۲۵.۱.۹۰

شێعرێکی فه‌وزیه‌ سوڵتانبه‌گی



*فه‌وزیه‌ سوڵتانبه‌گی


تا دێ سه‌فه‌ر درێژتر،

    چاوه‌روانی که‌ڵه‌گه‌ت ،

              پرچه‌کان کورت تر و

                      په‌نجه‌کان ته‌زیوتر ده‌بن.
ناچارین چاوه‌ڕوانیی که‌سێک هه‌ر بکه‌ین
کرێوه‌ بێ ئه‌گه‌ر
ئه‌نفال بێ

    شیمیا باران....

مه‌سیحێک ئه‌م ده‌رگا فه‌رامۆشکراوه‌ هه‌ر ده‌دۆزێته‌وه‌و

سایتی پیاوه‌ ئاسمانیه‌کانی له‌ سه‌ر

                                داده‌به‌زێنێ..

چاوه‌ڕوان بن!

قه‌یره‌ کچانی ده‌سته‌خوشکم!

ده‌مه‌وئێواران که‌ خه‌م

به‌ژنی که‌سیره‌تان داده‌پۆشێ

له‌ باڵگۆنێکی داخراوه‌وه‌

گوێ بۆعه‌تری سه‌ره‌رۆی کۆڵان هه‌ڵخه‌ن

نه‌ باکی هه‌ڕاجی ده‌سفرۆشه‌کانی کۆڵانتان هه‌بێ و

           نه‌ ژنه‌ سۆزانیه‌کانی حه‌ره‌م.

مه‌سیحیش له‌ بیری چێت ئه‌گه‌ر

بایه‌ک،
ئه‌م ده‌رگا فه‌رامۆش کراوه‌ هه‌ر ده‌کاته‌وه‌.

۲۷.۱۲.۸۹

باره‌ سێو باری کرد له‌ شاره‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌

 ئه‌م شێعره‌م ئه‌گه‌رچی هه‌ناسه‌ی له‌ سیه‌ ژه‌هراویه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ به‌ڵام هه‌میشه‌ هاوڕێی کۆچ کردووم "مارفی ئاغایی"م بیر دێنێته‌وه‌.له‌ بیرمه‌ که‌ یه‌که‌م جار بۆم خوێنده‌وه‌ یانی 18 ساڵ به‌ر له‌ئێستا ،زۆر به‌ مه‌راقه‌وه‌ لێی وه‌رگرتم و هه‌ر له‌وێ جۆرێک لێکی داوه‌ زۆر خاڵی هه‌ر به‌ زه‌ینیشم نه‌گه‌یبوو.هه‌ر ئه‌و ده‌م ده‌م و ده‌ست له‌ سروه‌ دا داینا.به‌یادی مارف و بیر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و بۆنه‌ سێوه‌ی به‌ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا پژا، جارێکی تر ئه‌م  شێعره‌ بۆ ته‌نیایی خۆم ده‌خوێنمه‌وه‌،

با‌ره‌ سێو باری کرد له‌ شاره‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه



تۆ گوێ هه‌ڵخه‌!
رووبارێکم پرسیار و سۆز خستۆته‌ رێ
به‌ هه‌وراز و نشێواندا خه‌ریکه‌ دێ



هه‌ست راگره‌!
په‌نجه‌و قوڕگی په‌ره‌سێلکه‌ی گه‌رمیانم
پڕکردووه‌ له‌ باس و خواس
قه‌تاره‌یان زۆر نیزیکه‌ بگاته‌ جێ
*
هه‌واڵ ده‌ڵێ
گۆیا باڵت بۆ کۆچێکی بێ واده‌ی سوور شانه‌ ده‌که‌ی
هه‌واڵ ده‌ڵێ
تۆ خه‌ریکی به‌ سه‌ر پردی حه‌زی -من - دا
کچێنیت ره‌وانه‌ بکه‌ی
 *

نه‌تده‌زانی
پڕ ئامێزی ئه‌م سووتانه‌
هیوای دوا رۆژم له‌ به‌ر پێت داچاندووه‌؟!
بۆ نازانی باس و خواسی عه‌شقێنیتم
به‌ گوێی هه‌موو باڵدارێکا چرپانددوه‌؟!




نه‌که‌ی بڕۆی!
بێ په‌رژینی گه‌رمی باسکت
لێمشت و به‌سته‌ڵه‌ک ئه‌م شاره‌ داده‌گرێ
پێم خۆش نیه‌ تاوانی قڕبوونی شارێک ئه‌وکت بگرێ.

به‌ بێ تینی بزه‌و نیگات
په‌ره‌سێلکه‌ی گه‌رمیانیش دێن و ئاواره‌ ده‌مێننه‌وه‌،
ئه‌وسا ،له‌ ناو ئه‌م وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌دا ره‌ق ده‌بنه‌وه‌
 نه‌که‌ی بڕۆی!
له‌ ڕۆژانی مناڵیه‌وه‌
من له‌ ئاهی په‌ڕه‌سێلکه‌ سام گرتوومی.

خاکه‌لێوه‌ی 1372

۲۳.۱۲.۸۹

ناوی براوه‌کانی فێستیڤاڵی شێعری کوردی پیرانشار ڕاگه‌یه‌نرا


له‌ ڕێوڕه‌سمی کۆتایی دووهه‌مین فێستیڤاڵی شێعری کوردیدا ڕاگه‌یه‌نراوی ده‌سته‌ی داوه‌رانی هه‌ر دوو به‌شه‌که‌ی فێستیڤاڵ خوێندرایه‌وه‌ و ناوی براوه‌کان ئاشکرا کرا.
ته‌ندیس و خه‌ڵاتی فێستیواڵ له‌ به‌شی ئازاددا درا به‌ شاعیران: سمایل عه‌زه‌می له‌ دیوانده‌ره‌وه‌، کاوان نه‌هایی له‌ بانه‌وه‌، فه‌وزیه‌ سوڵتان‌به‌گی له‌ بۆکانه‌وه‌، شێردڵ ئێڵ‌پوور له‌ کرماشانه‌وه‌، ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌ سلێمانییه‌وه‌ ، نامیق هه‌ورامی له‌ هه‌ولێره‌وه‌.
هه‌ر له‌و به‌شه‌دا شێعری دوو که‌س به‌ شیاوی ڕێزگرتن ناسێنران که‌ بریتی بوون له‌ شاعیران: عه‌لی حسه‌ینی له‌ سه‌قزه‌وه‌ و عه‌زیز ناسری له‌ مه‌ریوانه‌وه‌
هه‌روه‌ها داوه‌رانی به‌شی تایبه‌ت به‌ یادی شه‌هیدانی ڕه‌شه‌ممه‌ی پیرانشار ناوی براوه‌کانی ئه‌م به‌شه‌یان به‌و شیوه‌یان ڕاگه‌یاند.
عوبێد سورخابی له‌ پیرانشاره‌وه‌، خدر محه‌مه‌دی له‌ پیرانشاره‌وه‌، سۆهه‌یلا مه‌حموودی له‌ کامیارانه‌وه‌، ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب له‌ بۆکانه‌وه‌، عومه‌ر ئیمام له‌ پیرانشاره‌وه‌.
دوو که‌سیش له‌و به‌شه‌دا به‌ شیاوی ڕێزگرتن زانران که‌ بریتی بوون له‌ شاعیران: ئاره‌ش فه‌زڵی له‌ هه‌رسینه‌وه‌ و یوسف شوجاعی له‌ ورمێ‌وه‌
خه‌ڵاتی به‌رده‌نگانی فێستیواڵه‌که‌ش به‌ هاوبه‌شی درایه‌ شاعیران: محه‌مه‌د ڕه‌سووڵی له‌ پیرانشاره‌وه‌، عه‌لی سۆهرابی له‌ شنۆوه‌.
هه‌روه‌ها به‌ هۆی ته‌مه‌نێک چالاکیی ئه‌ده‌بی و خزمه‌تی زمانی کوردی ڕێزی تایبه‌ت له شاعیری ناسراوی کورد سه‌عید نه‌جاڕی (ئاسۆ) گیرا.

بۆ ئاگاداری زیاتر  سه‌ری وێبلاگی تایبه‌تی ئه‌نجومه‌ن بده‌

۱۹.۱۲.۸۹

بۆ میوانانی وێبلاگی شیکار




به‌ ئاگاداری هه‌موو خوێنه‌رانی وێبلاگی شیکار    (www.raman2.blogspot.com)راده‌گه‌یه‌نم ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ ی له‌ کاتی کردنه‌وه‌ی وێبلاگه‌که‌دا ده‌کرێته‌وه‌ هیچ پێوه‌ندیه‌کی به‌ وێبلاگی شیکاره‌وه‌‌ نیه‌ .وه‌ک نووسه‌رێک هیچ حه‌ز ناکه‌م ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ که‌ به‌ بێ ئیزن و ئیراده‌ی من هه‌ناسه‌ی له‌ بالداره‌کانی  قسه‌م بڕیوه‌، له‌م ماڵۆچکه‌یه‌ی مندا بکرێته‌وه‌.
 من ئاوا بیر ده‌که‌مه‌وه‌ :
ئه‌گه‌ر له‌ جیاتی سه‌ر بڕینی وشه‌ و سووتاندنی ته‌ڕ و وشک به‌یه‌که‌وه‌، توانا و ده‌رفه‌ته‌کانیان ته‌رخان بکردایه‌ بۆ نواندنی لایه‌نه‌ جوانه‌کانی بیری خۆیان ،هه‌وڵه‌کانیان گه‌لێ کاریگه‌رتر ده‌بوو.

دووهه‌مین فێستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی کوردی-پیرانشار به‌ڕێوه‌ ده‌چێ



دووهه‌مین فێستیواڵی شێعری هاوچه‌رخی کوردی-پیرانشار له‌ ڕۆژانی پێنج شه‌ممۆ و هه‌ینی، ڕێکه‌وتی ۱۹ و ۲۰ی ڕه‌شه‌مه‌ دا له‌ دووبه‌شی تایبه‌ت ( یادی شه‌هیدانی سویلی ۱۷ی ڕه‌شه‌مه‌ی ۱۳۶۳ی پیرانشار) و به‌شی ئازاد دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ.



بۆ زانیاری زیاتر سه‌ردانی وێبلاگی تایبه‌تی ئه‌نجومه‌ن بکه‌

گه‌ڕان له‌م ماڵۆچکه‌دا