‌ئاخوێ نه‌ک نووسه‌ر. نووسین له‌ رێگای جۆرێک توانه‌وه‌ی که‌سایه‌تی ؛** هاو کات ده‌گه‌ڵ ئه‌و(هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ جیاوازی هه‌یه‌ ده‌گه‌ڵ عه‌ینییه‌ت خوازی ده‌ست و پێ گری رۆماننووسی رئالێست)گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ ته‌نیا زمان کاریگه‌ر ئه‌بێ.زمان به‌ رێوه‌ی ئه‌بات،نه‌ک "من". تێکرای تیۆری ئه‌ده‌بی9 مالارمه‌ بریتیه‌ له‌ دامرکاندنه‌وه‌ی نووسه‌ر به‌قازانجی نووسینه‌که‌.(ئه‌مه‌ش هه‌ر وه‌ک بۆمان ده‌رده‌که‌وێ، به‌ واتای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌ بۆ پله‌ی خۆی.)تا خوێنه‌ر سه‌روه‌ری خۆی پێ بدرێته‌وه‌-.والری که‌ له‌ سۆنگه‌ی ده‌روونناسی "خود10"ه‌وه ‌ده‌ست و باڵی گیرابوو به‌ راده‌یه‌کی به‌ر چاو ئاستی ‌ ده‌سه‌ڵات و کارتێکردنی تیۆری مالارمه‌ی نزم کرده‌وه‌. به‌ڵام ئۆگری مالارمه‌ به‌ کلاسیزم11 وای کرد روو بکاته‌ وانه‌کانی فه‌ننی به‌یان"12.والری هیچ کات ده‌ستی له‌ لۆمه‌ و گاڵته‌ کردن به‌ نووسه‌ر هه‌ڵنه‌‌گرت.والری شیلگیرانه‌ جه‌ختی کرده‌ ‌ سه‌ر سرووشتی زمانناسی (یان وه‌ک ده‌ڵێن سرووشتی خۆ خستنه‌ مه‌ترسیه‌وه‌) کاره‌که‌یی و له‌ به‌رهه‌مه‌ په‌خشانه‌کانی دا به‌رده‌وام لایه‌نگریی له‌ بیچمی بنچینه‌ییی که‌لامی بوونی ئه‌ده‌بیات کرد.که‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌مدا هه‌ر جۆره‌ داڵده‌ بردنه‌ به‌ر "ده‌رووناوی بوون"13ی نووسه‌ری بێ یه‌کودوو به‌ خورافات دێته‌ به‌ر چاو.

پرۆست خۆی،به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌ ده‌وونناسیانه‌ی که‌ به‌ ڕواڵه‌ت وه‌ک لێکدانه‌وه‌کانی ئه‌و سه‌یری ده‌که‌ن،به‌ راشکاوی و ئازایانه‌ و هه‌روه‌ها به‌وپه‌ڕی ووردبینیه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌دا بۆ شێواندنی پێوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و که‌سایه‌تیه‌کانی ناو به‌رهه‌مه‌که‌ی.بۆیه‌ش له‌ به‌رهه‌مه‌کانی پرۆست دا ئه‌و که‌سه‌ی که‌ چیرۆک ده‌گێڕێته‌وه‌ ئه‌و که‌سه‌ نیه‌ که‌ دیویه‌تی و هه‌ستی پێکردووه‌،ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سه‌ش نیه‌ که‌ له‌ ناوه‌ندی نووسین دایه‌.به‌ڵکوو ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ ته‌مایه‌تی‌ بنووسێ.(ئه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ پیاوه‌ گه‌نجه‌که‌ی ناو چیرۆکه‌که‌یه‌،به‌ڵام له‌ ڕآستیدا ئه‌و پێاوه‌ کێیه‌ و چه‌ند ساڵی ته‌مه‌نه‌؟ده‌یهه‌وێ بنووسێ به‌ڵام ناتوانێ. رۆمان له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا،که‌ نووسین مسۆگه‌ر ده‌بێ.)پرۆست له‌ راستیدا حیماسه‌ی-ئازایه‌تی- نووسینی نوێی خوڵقاند. ئه‌و له‌ کوێن نیشاندانی خۆی له‌ رۆمانه‌که‌ی دا(وه‌ک چۆن زیاتر وا ده‌نوێنێ)له‌ بنه‌ڕه‌ت دا به‌ لایه‌کی پێچه‌وانه‌ ‌دا هه‌نگاوی ناو سه‌رجه‌می ژیانی خۆی کرد به‌و به‌رهه‌مه‌ ،که ‌کتێبه‌که‌ی‌ نموونه‌ی ئه‌و بوو .به‌و پێ ودانه‌ بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که‌ شارلۆس چاولێکه‌ری مه‌نتسکیو ناکات ومه‌نتسکیوش-له‌واقعی حیکایه‌تی و مێژوویی خۆیدا-هیچ شتێک نیه‌ جگه‌ له بوونێکی دووهه‌می که‌ له‌ شارلۆسه‌وه14‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. له‌ کۆتاییشدا بێ ئه‌وه‌ی پشوومان له‌م" پێش‌مێژووی نوێخوازیه"‌ زیاتر هه‌ڵکێشین،ده‌بێ ئاوڕێک له‌ سوررئالیسم بده‌ینه‌وه‌. ئه‌ر چی سوررئالیسم نه‌یتوانی پله‌یه‌کی به‌رزو شیاو بۆ زمان قاییل بێ.[زمان سیستمێکی پێک هاتوو له‌ ڕه‌مزه‌کانه‌ و ئامانجی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ش، رۆمانتیکانه‌ وێران کردنی راسته‌وخۆی ره‌مزه‌کان بوو..کارێک که‌ خۆی له‌ خۆیدا له‌ خه‌یاڵێکی خاو تێنه‌ده‌په‌ڕی.چونکه‌ ره‌مز وێران ناکرێ. ره‌مز ته‌نیا ده‌کرێ؛" سه‌ر له‌نوێ بخرێته‌وه‌ گه‌ڕ".)؛به‌ڵام هه‌ر چی بێ توانی له‌ هێنانه‌ خواری ئاستی پیرۆزێتی سیمای نووسه‌ردا کاریگه‌ر بێ ؛
سورئالیسم ئه‌م ئه‌رکه‌ی به‌ پێشنیاری به‌رده‌وامی خۆی ،له‌ پێناو تێک رماندنی له‌ نه‌کاوی چاوه‌ڕوانیه‌ ماناییه‌کان (هه‌ر چه‌مکه‌ به‌ ناو بانگه‌که‌ی خۆ هه‌ڵڕشتن- ته‌کان- له‌ سوررئالیسمدا)جێ به‌ جێ کرد.ئه‌ویش به‌ سپاردنی ئه‌رکی نووسین به‌ حاڵه‌تێکی وا که‌ له‌ خۆوه‌ و به‌ به‌ پڕتاو ده‌ست بکه‌ی به‌ نووسین.(ئه‌و شته‌ی که‌ زه‌ین خۆی لێی بێ خه‌به‌ره‌،-به‌ ده‌ست و به‌وه‌رگرتنی ' ئه‌سڵ'وئه‌زموونێک له‌ سه‌ر بنه‌مای نووسینی هاوکات له‌ سۆنگه‌ی چه‌ند که‌سه‌وه‌.؛

زمانه‌وانی به‌ وه‌لانانی خودی چه‌مکی ئه‌ده‌بیات(له‌ راستیشدا ئه‌و جۆره‌ ده‌سته‌به‌ندی کردنانه‌ بایه‌خی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن)هه‌ر له‌ هه‌مان کاتدا که‌ وا پێشان ده‌دا هه‌مووی ئه‌م زانیاری پێدانه‌15 باس له‌ پرۆسه‌یه‌کیی بێ‌ناوه‌ڕۆک ده‌که‌ن، به‌ئامانجی وێران کردنی نووسه‌ر،خۆی به‌ پۆلێ که‌ره‌سته ی پڕ بایه‌خی لێکۆڵینه‌وه‌ ته‌یار ده‌کات. له‌ ڕوانگه‌ی زمانناسیه‌وه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌، بێ ئه‌وه‌ی پێویستیشی به‌وه‌ هه‌بێ به‌ که‌سایه‌تی خوێنه‌ران پڕ کرێته‌وه‌،کارکردی خۆی هه‌ر ده‌پارێزێ.؛

زمانناسی ده‌ڵێ:نووسه‌ر بۆ نووسین له‌به‌ڵگه‌یه‌ک زیاتر نیه‌، هه‌رئه‌و شته‌ که‌ "من"ناتوانێ بوونی ببێ.زمان بابه‌ت ده‌ناسێ،نه‌ک "که‌س"ه‌که‌. بابه‌تـیش- له‌ هه‌مان کاتدا،له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئه‌و" زانیاریه‌ی" که‌ پێناسه‌ و مه‌رجی پێ ده‌به‌خشێ،شتێکی پووچه‌ڵه- هه‌رئه‌وه‌نده‌ی که‌ یه‌کپارچه‌یی ئه‌دا به‌ زمان ته‌واوه‌‌. بابه‌ت ده‌توانێ وهه‌ڵگری ئه‌و‌ه‌یه‌‌ له‌ هه‌موو وزه‌و توانیایه‌کانی زمان که‌ڵک وه‌رگرێ.؛

ده‌رهاویشتنی نووسه‌ر(لێره‌ ده‌توانین ده‌گه‌ڵ برێشت هاوده‌نگ بین،که‌ باس له‌ مه‌ودادانانـ"فاسله‌ گوزاری"ی راسته‌قینه‌ ده‌کا؛وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێ :نووسه‌روه‌ک کۆته‌ڵێک له‌ دوورترین خاڵی گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی دا له‌ چاوان ون ده‌بێ)ته‌نیا راستیه‌کی مێژوویی یا هه‌نووکه‌یی وله‌پاواندا بووی نووسین نیه‌. ده‌رهاویشتنی نوسه‌ر ،ده‌قی تازه‌ ده‌گۆڕێ.(روونتر بڵێم:ده‌ق ئه‌مجاره‌یان جۆرێک ده‌خوڵقێ و ده‌خوێندرێته‌وه‌ که‌ نووسه‌ر له‌ هیچ ئاستێکیدا به‌دی ناکرێ.؛

لێره‌دا ده‌گه‌ڵ جیاوازی له‌ زمانبه‌ندی دا به‌ره‌و روو ده‌بین. نووسه‌ر،ئه‌گه‌ر ئیمانی پێ‌بێنین،هه‌ر له‌ کوێن رابردووی کتێبه‌که‌ی لێی تێده‌گه‌ین:کتێب و نووسه‌ر هه‌ر خۆبه‌خۆ له‌سه‌رتاقه‌ هێڵێک جێگیر ده‌بن.هێڵێک که‌ دابه‌ش بووه‌ به‌ دوو که‌رتی پێش و پاشه‌وه‌. وا وای دانێین که‌ نووسه‌ر بژیوی کتێبه‌که‌ی‌ دابین ده‌کا،یانی نووسه‌ر‌ به‌ر له‌ بوونی‌کتێبه‌که‌ی هه‌یه‌،بیر ده‌کاته‌وه‌،ئازار ده‌چێژێ،بۆی ئه‌ژی و سه‌روه‌ری ئه‌و‌ به‌ سه‌ر به‌رهه‌مه‌که‌یدا،وه‌ک پێوه‌ندی باوک له‌ده‌گه‌ڵ جگه‌ر گۆشه‌که‌ی وایه‌.

درێژه‌ی هه‌یه‌....؛
positivism*
:(impersonality )**

مه‌رگی نووسه‌ر/ڕۆڵان بارت-به‌شی دووهه‌م


بارت ده‌ڵێ :ئێمه‌ ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی دوارۆژ هی نووسین بێ،ده‌بێ ئوستووره‌ به‌راوه‌ژوو که‌ینه‌وه‌: له‌ داییک بوونی خوێنه‌ر، ده‌بێ به‌ نرخی مردنی نووسه‌ر مسۆگه‌ر بکرێ.ئه‌مه‌ به‌ردێک بوو بارت له‌ شیشه‌کانی هزری سه‌رده‌می خۆی هاڵاند.زۆر که‌س به‌رهه‌ڵستی بوون. به‌ قه‌ولی خۆی ده‌ڵێ:ئه‌م وتاره‌یان زۆرخوێنده‌وه‌ به‌ڵام که‌میان به‌باش خوێنده‌وه‌.به‌ڵام راستی ئه‌وه‌ بوو بارت و سارته‌ر شۆرشێکیان ناوه‌ که‌ له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا باشی رچه‌ شکاند. ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و دئباره‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌مکی"مانا"و وێچووه‌ زه‌ینیه‌کانی مانایه‌ له‌م وتاره‌دا وای کرد ئێستاش ئه‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ گه‌وره‌یی خۆی به‌رده‌وام پاراستبێ.ئه‌مه‌ش
به‌شی دوهه‌م و کۆتایی وتاره‌ "لانه‌ره‌که‌ی" بارتی تاقانه‌
*رامان
به‌شی دوهه‌م....
له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ده‌گه‌ڵ ئه‌م ڕامانه‌دا، "بنووس"16ی ئه‌مڕۆیی هاوکات ده‌گه‌ڵ ده‌قه‌که‌دا له‌داییک ده‌بێ. به‌هیچ جۆر نه‌ ئه‌م سه‌روه‌ری به‌ سه‌ر د‌ه‌ق دا هه‌یه‌ نه‌ده‌ق سه‌روه‌ری به ‌سه‌ر ئه‌ودا.بۆ کتێبه‌که‌ش ئه‌گه‌ر وه‌ک بار- ێک17 له‌ به‌ر چاوی گرین،نووسه‌ر ده‌وری بارهه‌ڵگر18 ناگێڕێ. زه‌مه‌نێکیش جگه‌ له‌ کاتی هه‌ست(آگاهی) بوونی نیه‌. هه‌ر ده‌قێکیش به‌رده‌وام و به‌رده‌وام لێره‌ وئێستا ده‌نووسرێته‌وه‌. راسته‌قینه‌ ئه‌مه‌یه‌(یان وای تێگه‌یشتووین)که‌ نووسه‌ر ئیتر به سه‌ر‌ کار و باری نووسینه‌وه،بیرکاری،نواندنه‌وه(باز نمایی)‌،وێنا کردن،(به‌وجۆره‌ی کلاسیکه‌کان لێی ده‌دوێن) ده‌لاله‌ت ناکات. نووسین ده‌قاوده‌ق به‌ سه‌ر ئه‌و شته‌دا که‌ زمانه‌وانه‌کان(به‌ سرنج دان به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئاکسفۆرد19)ناوی ده‌نێن جۆره‌-کردار20-ێک،[جۆرێک شێوازی قسه‌ کردنی ده‌گمه‌ن و که‌م وێنه‌] ده‌لاله‌ت ده‌کا. شێوازێک که‌ له‌ پاوانی که‌سی یه‌که‌م دایه‌ وله‌ "ئێستا"دا ده‌رده‌بڕدرێ.له‌م شێوازی قسه‌ کردنه‌دا "زانیاریدان"جگه‌ له‌ کردارێک که‌ له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه ‌ده‌رده‌بڕدرێ، ناوه‌ڕۆکێکی تری نیه‌.(هه‌ڵگری ڕاو پێشنیارێکی تر نیه‌).شتێکی وه‌ک بڵێی "من ڕاده‌گه‌یه‌نم"له‌ لایان پاشاکانه‌وه‌،یان بڵێی"من ده‌خوێنمه‌وه‌"له‌لایان شاعیرانی که‌وناراوه‌.

بنووسی ئه‌مڕۆیی به‌ ده‌راویشتن و ناشتنی نووسه‌ر،وه‌ک له‌ بۆچوونه‌ سه‌رسه‌ره‌کیه‌کانی پێشینیانیدا به‌دی ده‌کرێ،ئیترناتوانێ بێته‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ "که‌ ئه‌م ده‌سته‌ ده‌روه‌ستی ئه‌م بیر و هه‌سته‌ نایه‌. ناتوانێ فه‌رمانێکی وا ده‌ربکات و به‌و شێوه‌یه‌‌ و به‌ پێی نیازی خۆی ته‌گه‌ره‌ بخاته‌ سه‌ر رێی ئه‌و ڕه‌وته‌ی سه‌ره‌وه‌ وبه‌ فیتی دڵی خۆی تیف تیفه‌ی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ بدات که‌ خۆی به‌ دڵیه‌تی. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌له‌ لای ئه‌و،ده‌ستێکی دابڕاو لا هه‌موو ده‌نگێک وپه‌روه‌رده‌ بوو له‌ ژێر کارتێکردنی حاڵ و‌ هه‌وای مه‌حزی نووسینه‌وه‌دا،(نه‌ک ده‌ربڕین)،له‌ ده‌وه‌رێکی بێ ‌ سه‌رچاوه‌ دا ده‌که‌وێته‌ پشکنین.(یان هیچ نه‌بێ له‌ ده‌وه‌رێکدا که‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی تری بێجگه‌ له‌ خودی زمانه‌که‌ نیه‌.زمانێکی که‌ به‌رده‌وام گومان ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌کان).

ئه‌وه‌ ده‌زانین ده‌ق هێڵێک له‌ وشه‌ی رووت نیه‌ که‌ واتایه‌کی لاهووتی(په‌یام،نووسه‌ر، خوای) لێوه‌ده‌رچێ. به‌ڵکوو که‌شایه‌کی فره‌لایه‌نه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ نووسینێکی جۆراوجۆر،که‌ هیچ کامیان ره‌سه‌ن نین، له‌وێدا تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک ده‌بن و له‌یه‌ک ده‌نگوێن.

ده‌ق له‌ تان وپۆی ئه‌و حیکایه‌تانه‌ پێک هاتووه‌ که له‌و بێ ئه‌ژمار مه‌کۆ فه‌رهه‌نگیانه‌ وه‌رگیراون. هه‌ر وه‌ک بوڤارو پێکووشه‌21، ئه‌و دوو روونووسه‌ نه‌مره‌. که‌له‌ یه‌ک کاتدا هه‌م به‌رز و به‌ڕێز بوون، هه‌م بۆ گاڵته‌ پێکردن ده‌بوون. ئه‌و هه‌موه‌ رشقه‌نیه‌یان راسته‌ و راست باسی له‌ راسته‌قینه‌ی نووسین ده‌کرد. نووسه‌ریش ته‌نیا ئه‌مه‌ی له‌ ده‌ست دێ لاسایی حاڵ و هه‌وایه‌ک بکاته‌وه‌ که‌ زیاتر ده‌ره‌کی یه‌ نه‌ک ده‌روونی. تاقه‌ هێزێکی که‌ شکی ده‌بات له‌مه‌ دایه‌ که‌ نووسینه‌کان تێکه‌ڵ بکات و رووبه‌ڕووی یه‌کیان بکاته‌وه‌. به‌ جۆرێ قه‌ت وا نه‌بێ پشت به‌ یه‌کیان ببه‌ستێ.

ئه‌و ئه‌گه‌ر ئامانجی گێڕانه‌وه‌ی"خۆی"بێ‌،ده‌بوو لانی که‌م ئه‌مه‌ی بزانیبایه‌ :ئه‌و"شته"‌ده‌روونیه‌ی ده‌یهه‌وێ به‌ زمانێکی تر بۆمانی بگێڕێته‌وه‌، ته‌نیا فه‌رهه‌نگێکی وشه‌یه‌-وشه‌دانێکه‌- که‌ وشه‌کانی ته‌نیا به‌ یارمه‌تی وشه‌کانی تری لێکده‌د‌رێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ڕه‌وتێکی به‌رده‌وامه‌ وکۆتایی نایه‌.

"تۆماس دۆکوه‌ینس22"لاو ئه‌م ئه‌زموونه‌ی تاقی کرده‌وه‌. دۆکۆینسی له زمانی یونانیدا هێنده‌ پسپۆڕ بوو،توانی به‌ بیانووی وه‌رگێڕانی باوه‌ڕه‌کان و نموونه‌گه‌لی‌ تازه‌ وده‌گمه‌ن بۆ سه‌ر ئه‌و زمانه‌ مردووه‌،فه‌رهه‌نگێکی وه‌ها ته‌سه‌ل بۆ خۆی ده‌سته‌ به‌ر بکاکه‌ بشێ پشتی پێ ببه‌ستێ.پاشان ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی وه‌ها په‌ره‌ پێدا که‌ له‌ هه‌مووی ئه‌و فه‌رهه‌نگی وشانه‌ی له‌ ته‌وه‌ره‌ی چالاکیه‌ ئه‌ده‌بیه‌کاندا نووسراون،قووڵتر و به‌ربڵاوتر بوو.

بۆدلێرله(‌paradis artificiets)دا له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێ:بنووس که‌ له پاش نووسه‌ر سه‌ر هه‌ڵ ده‌دا، ئه‌وه‌ جۆش و خرۆشه‌کان،خوو و خده‌کان،خه‌م و کارتێکردنه‌کان نیه‌ که‌ له‌ده‌روونی خۆیدا هه‌ڵیان ده‌گرێ. به‌ڵکوو ئه‌وه‌ فه‌رهه‌نگێکی زه‌به‌لاحی وشه‌یه‌ و شێوه‌ نووسینێکی له‌ وه‌ستان نه‌هاتووش که‌ له‌ دوو توێی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی ده‌ر ده‌کێشێ.

ژیانیش جگه‌ له‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌ کارێکی تری له‌ ده‌س نایه‌.کتێبه‌که‌ش خۆی له‌ خۆی داهه‌ر تانوپۆی له‌ نیشانه‌کان پێک هاتووه‌.لاسایی کردنه‌وه‌یه‌کی بێ ئاکام،که‌ هه‌تاهه‌تایه‌ بێ ئه‌نجام ده‌مێنێته‌وه‌.

به‌ وه‌لانانی نووسه‌ر، بانگه‌شه‌ی ره‌مز سرینه‌وه‌ له‌ ده‌ق،قسه‌یه‌کی خۆڕاییه‌. ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک ببه‌خشینه‌ ده‌ق،ده‌قه‌که‌مان ده‌ربه‌ستی شتێک کردوه‌.به‌ جۆرێک،مه‌دلوولێکی به‌ ئه‌نجام گه‌ییشتوومان23 بۆ ده‌ست نیشان کردووه‌ و ده‌قه‌که‌مان داخستووه‌.وه‌ها تێگه‌ییشتنێک له‌سه‌ر ده‌ق، ده‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ش ده‌گونجێ. ئه‌گه‌ر وابێ. ئه‌و ده‌م ئه‌رکی گه‌وره‌ی ره‌خنه‌، ده‌بێته‌ دۆزینه‌وه‌ی نووسه‌ر(یان تێگه‌ییشتنه‌کانی ئه‌و:کۆمه‌ڵگا،مێژوو،زه‌ین،ئازادی)له‌ پشت ده‌قه‌وه‌: ئه‌و کاته‌ که‌ نووسه‌ر خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌دا ده‌ق"دێته‌ شه‌رح کران"و ئه‌مه‌ش یانی سه‌رکه‌وتنی ره‌خنه‌گر.هه‌ر بۆیه‌ش زۆر سه‌یر نیه‌ له باری مێژوویه‌وه‌ ده‌سترۆییشتوویی نووسه‌ر هاو واتا بووه‌ ده‌گه‌ڵ ده‌سترۆییشتوویی ره‌خنه‌گر. هه‌روه‌ها سه‌یریش نیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌بینین،ره‌خنه(جاچ ره‌خنه‌ی نوێ یا خۆ ...)‌ و نووسه‌ر هه‌ر دووکیان ،باڵ به‌ باڵی یه‌ک به‌ره‌و سڕانه‌وه‌‌ ئه‌چن. له‌ فره‌لایه‌نێتی نووسیندا، له‌ جیاتی ره‌مزسڕینه‌وه24‌،هه‌مووشتێک ده‌بێ ره‌ها25 بکرێ.پێکهاته‌،له‌ هه‌ر خاڵێک و هه‌ر رووپه‌ڕێکدا ده‌توانێ به‌رده‌وام درێژه‌ی پێ بدرێ یان ده‌رکێشرێت(وه‌ک تاڵی گۆره‌وی)،.به‌ڵام له‌ پشت ئه‌وه‌وه‌ شتێکی ترت ده‌ست ناکه‌وێ.پانتای نووسین بۆ چوونه‌ ناخ و موو به‌ موو پشکنینی نیه‌،به‌ڵکوو رووپه‌ڕێکه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ری تیابکه‌ی. نووسین،هاو کات ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ خۆ به‌ ده‌ست ماناوه‌ نادا،به‌رده‌وام به‌ شێوه‌یه‌کی رێکخراوه‌، مانا داده‌ڕێژێ بۆ ئه‌وه‌ی بیسرێته‌وه.‌ به‌م شێوه‌یه ده‌قاو ده‌ق ئه‌ده‌ب(باشتر وایه‌ لێره‌وه‌ بڵێین نووسین)یش،به‌ خۆ پاراستن له‌ جێگیر کردنی"راز"ێک،مانایه‌کی به‌ ئه‌نجام گه‌یشتوو بۆ ده‌ق(هه‌روه‌ها بۆ جیهان ‌له‌ شێوه‌‌ی ده‌ق)ئه‌و شته‌ی به‌ جۆرێک چالاکی دژه‌ لاهووتی ده‌زانین،ده‌خاته‌ گه‌ڕ.چالاکیه‌ک که‌ له‌راستیدا خۆی شۆڕشێکه‌، چونکه‌ خۆ پاراستن له‌ سه‌قامگیر کردنی مانا له‌ لێکدانه‌وه‌ی ئاخری دا،خۆپاراستن له‌ خوا و هاوشێوه‌ زه‌ینیه‌کانی ئه‌و- به‌ڵگه‌، زانست، یاسا-یه‌.

وه‌رن با بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر رسته‌که‌ی باڵزاک.که‌س"تاکه‌ که‌س"ێک ئه‌و ڕسته‌یه‌ی به‌ زار دانه‌هاتووه‌: پێگه‌ی راسته‌قینه‌ی نووسین نه‌ک له‌ سه‌رچاوه‌ و ده‌نگی دا،به‌ڵکوو ده‌بێ له‌ خوێندنه‌وه‌دا بۆی بگه‌ڕێی. نموونه‌یه‌کی وردتر دێنمه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی باشتر له‌مه‌ بگه‌ین. له‌ تۆژینه‌وه‌یه‌کی تازه‌دا(له‌ لایان جی.پی.وێرنان)26 که‌ له‌ مه‌ڕ ره‌گه‌زه‌ شاراوه‌ و دوولایه‌نه‌کانی تراژیدی یوونانی دا بوو، واده‌ر که‌وت که‌ تان و پۆی ده‌قه‌ تراژیدیه‌کانی یونانی له‌ وشه‌گه‌لێک که‌ له‌ چه‌ند سه‌ره‌وه‌ واتا ده‌به‌خشن پێکهاتووه‌،وشه‌گه‌لێک که‌ هه‌ر کام له‌ که‌سایه‌تیه‌کان له‌ سه‌رێکه‌وه‌ تێیده‌گه‌ن(له‌ راستیشدا هه‌ر ئه‌م خراب تێگه‌یشتنه به‌رده‌وامه‌یه‌ بیچم(شکڵ) ده‌دا به‌ تراژیدیا). به‌ڵام که‌سێکیش هه‌یه‌ ده‌گه‌ڵ چه‌ند واتایی بوونی وشیه‌کیشدا،لێی تێده‌گا و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش به‌ که‌ڕی و گوێ نه‌بیس بوونی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی‌ له‌ به‌ر ده‌م ئه‌ودا قسه‌ ده‌که‌ن،ده‌زانێ. ئه‌مه‌ش هه‌مان خوێنه‌ر(بیسه‌ر) ه.سه‌رله‌به‌ری "بوونێتی" نووسین به‌م شێوه‌یه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دا: ده‌ق له‌ پۆلێ نووسراوه‌ی چه‌ند لایانه‌،که‌ هه‌ر کامیان له‌ هه‌ندێ فه‌رهه‌نگی جیا جیا وه‌رگیراون و له‌ خرانه‌‌ ناو بۆنه‌کانی ده‌مه‌ته‌قێ - وتن و بیستن- و کێشه‌ و دژ به‌ یه‌ک(parody) بووندا، درووست بوون‌.خاڵێکیش هه‌یه‌ که‌ ئه‌م چه‌ند لایه‌نی‌ بوونه‌ له‌وێدا کۆ ده‌بێته‌وه‌،ئه‌و خاڵه‌ش،خوێنه‌ره‌،نه‌ک ئه‌و جۆره‌ش تاکوو ئێستا کوتویانه‌،"نووسه‌ر".

خوێنه‌ر که‌شایه‌که، هه‌مووی ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی که‌ نووسین دێننه‌ به‌رهه‌م- به‌ بێ ئه‌وه‌ی شتێک له‌ کیس بچێ – له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ڵده‌که‌ندرێ . یه‌کپارچه‌یی ده‌ق نه‌ک له‌ زێگه‌ و سه‌ر چاوه‌که‌ی دا،به‌ڵکوو له‌ ئامانجی ئه‌و دا شاراوه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌و ئامانجه‌ ئیتر ناتوانێ شتێکی تاکه‌ که‌سیانه‌‌ بێ. خوێنه‌ر نه‌ مێژووی هه‌یه‌، نه‌ سه‌ربرده‌ی هه‌یه‌ و نه‌ده‌روونناسی. خوێنه‌ر ئه‌و که‌سه‌یه‌ له‌ چوار چێوه‌یه‌کدا یه‌کپارچه‌یی ده‌به‌خشێته‌ ته‌واوی ئه‌و نیشانانه‌ی ده‌قی نووسراو پێک دێنن. هه‌ر بۆیه‌ پیاو به‌ خۆی نیه‌ پێکه‌نینی دێ،ئه‌گه‌ر ده‌بینین نووسراوه‌ی ئه‌مڕۆکه‌،به‌ ناوی مرۆڤخوازیه‌وه‌،که‌ به‌ دهۆ و ریابازی خۆی ده‌کا به‌ پارێزه‌ری مافی خوێنه‌ر، شه‌رمه‌زار ده‌کرێ . ره‌خنه‌ی کلاسیک قه‌ت قه‌ت ئاوڕی له‌ خوێنه‌ر نه‌داوه‌ته‌وه‌. له‌ لای ره‌خنه‌ی کلاسیک ته‌نیا که‌سێکی که‌ له‌ ناو ئه‌ده‌بیاتدا بوونی هه‌یه‌،نووسه‌ره‌ . له‌مه‌و به‌و لاوه‌ ئیتر نامانهه‌وێ، بکه‌وینه‌ به‌ر تانه‌ و ته‌شه‌ری خۆپه‌ره‌ستانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی پیاوچاکانه‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نگری له‌ شتێکده‌که‌ین که‌ "وه‌لا ده‌نێ، ده‌خاته‌ پشت گوێ ، کۆتایی پێ دێنێ و تێک ده‌شکێنێ". ئێمه‌ ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ی دوارۆژ هی نووسین بێ،ده‌بێ ئوستووره‌ به‌راوه‌ژوو که‌ینه‌وه‌: له‌ داییک بوونی خوێنه‌ر، ده‌بێ به‌ نرخی مردنی نووسه‌ر مسۆگه‌ر بکرێ.

ته‌واو بوو.

تێبینیه‌کان:

1.sarasine

2.ئه‌م وشه‌یه‌م له‌ بابه‌تێکی هاوڕێم ره‌هبه‌ر مه‌حموود زاده‌ وه‌رگرتووه‌،له‌ جیاتی"پیچیدگی".تێبینیه‌که‌ی‌ ره‌هبه‌رم به‌لاوه‌ په‌سه‌ندتر بوو:مۆرێن ئاماژه‌ به‌مه‌ ده‌کا که‌ ریشه‌ی کۆنی وشه‌ی complex له‌ گه‌ڵ مانای چنراوه‌ (بافت) پێوه‌ندی هه‌یه‌ بۆ دانانی هاوسه‌نگی کوردی که‌ڵکم له‌ وشه‌ لاتینیه‌که‌ی وه‌رگرت. که‌ هاوسه‌نگه‌ فارسیه‌که‌ی ده‌بوه‌"ئاڵۆزی"زیاتر ده‌لاله‌تی بۆ ناڕێکی و پێکی ده‌کرد تا complexity.وه‌رگێری کوردی

3.subject 4.performance 5.english empiricism 6.french rationalism 7.reformation 8.the very consciousness 9.poetics 10.ego 11.classicism 12.rhethoric 13.interiority

14.بارون دۆشارلۆس یه‌کێکه‌ له‌ که‌سایه‌تیه‌کانی رۆمانی" به‌ شوێن زه‌مه‌نی له‌ ده‌ست چوو دا"(1914-27)له‌ نووسینی مارسێل پرۆست.وه‌ک ده‌ڵێن شارلۆس شێوه‌یه‌ک بوو کۆنت رابێرت دۆمێنتسکیو ی هاواڵی پرۆست.

15.enunciation 16.scriptor 17. predicate 18.subject 19.oxford aphilosophy 20. a performative

Bouvard and pecuchet.21کاسایه‌تیه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی رۆمانی گوستاو فلۆبێر

22.tomas de quincy 23 . afinal signified 24. deciphered 25. disentangled 26.j.p.vernant vernant.....

۱۶.۸.۸۴

شه‌یتانی سپی




نه‌خشه‌يه‌کی چ تێکه‌ڵه

شه‌ودره‌نگانی شه‌يتانی سپی

....چ گوناحه )

تاکسييه‌کی قه‌ده‌غه ئه‌مڕێژێته په‌ڕينه‌وه‌يه‌ک

....که نامهێڵن )
شه‌يتانی سپی

حه‌زی له په‌ڕينه‌وه‌يه
....ڕه‌نگه تا من )


فڕين که‌ ساده‌يه‌کی ئاڵۆزه

که دابه‌زينێکی هه‌ميشه خوێناوييه

....چ خۆشه خۆش )


پشيله‌کی حه‌په‌ساو

هه‌ڵتووته‌کاوه به‌رامبه‌ر ته‌نياييه‌کی قاوه‌يی

....چ نه‌خشه‌يه‌کی تێکه‌ڵه شه‌و دره‌نگانی شـ )


تاريک و تنووک

هه‌ڵتوته‌کاوه

منێکی
وا

.به‌رامبه‌ر شه‌يتانێکی بزۆزی ساده
رامان سۆفی سوڵتانی

۱۵.۸.۸۴

...وه‌رگێڕانی چه‌ند شێعرێکی لۆرکا و چه‌ند په‌يڤێکی ترسنۆکانه







هه‌رچه‌ند ده‌سه‌ڵاتێکی باڵات له کاری وه‌رگێڕان- ئه‌ويش شێعر-دا هه‌بێ،ديسان که له‌کار بوويه‌وه هه‌ست ده‌که‌ی خه‌يانه‌تت کردووه.هه‌ميشه هه‌ندێ شتی گياندار له شێعره‌که به جێده‌مێنێ که نازانی چی بکه‌ی به ده‌ستيانه‌وه.ئه‌مه‌ش بێشک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خسڵه‌تی سۆسۆريانه‌ی زمان.ده‌گه‌ڕێته‌وه بؤ ئه‌و خزمايه‌تيه سڕومڕه‌ی نێوان زمانی شێعره‌که و ئه‌و سات و شوێنه‌ی شێعره‌که‌ی تيا له دائيک بووه ،ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ربرده‌ی هه‌مووی ئه‌و شتانه‌و هه‌مووی ئه‌و ژانه زۆر زۆر تايبه‌تانه‌ی له گوورانی شێعره‌که دا کاريگه‌ريان هه‌بوه.
به‌ڕاست مرۆڤ نازانێ چی له وه‌رگێرانی شێعر بکات،له لايه‌که‌وه تۆ به ئه‌شقی وه‌رگێڕان،له سه‌مايه‌کی سێحراوی ئۆقره نه‌گرتوو خه‌ريکه په‌يکه‌رێک داده‌تاشی که ته‌نيا به جۆرێک له جۆره‌کان له شێعر ده‌چێ و به‌س.له لايه‌‌‌کی ديکه‌شه‌‌وه ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان نه‌بێ تۆ چی له رۆحی له وه‌ستان نه‌هاتووی ئه‌زراپاوند،ئۆکتاويوپاز،سيلوا پلات و نێرۆدا...ده‌زانی؟

يه‌کپارچه‌يی جوانی ناسانه‌ی وشه و رسته‌، ده‌گه‌ڵ ده‌روونی ئاوێنه‌يی شێعر لێک ده‌ترازێ.يه‌کپارچه‌يی ناوه‌ڕۆک و ڕواڵه‌تی شێعر به ده‌سته ئاشقه‌کانمانه‌وه هه‌ڵده‌پڕووکێن.چ گوناحه چ گوناح...جريوه‌ی ناو قورگی وشه باڵداره‌کان ده‌خنکێنين،تا هه‌ندێک که‌ره‌سته‌ی خاو و زانياری گشتی ، هاوواتاو شتی تر بگوێزينه‌وه بۆ ناو جوغرافيای زمانێکی تر و بۆ نێو به‌سته‌رێکی تر.

.ئيتر ئه‌مه سه‌ر له به‌ری کێشه‌ی کاری وه‌رگێڕانه ،جاتۆ وه‌ره ئه‌م مامه‌ڵه‌يه ده‌گه‌ڵ خسڵه‌ته تايبه‌تيه‌کانی شاعيرانی لووتکه‌ی وه‌ک لۆرکا دا بکه.شێعری لۆرکا سه‌مايه‌کی سێحراوی وئه‌زه‌ليه ،تۆ ئه‌گه‌ر زۆر لۆرکايانه‌ بژی ته‌نيا ئه‌توانی په‌يکه‌رێکی زه‌ريفی لێ دابتاشی و به‌س.

وه‌ڕگێڕانی شێعر يانی ڕاو کردنی واتا سه‌رچڵه‌کانی مانه‌وه،يانی کوشتنی بيانووه نهێنيه‌کانی ئاشق بوون،يانی چی و چی و چی....کاتێ که خۆم هاتووم ده‌ست ئه‌نێمه بينه قاقای کۆتره سڵۆکه‌کانی ڕازستانی ده‌روونی لۆرکا و له رکه‌ی چه‌مکه يه‌کلاکراوه‌کانی خۆمدا پێشکه‌شتانی ده‌که‌م ئيتر چ بيانويه‌ک هه‌يه له وه زياتر :"وه‌رگێڕانی نه‌ستی ناوشياری لۆرکا بۆ ئه‌وه‌يه مێژووی ئه‌و فه‌رته‌نه بنووسمه‌وه که‌ له کاتی ڕه‌هاييم له که‌ناره‌کانی شێعريدا ،هه‌ژاندوومی.با ڕاستگۆتر بم :،بۆ ئه‌وه‌يه ببم به خاوه‌نی به‌شێکی سه‌ير جادوويی لۆرکاو بۆ ئه‌وه‌يه...
رامان سۆفی سوڵتانی




قه‌سيده‌ی کۆتره لێڵه‌کان



به‌سه‌رلک و پۆپی داری ئه‌شکه‌وته‌وه‌

دووکۆتری لێڵم بينی

يه‌کيان هه‌تاو بوو

ئه‌وی تريان مانگ

!"دراوسێ خونچيله‌که‌نم"
من وام پێ کوتن

"ئاخۆ بڵێی گۆری من له‌ کۆی بێ؟"

...له‌ ئاته‌گی داوێی منا
.هه‌تاو کوتی:

..."له‌ ناو قورگی منا"

مانگ کوتی:

منيش که‌زه‌ويم نابووه‌ سه‌ر شانه‌کانم و هه‌نگاوم ده‌نا

دوهه‌ڵۆم بينی له‌ به‌فرو

...کچێکيش سه‌رتاپا ڕووت و قووت

که‌ ئه‌ميان ئه‌وی ترو

.کچه‌که‌ش هيج که‌س نه‌بوو

!"ئه‌ی هه‌ڵۆ بچکۆڵه‌کان

:"من وام پێ کوتن "

"ئاخۆ بڵێی گۆڕی من له‌کوێ بێ"!؟

"له‌ئاته‌گی داوێنی منا "

:هه‌تاو کوتی
"له‌ناوقوڕگی منا "

:مانگ کوتی

به‌سه‌ر لقی داری ئه‌شکه‌وته‌وه‌

دوو کۆتری ڕووت و قووتم بينی

ئه‌ميان ئه‌وی تر بوو

.هه‌ردوکيان هيچ کاميان نه‌بوون


ڕه‌نگه‌ ئێره‌ مه‌زاره‌کی لۆرکا بێ *****************


قه‌سیده‌ی ئاوی زه‌ریا


پێکه‌نی زه‌ريا له‌ دووره‌په‌ڕ
.ددانه‌کانی که‌ف و لێوه‌کانی ئاسمان

!-تۆ خه‌ريکی چ ده‌فرۆشی ئه‌ی کچۆڵه‌ی دڵشکاوی سنگ و مه‌مک ڕووت؟

-خه‌ريکم ئاوی زه‌رياکان ده‌فرۆشم گه‌وره‌م-؟

-ئه‌ی تۆ

کوڕه ڕه‌شتاڵه‌که؟!

چيت له‌خوێنتدا هه‌ڵگرتووه؟

-ئاوی زه‌رياکانم هه‌ڵگرتووه گه‌وره‌م.

-له کوێوه هه‌ڵده‌قوڵێ ،ئه‌م هه‌مووه فرمێسکه سوێره دايه گيان؟

-ئاوی زه‌رياکان هه‌ڵده‌وه‌رێنم گه‌وره‌م

ئه‌ی دڵی من و ئه‌و تاڵيه جه‌رگبڕه

له کوێوه دێ؟

-ئاوی زه‌رياکان سه‌ير تاڵه گه‌وره‌م.

پێکه‌نی زه‌ريا له‌ دووره‌په‌ڕ

ددانه‌کانی که‌ف و

لێوه‌کانی ئاسمان.


*****************




دره‌خت،دره‌خت

]
دره‌خت،دره‌خت

وشک وسه‌وز

خه‌ريکه‌ زه‌يتوون ئه‌ڕنێ

کيژی له‌بار.

بای سه‌وداسه‌ری مناره‌کانيش

خۆ له‌به‌ژنی ده‌ئاڵێنێ.

تێئه‌په‌ڕن چوار شۆڕه‌سوار

به‌سه‌ر ماينی ئه‌ندلۆسیه‌وه،‌

جلکی سه‌وز و شين له‌به‌ردا

فه‌ڕه‌نجی شۆڕی ڕه‌ش به‌ سه‌رشانه‌وه‌

-"وه‌ره‌ با بچينه‌ کۆردۆبا...کيژێ!"

ئه‌و کچه‌ ئاوڕی لێ نه‌دامه‌وه‌.

ڕاده‌برن سێ گابه‌زێن

که‌ڵه‌گه‌ت،

به‌ژن وه‌ک تووله‌نه‌مام

به‌جل و به‌رگی ليمۆيی و

شمشێری له‌ زێوی قه‌ديم .

-"وه‌ره‌ با بچينه‌ سويل کيژێ!"

ئه‌و کچه‌ ئاوڕی لێ نه‌دامه‌وه‌.

ده‌مه‌و زه‌رده‌په‌ڕ،

که‌ هه‌تاو تيشکی ئه‌رخه‌وانی ده‌پڕژێنێ

ڕاده‌برێ لاوێک

به‌جانتايه‌ک پڕ له‌ گوڵی سوورو سه‌راسۆيی مانگه‌وه‌

" وه‌ره‌ با بچينه‌ کۆردۆ با...کيژێ"

ئه‌وکچه‌ ئاوڕێکی لێ نه‌دامه‌وه‌

ئێستاکه‌ش خه‌ريکه‌ زه‌يتوون ده‌ڕنێ

کيژی له‌بار

ئاڵا و له‌باڵای

مه‌چه‌کی خۆڵه‌مێشی با-ش


دره‌خت،دره‌خت

وشک و سه‌وز

۱۳.۸.۸۴

چه‌تر


فه‌وزیه‌ له‌و شاعیره‌ دیارانه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام له‌ گۆڤار و رۆژنامه‌ کوردیه‌کاندا به‌رهه‌میمان چاو پێکه‌وتووه و
هه‌ستمان به‌ شوێنی تایبه‌تی ئه‌و کردووه‌‌
"له‌م دواییانه‌دا به‌رهه‌مێکی شێعری بڵاو کردۆته‌وه‌به‌ ناوی"ئێواره‌ ئاشقه‌کانی ته‌مه‌ن


تۆزێ سه‌رم سووک بێ هه‌ندێک له‌ کاره‌کانی لێره‌دا ده‌نووسمه‌وه




گوێت لێیه‌؟

سه‌یر که‌ چ دڵته‌‌نگیه‌ک ده‌بارێ

خه‌ریکه‌ نیگام ده‌خنکێنێ سێڵاو

تۆ له‌ بیرت نه‌بوو چه‌ترێکم بۆ بکڕی

منیش پێم وا بوو ئێش به‌ دڵم ناگه‌یه‌نێت

گه‌ر شه‌ڵاڵی ئاره‌قی خۆشیم بکات
ره‌یحانه


نه‌ ده‌ستم ده‌شکێ

نه‌دڵم

ماره‌ییم باران بوو

،
ئه‌مساڵ نه‌باری
پاریش نه‌باری

...گه‌ر ساڵێکی دیش

...ئاخ
لیوانی ناو سفره‌که‌مان شه‌ق ده‌باو

ده‌روونمان پڕ ده‌بێ له‌ شووشه‌

دڵم شووشه‌

ده‌ستم شووشه‌

چاوم شووشه‌

ورد ..

ورد..

ورد..

به‌ شه‌قامه‌کاندا

حه‌دیسی دڵشکاوی منداڵیم

بۆ جحێڵیم ده‌گێڕمه‌وه‌

ئه‌و پیر پیر

ده‌ڕوانێته‌ بووکۆڵه‌ی به‌ر جامخانه‌کان

گوێت لێیه‌ ؟
سه‌یر که‌ چ بێده‌نگیه‌ک ده‌بارێ

ئیتر من به‌ دووکه‌ڵی جگه‌ره‌که‌تدا

تۆش به‌ ته‌قه‌ی ئیستیکانه‌کان هه‌ستم ده‌که‌ی

ته‌مه‌نمان له‌ بێهووده‌یی ماره‌کردو

به‌ره‌و هه‌ڵدێر هه‌ڵده‌کشێ زه‌مان

...چه‌ند زوو له‌ بیرمان چوو



گوێت لێیه‌ ؟

سه‌یر کا چ تریقه‌یه‌ک ده‌بارێ

تریقه‌یه‌ی ئه‌و منداڵه‌ نه‌گووراوانه‌ی

ئێمه‌ نه‌بووین به‌ دایک و بابیان

بۆ له‌ بیرت نه‌بوو چه‌ترێکم بۆبکڕی؟

ده‌تزانی ئاسمانی ژووره‌که‌مان

تاوێک بارانه‌و

./تاوێک نه‌ هه‌ور و نه‌ ساو
فه‌وزیه‌ سوڵتانبه‌گی

(که‌چی...

باسی چیم ده‌کرد

خه‌ریک بووی رازی کچه‌ لێڵه‌کانی ناو مه‌عبه‌ده‌ دووره‌کانت بۆ ده‌درکاندم

***
ئه‌م سه‌ره‌ بابان وێرانه‌ی من
چه‌نده‌ رازی سه‌ر به‌ مۆری تێدایه
بیاندرکێنم

:ئه‌گه‌ر وشه‌م له‌ ته‌لیسمی ئه‌م قامووسه‌ تێپه‌ڕێ

ره‌نگی سوورم :(کچێنی ساردی به‌ڵاڵووک و
هه‌ندێ شتی تریش

ئاوم:(دیوه‌خانی وه‌هم و کوڕی سه‌هۆڵ و
هه‌ندێ شتی تریش

مه‌رگم:(شتێکه‌ ناهێڵێ چاوه‌ڕوانی کچه‌ سپیه‌کانی دوای من بگا به‌ بلووغ و

هه‌ندێ شتی تریش


دره‌نگان ده‌مهه‌وێ به‌ ناو خوێنی وشه‌ دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ و

کۆتاییم نه‌یه‌

که‌چی له‌شکرێک به‌ ناوم دا تێده‌په‌ڕێ و
.خاپوور‌م ده‌کا
رامان سۆفی سوڵتانی

۱۱.۸.۸۴

کۆڕی خوێندنه‌وه‌ی کتێبی نوێ-کۆڕی یه‌که‌م





بازاری کتێب نه‌ک هاناو پشتيوانێک نيه بۆ نووسه‌ری کوردي،بگره زياتر له هه‌موو شتێک و هه‌مووو کاتێک کۆسپی خستۆته به‌ر ده‌م به‌رهه‌مه‌کانيان.به‌ڵام ديسان ،ئه‌شق به نووسين و ده‌ربڕينی ئازار وپێکه‌نينه‌کانيان وبێ هه‌ڵوێست نه‌بوون له ئاست چاره‌نووسی گه‌له‌که‌يانوای کردووه به‌و په‌ڕی لێبوردنه‌وه.ده‌نگيان تێکه‌ڵ به ويره‌ويره‌کاني شه‌قام و ترپه‌ی دڵی خه‌ڵک بکه‌ن.سه‌ير نييه ئه‌گه‌ر رۆژبه‌ رۆژشاهيدی هاتنه ده‌ری به‌رهه‌مێکی تازه ئه‌بين،که زۆرترينيان مژده‌ی ڕاچڵه‌کينێکی به‌تاويان له‌ ناخياندا هه‌ڵگرتووه .

له‌م رۆژانه‌ی دواييدا ديسان چه‌ند کتێبێکی تازه له‌ سه‌ر جامخانه‌ی کتێب فرۆشيه‌کانه‌وه سه‌رنجی خوێنه‌ری کوردی راکێشا.هه‌موويان شايانی ئاوڕدانه‌وه‌يه‌کی جيددين.ناهه‌قيه‌ ئه‌گه‌ر بێده‌نگ به‌ ته‌نيشتيان دا تێپه‌ڕين و هه‌وڵ بۆ تاو وتوێ کردن و ناساندنيان نه‌ده‌ين.

1-ئێواره ئاشقه‌کانی ته‌مه‌ن(شێعر) ...................فه‌وزيه سوڵتان به‌گی

2تابووت(شێعر)........................... ............محه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی-ساماڵ-

3-سه‌فه‌ری سوێ(شێعر).............................قادرفه‌‌ر امه‌رزی

4-مه‌رگه‌خه‌ون(شێعر)....... ...........................ئه‌مين گه‌رديگلانی

5-ده‌نگی نوخته(نۆڤێلێت)............................سه‌يد قادر هيدايه‌تی

ئه‌مانه‌و پۆلێک به‌رهه‌می رازاوه‌ی تر-تا ئه‌و جێگايه‌ی مه‌ودا هه‌بێ ده‌يان نوێنين-بناخه‌يه‌کی نوێن بۆدوا رۆژی ئه‌ده‌بی گه‌له‌که‌مان .

شيکاروه‌ک سه‌ره‌تايه‌ک و ئه‌رکێکی سه‌ره‌کی هه‌ر جارێ کتێبێک له‌م کتێبانه له کۆڕه‌کانی خۆيدا ده‌خاته به‌ر ديده‌ی ئێوه خۆشه‌ويستان.هه‌ر جۆره تێبينيه‌ک،ر‌ه‌خنه‌يه‌ک ياخۆ خوێندنه‌وه‌يه‌کی ئێوه‌ ئه‌توانێ ببێته هه‌وێنی ورووژاندنی باس و پرسيارێکی نوێتر.له کۆری يه‌که‌می خوێندنه‌وه‌ی کتێبی شێعری شيکاردا "سه‌فه‌ری سوێ" نووسينی قادر فه‌رامه‌رزی پێکه‌وه هه‌ڵده‌ده‌ينه‌وه و چه‌ند شێعرێکی لێ ده‌خوێنينه‌وه.

سه‌فه‌ری سوێ
قادر فه‌رامه‌رزی

نابارێ نا


نابارێ نا

به‌ ديار هه‌ڵوه‌شانی په‌ڵه‌يه‌که‌وه.

نا

نه ده‌بارێ و

نه مه‌رگيش...



ده‌سته‌کانی به‌ره‌و دۆعا

چ به‌يده‌ست

ته‌مای ته‌ڕ بوون!

چه‌نده چه‌تر!

چ ڕێژنه‌يه‌ک

له‌ سه‌رابی بارشتێکدا!!

***********

بۆ زه‌مه‌نترين پێکه‌وه بوون



بۆ زه‌مه‌نترين پێکه‌وه‌ بوون

مۆمێک

بۆ شه‌پۆلترين پێکه‌وه گلانيش...

+قژه‌کانت‌،

+کاروانی ماندووی په‌نجه‌م.

شێوه‌ی جاڕی ژێر به‌فر ده‌کا



به‌هار

له ژێر پێستی کاره‌ساته‌وه

خودايه ..خودا.

***********



له ده‌ست چوون



له ده‌ست چوون

ئه‌وانه‌ی

که‌ ده‌سته‌کانت،

له گوڵدانی له‌شته‌وه

هه‌ڵبڕی.



ون بوون

ئه‌گه‌ر چآوه‌کانت

ئه‌پشکنين

هاورێيانی ئاواره‌يی.

*************

هه‌ندێک پيری



هه‌ندێک پيری

به ڕوومه‌ته‌وه ..زوو باريوه،

زستان

گه‌مژه‌يه..گه‌مژ ه

باوه‌ڕت بێ!



بڕێک لاوی هه‌ر،

يادی ماوه

به ڕوخساری سه‌ر سنوورمه‌وه

بڕوا بکه!



ورده ورده

له‌م نزيکانه

زۆر دووووووور

ده‌بمه‌وه

ده‌مبيستی ؟!!!!

**********

حه‌سره‌ت



حه‌سره‌ت

بۆ کاسترين

کاته زرينگاوه‌کانی شه‌و

که‌ داييم

له خامۆشی و

بێ ئاگايی ئێمه‌دا

ڕاده‌بوورن.

*************

بیر که‌س له باران



بير که‌س له باران

ناکاته‌وه.

بای سه‌ر چڵ دێت و

تێده‌په‌ڕێ.

ڕێژنه بير

له چه‌ترو

پرد و

به‌رده باز

ناکاته‌وه.

**************

سه‌ودای شاخ و



سه‌ودای شاخ و

بۆنی گوڵی تازه ڕواوي،

ده‌مه‌و پاييزم

له دڵدايه...و

سه‌ر ناگرێ،

نا..هه‌ر

زستانه

له‌ به‌ر ده‌رگا.

**************

دڵی نه‌هات



دڵی نه‌هات

دره‌خته سه‌وزه‌کان

بداته ده‌ست

سيمای سڕی زستان.

عاشقه..... پاييز

عاشق.

**********

پڕ بووی له ئاسمان



پڕ بووی له ئاسمان

هه‌ناوی نيوه شه‌وت

پڕله جريوه‌ی

خه‌مه‌ورديله‌کانی

بێ ده‌نگی و

کپي،ڕۆژه يه‌ک ڕه‌نگه‌کانی

به‌فرو

ته‌‌نیا

جێگا پێيه‌ک

سه‌فه‌ر.

**************

گوڵ نا



گوڵ نا

دڕکيش

-هه‌ندێک نيانتر



ئاسمان نا

زه‌ويش

-هه‌ندێک خواڕتر



هه‌موو شتێ

تۆزێ ..هه‌ندێ

بڕێ..به ئاسته‌م

ئاسته‌م(تر)

*****************
داده‌نیشم


داده‌نيشم

به ديار بێ سه‌ر و شوێن چوونی

ڕووبارێکه‌وه.

به شوێن منی

به ديار رووباره‌وه

مه‌چۆ

بێ سه‌رو شوێن

چ تاڵ تاريک دادێ

بێ تۆ

ئێواره‌يه‌ک.

************

زوڵاڵترين



زوڵاڵترين

به‌يانيه

-با-

له‌ کۆڵانه‌کانی

حه‌نجه‌ره‌ت دا.

***************

رێبواری فه‌رامۆشی و



رێبواری فه‌رامۆشی و ته‌نيايی

جانتای بۆن و به‌رامه‌ی سه‌فه‌رت

دوور...دوور خه‌وه

له ره‌نگاژۆ و

بۆ ژۆی ڕابردوو.



ديسان سه‌فه‌ره ،

جانتاکه‌ت پڕاپڕی ويستی سه‌فه‌ر که

هاوڕێ

ئۆغر

۷.۸.۸۴

شه‌یتانی سپی


نه‌خشه‌يه‌کی چ تێکه‌ڵه
شه‌ودره‌نگانی شه‌يتانی سپی
چ گوناحه...
تاکسييه‌کی قه‌ده‌غه ئه‌مڕێژێته په‌ڕينه‌وه‌يه‌ک
( که نامهێڵن.....
شه‌يتانی سپی
حه‌زی له په‌ڕينه‌وه‌يه
(ڕه‌نگه تا من

فڕين که‌ ساده‌يه‌کی ئاڵۆزه
که دابه‌زينێکی هه‌ميشه خوێناوييه
(چ خۆشه خۆش..

پشيله‌کی حه‌په‌ساو
هه‌ڵتووته‌کاوه به‌رامبه‌ر ته‌نياييه‌کی قاوه‌يی
(... چ نه‌خشه‌يه‌کی تێکه‌ڵه شه‌و دره‌نگانی شـ..

تاريک و تنووک
هه‌ڵتوته‌کاوه
منێکی ‌وا
به‌رامبه‌ر شه‌يتانێکی بزۆزی ساده.

رامان سۆفی سوڵتا نی

۱.۸.۸۴

به‌رایی


http://www.kurdplanet.net/raman/نازانم تا ئێستا چاوت به‌ بلاگه‌که‌م له
دا به‌ ناوی شیکار ئه‌منووسی،به‌ڵام نازانم بۆ ماوه‌یه‌که‌ نه‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ و نه‌ بلاگه‌که‌ی من ناکرێته‌وه‌.هیوادارم کهوردپلانێت هه‌چ گرفتێکی هه‌بێ چاره‌ سه‌ری بکات و دیسان چالاکی و خزمه‌ته‌ دڵسۆزانه‌که‌ی خۆی به‌رده‌وام بکاته‌وه‌ و منیش ره‌نج به‌ خه‌سار نه‌کات وێبلاگه‌که‌م به‌با دا نه‌د ا جهونکه‌ ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دا ده‌رفه‌تی ئیشکردنم زۆر که‌م بوو هه‌وڵی زۆرم ده‌گه‌ڵدا.شیکار ده‌یهه‌ویست ئاوڕێکی نوێی هه‌بێ له‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ و تێڕوانینی نووسراوه‌ی نوێ ،به‌ تایبه‌ت شێعر.بۆیه‌ جارێکی تر هه‌ به‌ ناوی شیکاره‌وه‌لێره‌ دا درێژه‌ به‌ نووسینه‌کانی شیکار ده‌ده‌مه‌وه‌.هه‌ندێک ده‌گه‌ڵ بلاگێر گرفتم هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت چوارچێوه‌کانیم به‌ دڵ نیه‌ وهه‌ندێک ئیشی ده‌ستپێداهێنان به‌ په‌یکه‌ره‌ی چوارچێوه‌ دا چوونکه‌ چوار چێوه‌کان ئێچ تی ئێم ئێڵ نین ئه‌مه‌ ش پێویستی به‌ کاتێکی زیاتر هه‌یه‌ تا سه‌ره‌ده‌ری لێ ده‌ربکه‌م و بتوانم به‌ دڵی خۆم ده‌ری بێنم. .

گه‌ڕان له‌م ماڵۆچکه‌دا